کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: خەڵکی لوبنان داهاتووی خۆیان قوربانیی دیکتاتۆری دانیشتووی تاران نەکەن

15:44 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئەرتەشی ئیسرائیل هۆشداریان داوە کە بەهێزبوونی ڕێژیمی ئێران لە لوبنان دەبێتە هۆی هەڵایسانی شەڕ.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەرتەشی ئیسرائیل لە زاری سەرهەنگ ڕوون مێنلیس، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، ساڵی تاقیکاریی لوبنانە و بەهێزبوونی شوێن پێی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا، دەبێته هۆی هەڵایسانی شەڕ.

ئەو هۆشدارییەی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە زمانی عەرەبی بڵاو کراوەتەوە و لە هەندێک لە میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی لوبنان و ناوچەکەشدا بڵاو کراوەتەوە.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل گوتوویەتی، لە ئاکامی بەهێندوەرنەگرتنی دەسەڵاتی لوبنان و چاوپۆشی هەندێک وڵات لە ئاستی جیهاندا، لوبنان بووەتە کارخانەیەکی گەورەی مووشەکسازی.

هاوکات مێنلیس، باسی لەوەش کردووە ئیتر قسه لە ڕاگواستنی چەک، پارە و ڕاوێژکاری نییە و ڕێژیمی ئێران بە فەرمی لە لوبناندا لقی خۆی کردووەتەوە؛ ناوبراو لەو بارەیەوە ڕوو لە خەڵکی لوبنان باسی لەوە کردووە، خەڵکی لوبنان ساڵی ٢٠١٨ی زایینی و داهاتووی خۆیان نەکەنە گەمەی ژێردەستی ئێران و گەشەی ئابووریی و پێشکەوتنی سیاسیی وڵاتەکەیان بۆ جموجۆڵەکانی دیکتاتۆری دانیشتووی تاران و حیزبوڵا قوربانی نەکەن.

ئەو بەرپرسە نیزامییەی ئەرتەشی ئیسرائیل، نیسبەت بە سەردانی قیس الخزعلی یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل گووتی، کە هاتنی توریزمی تێرۆریستی، لوبنان دەخاتە مەترسییەکی جیددیەوە.

لەو پێوەندییەدا، ماوەیەک لەمەوبەر ماڵپەڕی ئینتێرنێتیی دێبکافایل سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەرتەشی ئیسرائیل بەرپرسانی ڕێژیمی سووریەیان ئاگادار کردبووە، کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران بنکەی نیزامی لەو وڵاتە دابمەزرێنێت، تێلاڤیڤ هێرشی نیزامی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە.

پێشتریش نێتانیاهوو، باسی لەوە کردبوو، بە قازانجی مسکۆ نییە کە دەسەڵاتی ئێران لە سووریە و ناوچەکە ڕیشە دابکوتێت؛ نێتانیاهوو باسی لەوەش کردبوو هەموو ڕێگەکان بۆ ناسەقامگیریی حزووری نیزامیی ڕێژیمی ئێران و دەست وپێوەندییەکان لە سووریه دەگرینە بەر.

هەروەها لیبێرمەن، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوە کردبوو، بینەری بەشداریی بێدەنگانەی ئێران لە سووریه نابین و ئیسرائیل تەنیا پشت بە هێزی نیزامیی خۆی دەبەستێت.