
خالید عەزیزی: دەبێ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بکەین بە پڕۆژەی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی ئێران
(وتاری کردنەوەی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان)
هاوڕێیانی هێژا، نوێنەرانی بەڕێزی کۆنگرە!
بەخێر بێن بۆ کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، کۆنگرەی ئەمجارەمان لە کاتێکدا دەگیرێ کە حیزبەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێی ناوەتە هەشتایەمین ساڵی دامەزرانی. بۆیە پێش هەموو شتێک سڵاو دەنێرم بۆ پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات و یەکەم ڕەئیسجمهووری کوردستان کە بە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان؛ بناغەی ناسیۆنالیزم و حوکمڕانیی سەردەمیانەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا. سڵاو لە شەهیدانی ڕێبەر، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و د. سادق شەرەفکەندی و سڵاو لە یاد و بیرەوەریی سەرجەم شەهیدانی حیزب کە لە ماوەی ٨ دەیە خەبات و خۆڕاگریی حیزبی دێموکراتدا گیانیان کردە بەردەبازی گەیشتن بە ئازادی.
سڵاو لە سەرجەم ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبەکەمان، بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کە ئیلهامدەری خۆڕاگری و هیوا بە سەرکەوتنی خەباتی گەلەکەمانن، سڵاو و پێزانین بۆ هەموو تێکۆشەران و کوڕان و کچانی نیشتمان کە سەرەڕای تێچووی زۆر و قورسی خەباتی مافخوازانە، بەڵام لە بوار و سەنگەرە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی خەباتی شوناسخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵسووڕ و چالاکن.
بەشدارانی بەڕێزی کۆنگرە!
بێگومان گرتنی کۆنگرە یەک لە ڕووداوە گرینگەکانی حیزبی ئێمەیە و دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەت و ستراتیژییەکانی حیزب و خەسارناسیی کارکردی حیزب لە ڕابردوودا و، هەروەها ساغبوونەوە و پەسندکردنی نەخشەڕێی نوێی مەیدانی بۆ داهاتووی کار و تێکۆشانی حیزبەکەمان. مخابن وەک دەزانن لە کۆنگرەی ئەمجارەماندا دەرفەتی ئەوە نەڕەخسا هەمووان پێکەوە و لە یەک شوێن کۆ ببینەوە. بەڵام هیوادارم سەرەڕای ئەوە کۆنگرەیەکی پڕ دەسکەوتمان هەبێ و ڕێبەریی داهاتووی حیزبەکەشمان بە شێلگیرییەوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە دەستنیشانکراوەکان لە کۆنگرەدا بەردەوام بێت.
بەڕێزان!
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئێستا نوێترین کۆنگرەی خۆی دەگرێ حیزبی دۆینێیە، بە ئێعتباری ئەوەی لە ٨ دەیە خەبات و تێکۆشانیدا زۆر دەسکەوت و شانازیی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد تۆمار کردوە کە ئێستا سەرمایەیەکی بەنرخی سیاسیین بۆ ئێمە. حیزبی ئەمڕۆیە، بە ئێعتباری ئەوەی لە بارودۆخی زۆر هەستیاری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەنێو گێژاوی قەیرانەکاندا بە ژیریی سیاسی و هەڵوێستی بەجێ و حەوڵ و هیممەتی کۆی ئەندامەکانی توانیویەتی لەسەر پێ بمێنێتەوە و لەسەر ڕێبازی خۆی بەردەوام بێت. حیزبی سبەینێ ، بە ئێعتباری ئەوەی لەژێر ڕووناکایی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنگرەیە لە ژیانی سیاسی و خەباتی مەیدانیی خۆی بەردەوام دەبێت. بۆیە کۆنگرەکەمان بەم سێ پێناسەیە ئەویش لەو سێ قۆناغە زەمەنییە جیاوازەدا ئەرکی گرینگ و ئامانجی دیاریکراومان بۆ دەستنیشان دەکا کە دەبێ بە یەکگرتوویی و بە حەوڵ و تێکۆشانی هەمەلایەنە بەرەو بەدیهێنانیان بچین.
یەکێک لە هۆکارەکانی دیاربوون و بەرجەستەبوونی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەرپێ بوونی بزووتنەوەکەش بۆ بەڕێکخراوبوونی خەباتی سیاسیی کورد لە ئێران و بوونی حیزبی بەئەزموون و خەباتکاری وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە. ئەمەش لەجێدا ئەرکێکی گرینگ دەخاتە سەر شانمان کە ئەم حیزبەمان بە بەهێزی بمێنێ و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ هەمووان لە خەمی پاراستنی یەکڕیزیی حیزبەکەماندا بین.
یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بەرهەمی ویست و داخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ئیرادەی بەهێزی هەموو ئێمە ئەندامانی حیزب بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بوو. بە باوەڕی من یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات ئەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتیی تێدا بوو کە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە وەک ئەرک خرایە سەر شانی ئێمە و ئێمەش بە ئەرکەوە بە ئاکاممان گەیاند و بۆ ئەوە کە لە داهاتووشدا دەور و کاریگەریی زیاترمان لەسەر ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی کوردستان و ئێران هەبێت، دەبێ ئەم یەکگرتووییە بپارێزین.
هاوڕێیان!
