کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری چۆڵ کرانی هەندێ لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان لە ئارادایە

16:05 - 3 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بەبیانووی جۆراوجۆر حکوومەت دەیهەوێ هەندێ لە گوندە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان بە یەکجاری چۆڵ بکات.

لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی وەزارەتی مەسکەن و شارسازی دەریخستووە کە لە بوومەلەرزەکەی کرماشاندا ٣٠ هەزار و ٥٠٠ خانوو روخاون کە لەو رێژەیە ١٦ هەزار خانوویان بە تەواوەتی وێران بوون و بۆ نۆژەنکردنەوە نابن.

ئەو ناوەندە رایگەیاندووە کە گوسەلی بوومەلەرزەی ئەو ناوچەیە چالاک بووەتەوە و زۆرێک لە بیناکان لەوانە بیناکانی مێهر چوونکە بە شێوەی موهەندیسی و دژی بوومەلەرزە چاک نەکراون ئاستی خۆڕاگرییان لاوازە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە خانووەکانی مەسکەنی مێهر لە زەوییە باتڵاقییەکاندا درووست کراون و ئاستی خۆڕاگری خانووەکان لە بەرامبەر بوومەلەرزە زۆر کەم بووە.

لە یەکەم رۆژەکانی بوومەلەرزەکەدا بەرپرسانی رێژیم لەو پاریزگایە رایانگەیاندبوو کە هەندێ لە گوندەکانی سەرپێڵی زەهاو نۆژەن ناکرێنەوە و بە یەکجاری چۆڵ دەکرێن.

ناوەندی بوومەلەرزەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی کرماشان ئیزگلە بوو و خەسارەکان لە ناوەندی بوومەلەرزەکە کارەساتبارن، بەڵام بە وتەی لێقەوماوانی ئەو ناوچانە حکوومەت پاش تێپەڕ بوون نیزیک بە دوو حەوتوو بەسەر بوومەلەرزەکە هێشتا کەمترین ئاوڕی لێ نەداونەتەوە.

بوومەلەرزەکەی ٢١ی خەزەڵوەری کرماشان بە یەکێک لە مەرگهێنەرترین بوومەلەرزەکانی ئەمساڵی جیهان ناودێڕ کرا بەڵام دوایین ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم نەتەنیا وەک پێویست ئاوڕی لە خەڵکی خەساروێکەوتوو نەداوەتەوە بەڵکوو وەک گاڵتەجاڕێک سەیری ڕوداوەکەیان کردووە و بەرپرسانی حکوومەتی بۆ گەشت و سەفا و گرتنی وێنەی سێلفی سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە.