کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەمەن؛ شەڕ بە دژی حووسییەکان بەردەوامە

15:21 - 12 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری یەمەن، داوای لە خەڵکی یەمەن کرد، یارمەتی حووسییەکان نەدەن و وتوویە: هەر لایەنێک دژ بە حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران شەڕ بکات، پشتگیریی لێ دەکەین.

لە ئاکامی شەڕ و پێکدانانەکانی نێوان سپای یەمەن و حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە سەنعا پێتەختی ئەو وڵاتە، کۆمەڵێک میلیشیای حووسی بە دەستی هێزەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بە دیل گیراون.

عەبدڕەبه مەنسوور هادی، سەرکۆماری یەمەن، ڕۆژی شەممە ١١ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە یەکەمین کاردانەوەی پاش شۆڕشی خەڵکی یەمەن دژ بە حووسییەکان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتووە: هەموو ئەو کەسانەی کە لە ٣ ساڵی رابردوودا و لە کاتی شەڕ بە هەر شێوەیەک لەگەڵ حووسییەکان پێوەندییان هەبووە، ئەگەر ئێستە لە پێوەندی لەگەڵ کۆتایی هێنان بە کودەتا و گەڕاندنەوەی دەوڵەتی فەرمی یەمەن بۆ حکوومەت، لەگەڵ شۆڕشی خەڵکی یەمەن بن، هەموویان دۆستی ئەمڕۆ و داهاتووی یەمەن دەبن، هەروەها وتوویە: حووسییەکان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن تا کۆپی دەسەڵاتی وەلایەتی فەقیـهـ ئێران لە یەمەن دروست بکەن و داهاتووی خەڵکی یەمەن بە دەستی ئاخوندە شەڕفرۆشەکانی قوم و تاران بسپێرن.

محەممەد ئالجوبەیر، باڵوێزی پاشای عەرەبستان لە یەمەن، شۆڕشی سەنعای بە هاوکاری کردنی خەڵکی یەمەن زانی و هیوای خواستووە، کە ئەو شۆڕشە بتوانێت یەمەن و وڵاتانی ناوچە لە دەستی حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و هێرشەکانی حیزبۆڵڵای لوبنان ڕزگار بکات.