کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٨ەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە دانمارک بەرز راگیرا

14:15 - 8 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە وڵاتی دانمارک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەبۆنەی ٢ی رێبەندان ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان رێوڕەسمێک بە بەشداریی هێزە کوردستانییەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی دانمارک رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە شاری هۆرسنس بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ دانمارک لەلایەن \'\'فایەق ئەلیاسی\'\' ئەندامی کۆمیتە ناوچەی ئارهووسەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی ــ کەرتی رێکخستنی دانمارک لەلایەن \'\'وشیار جەلال\'\' بەرپرسی رێکخستنی یەکیەتی لەو وڵاتەدا خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەوەش پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکرات لەلایەن \'\'هەژار دەشتی\'\' بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران ــ دانمارک پێشکەش کرا.
دواتر دوو سروود لەژێر ناوی \'\'ئافەرین قازی محەممەد\'\' و \'\'هاتەوە ٢ی رێبەندان\'\' بەبۆنەی ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان خوێندران.
رێوڕەسمەکە بە گۆرانی و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێهات.