"٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری"، نوێترین بەرهەمی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو بۆوە.
عەلی بداغی، جێگری ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە لێدوانێکدا بۆ کوردستانمێدیا ڕایگەیاند کە "٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری" یادنامەیەکە بەبۆنەی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا چاپ و بڵاو بۆتەوە و ئەو یادنامەیە کۆمەڵێک توێژینەوە و وتاری لە خۆ گرتوە و هەوڵێکە بۆ ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژووی ئەم حیزبە لە چەند ڕەهەند و بواری جۆراوجۆرەوە.
جێگری ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گوتی حیزبی دێموکرات لە ژیانی سیاسیی پتر لە ٨ دەیە و پڕبایەخی خۆیدا زۆر قۆناغی دژواری ئەزموون کردوە، کەندوکۆسپی زۆری بڕیوە، لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی کورددا زۆر بەها و پڕەنسیپی گرینگی جێگیر کردوە، زۆر ڕۆڵەی خۆی پێشکێش بە بارەگای ئازادیی نەتەوەکەی کردوە و لە چەند قۆناغیشدا تووشی لێکترازان هاتوە؛ بەڵام لە هەموو هەلومەرجێکدا ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە؛ ئەم کتێبەش هەوڵێکە بۆ بەرزنرخاندنی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات و دەسکەوتەکانی و، هەروەها قامکدانان لەسەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کارنامەی هەشت دەیە خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبە.
"قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی" و "سێ چارەگە نەوەستان" دوو کتێبی دیکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتن کە پێشتر بەبۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب چاپ و بڵاو ببوونەوە.
"٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری" لە ٥٢٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو بۆتەوە و ناونیشانی ٢٦ وتار و توێژینەوە ئاکادیمیکی تێدا دەبیندرێ.
بۆ خوێندەوە یان داگرتنی فایلی pdfی ئەم کتێبە کلیک لەسەر ئەو لینکە بکەن
بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان) چاپ و بڵاو بۆوە. لەم نامیلکەیەدا چاومان بەو بەڵگەنامانە دەکەوێ:
- وتاری کردنەوەی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان
- پوختەی باسێک لەسەر ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان
- ڕاپۆرتی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆنگرە
- بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
- ڕاسپاردە و بڕیارنامەی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان
بۆ خوێندنەوە یان داگرتنی فایلی pdfی ئەو بەڵگەنامانە کلیک لەسەر داگرتن بکەن:
داگرتنی بەڵگەنامەکانیی کۆنگرەی ١٧