کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیزننامەی جێگیرکردنی سێرڤێرەکانی تۆڕی بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی تێلێگرام لە ئێران هەڵوەشێندرایەوە

16:46 - 7 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هەڵوەشاندنەوەی ئیزننامەی جێگیرکردنی سێرڤێرەکانی تۆڕی بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی تێلێگرام لە ئێران دەتوانێ ببێتە هۆی خاوبوونەوە و دابەزینی خێرایی تێلێگرام لە ئێراندا.

لە حاڵێکدا کە هێشتا بەشێک لە لێپرسراوانی ڕێژیم حاشا لە پرسی فیلتێرکردنی تێلێگرام لە ئێران دەکەن، بەبڕیاری سەرۆکی ناوەندیی نیشتمانیی فەزای مەجازی ئیزننامەی جێگیرکردنی سێرڤێرەکانی تۆڕی بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی تێلێگرام لە ئێران هەڵوەشایەوە.

بەوتەی هەندێک لە بەکاربەرانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە سەرلەبەیانی رۆژی ٥شەممەوە پەیامی تێلیگرامییان ئاپدەیت نەکراوە یان ناتوانن فایلی دەنگ و تەسویر وەربگرن کە دواتر ئاشکرا بووە ئەم کێشە بەهۆی بڕیارە نوێیەکەی ئەبولحەسەن فیروزئابادییەوە بووە.

دوابەدوای سازبوونی ئەم کێشە، ئاخوند مەکارم شیرازی ڕایگەیاند: فەزای مەجازی واتە هاتنەژوورەوەی بەئەسپایی بێگانە و درووست کردنی هێلانە لە نێو ماڵەکانماندا، بەچەشنێک کە بوونی لە ماڵەکانماندا بە پێویست بزانین.

ناوبراو وێڕای هێرش کردنە سەر پاوڵ دورۆف و سووکایەتی کردن بە یەهوود وتوویەتی: دوژمنان لە ڕێگەی فەزای مەجازییەوە هەم باوەڕەکانمان، هەم ئەخلاقمان و هەم ڕێژیمەکەمانیان کردووەتە ئامانج و یەکەم هەنگاویشیان داڕماندنی ئابوورییەکەمانە بۆیە پێویست دەکات لە وڵات دەریان بکەین!

کارناسانی بیاڤی دنیای مەجازی پێیان وایە ئەم چەشنە هەڵوێست گرتنانە بەتایبەت لە بەرامبەر تۆڕی تێلێگرام، جیا لە درووست کردنی کەشی ڕەوانی بۆ ناڕەزایەتی زیاتر، خەساری زۆر و قەرەبوونەکراویش لە ڕێکخراوە دەوڵەتی و نیوەدەوڵەتییەکانیش دەدات.