کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆپراسیۆنی هەڵۆکانی زاگرۆس لە شارەدێی \"نێ\" ڕێژیمی تاساند

16:09 - 9 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هەڵۆکانی زاگرۆس لە ئۆپراسیۆنێكی بەرنامەداڕێژراودا پەلاماری ‌‌هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان دایەوە.

وێبلاگی هەڵۆکانی زاگرۆس لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە، هەڵۆکانی زاگرۆس لە شارەدێی نێ عەمەلیاتێکی قارەمانانەیان ئەنجام داوە و عەمەلیاتی هەڵۆکانی زاگرۆس لە دەڤەرە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵات بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته، هەڵۆکانی زاگرۆس لە بەرەبەری ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، گورزێکی بە گوڕیان لە هێزەکانی ڕێژیم وەشاند، هەڵۆکانی زاگرۆس، کاتژمێر ١٠ی شەوی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ی کوردی، لە دەڤەری نیشتمانپەروەری شارەدێی نێ، گورزێکی گورچووبڕیان لە هێزەکانی ڕێژیم وەشاند.

لەو عەمەلیاتەدا هەڵۆکانی زاگرۆس لەو دەڤەرە ماشینێکی وەزارەتی ئیتلاعاتیی ڕێژیمی ئێرانیان داوەتە بەر دەستڕێژ و دوای ئەنجام دانی ئەو هێرشە قارەمانانە و سەرکەوتووانە، شوێنی عەمەلیاتەکەیان بە بێ هیچ تێچوویەکی گیانی و ماددی بەجێهشتووە و بۆ ئەنجام دانی عەمەلیاتێکی‌تر لە داهاتووی نزیکدا خۆیان ئامادە دەکەنەوە.

تا ئێستا زانیاریی ورد لەمەڕ تێچووە گیانییەکانی ڕێژیم و کوژراو و بریندارەکانی لەبەردەستدا نییە بەڵام بەپێی بەراوردە سەرەتاییەکان، لانیکەم ٢ کەس لە چەکدارانی ڕێژیم لەو هێرشەدا بریندار بوون.

هەڵۆکانی زاگرۆس ڕایانگەیاندووە، ئێمە ئەو عەمەلیاتەمان بە تۆڵەی هێرشی بێ بەزەیی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی شارەدێی نێ لە ڕۆژەکانی سەرەتای نەوڕۆزی ئەمساڵ و بەرزڕاگرتنی یادی شەهید پێشەوا و هاوڕێیانی ئەنجام داوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێی کوردییەوە تا ئێستاش، گوشار و هێرش و هەڕەشەکانی ڕێژیم لەسەر شارەدێی نێ بەردەوامە و ڕێژیم گازی فرمێسکڕێژ و باتۆمی بە دژی خەڵکی بێ دەرەتان بەڵام خۆڕاگر و کۆڵنەدەری شارەدێی نێ بەکار هێنا.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە: هەروەها ڕاشیدەگەیەنین کە، لە ئەگەری درێژەدار و بەردەوام بوونی دۆخی ئەمنی لەسەر شارەدێی نێ، عەمەلیاتەکانی ئێمە چڕتر و توندتر دەبنەوە.