حیزبی ئێمە لە ماوەی هەشت دەیەی ڕابردوودا سەرەڕای بەدیهێنانی زۆر دەسکەوت و خوڵقاندنی زۆر شانازی لە ژیانیی سیاسیی خۆماندا، بەڵام لە ئیدارەی و بەڕێوەبەریی حیزبەکەماندا بێهەڵە و کەموکووڕیش نەبووین. دیارە لەجێدا حیزبێکی گەورە و لەمێژینەی وەک حیزبی دێموکرات کە هەزاران ئەندام و، سەدان کادر و پێشمەرگە و دەیان ئەندامی ڕێبەریی لە بواری جۆراوجۆری سیاسی و تەشکیلاتیدا کار دەکەن، ڕەنگبێ هەڵەش بکات و ڕەخنەشی بێتەوە سەر. بەڵام ئێمە دەبێ هەڵەکانمان ببینین و بە ڕوحێکی ڕەخنەگرانەوە خەسارناسییان بکەین و بۆ نەهێشتن و چارەسەرکردنیان پلانمان هەبێت.
ئێمە هەر بەو مێتۆدە سەیری دابڕانەکانی پێشوومان کرد و قبووڵمان کرد کە لەو دابڕانەدا هەموو لایەکمان بەرپرسایەتیمان دەکەوێتە سەر شان و هیچ لایەنێکمان بێهەڵە نەبووین و ئێستاش کە بەتەمای کارێکی گەورەین؛ دەبێ ئەم دیاردەیە نەهێڵین و بە یەکگرتنەوەمان ئەو سەرکەوتنەمان تۆمار کرد.
هاوڕێیان!
پێکهاتەی حیزبی ئێمە و باوەڕ بە دێموکراسی و مێکانیزمەکانی پێرەوی نێوخۆ و ئایینامەکانمان ڕێکاری زۆری لە بەردەم چارەسەری کێشە و گرفتەکان داناوە. بۆیە لەپێناو دووپاتنەبوونەوەی ئەو دۆخە لە داهاتوودا با ئەوە بکەین بە باوەڕ و بڕیار و ئەو قەناعەتە لای تاک بە تاکی خۆمان و هەمووان دروست بکەین کە لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر کێشەیەکدا کە سروشتییە لە ڕەوتی ژیان و تیکۆشانی حیزبیدا بێتە پێش، لە چوارچێوەی تەشکیلاتی و بەپێی ڕێوشوێنە نێوخۆییەکان و بە ڕوحی پاراستنی یەکیەتی و یەکڕیزییەوە دەتوانین چارەسەری بۆ ببینینەوە و نابێت لە دەرەوەی ئۆڕگان و لە دەرەوەی حیزبدا بەدوای چارەسەردا بگەڕێین.
ئەندامانی بەڕێزی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان!
کۆنگرەکەمان لە کاتێکدا دەگیرێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ٤٦ ساڵ ئەزموونی شکستخواردوو لە ئیدارەدانی وڵات ئێستا ئێدی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و بەڕێوەبەریدا زۆر لاواز بووە، لە سۆنگەی ئەو ناسەرکەوتوویی و کەڵەکەبوونی قەیرانەکانەوە لە نێوخۆی وڵاتدا بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک بۆتەوە و لە ئاستی ناوچە و هاوکێشە نیودەوڵەتییەکانیشدا سیاسەتەکانی داڕماون.
حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک هەتا ئێستا پشکی هەرە زۆری ڕێبەریکردنی جووڵانەوەی سیاسی-نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان پێ دەبرێ، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیمان لەو ئەرک و بەرپرسایەتییە بۆ بەهێزکردنی پتری جووڵانەوەکە؛ بەنیسبەتی داهاتووی ئێرانیش بێتەفاوت نابین. بەهێزکردنی بیرۆکەی دروستکردنی کۆڕ و کۆمەڵ و ئەنجومەن و دامەزراوەی جۆراوجۆری مەدنی و شوناسخوازانە نەخشەڕیگایەکی پێویستە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لە نێوخۆی وڵاتدا بە ئامادەییەوە بەرەوڕووی سێناریۆ ناڕوونەکانی پێش ڕووخان و دوای ڕووخانی ئەو ڕیژیمە بێتەوە. بۆیە ڕێبەریی داهاتووی حیزب دەبێ لەژێر ڕووناکیی باس و بڕیار و پەسەندکراوەکانی کۆنگرە و ئەزموونەکانی خەباتی چەندین ساڵەی قورسایی پتر بخاتە نێوخۆی وڵات.
هاوڕێیانی بەڕێز!
حیزبی ئێمە لە ماوەی ٨٠ ساڵ تەمەن و تێکۆشانیدا گەلێک هەوراز و نشێوی پێواوە، چەند جار کۆستی کەوتوە و قۆناغی زۆر سەخت و دژواری بڕیون، وەک ئێعدامی پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری حیزب، وەکوو تێرۆری دوو سکرتێری حیزب شەهیدان د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی و هەروەها تێرۆر و شەهیدکرانی دەیان ئەندامی ڕێبەری و چەند هەزار کادر و پێشمەرگە؛ تەنانەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە مووشەک و دڕۆن هێرش کراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانمان، بەڵام ئەم حیزبە کۆڵی نەداوە، بەچۆکدا نەهاتوە و توانیویەتی بمێنێتەوە و درێژە بە خەبات و تێکۆشانەکەی بدات و ئەو یەکگرتنەوەیە بەهێزتریشی کردووین.
هۆی ئەو مانەوەیە لە مەیدان و بەردەوامییەش بۆ پشتیوانیی هەمەلایەنەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە کە لە هەموو قۆناغەکانی خەبات و تێکۆشانی حیزبدا لەگەڵی بوون و بە پڕکردنەوەی بەتاڵاییەکان و مەیداندارییان کوانووی خەبات و خۆڕاگریی حیزبی دێموکراتیان گەرم ڕاگرتوە.
ئەندامانی بەڕێزی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان!
بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی ئێمە لە زۆر بواردا ڕێکار و نەخشەڕێی بۆ کار و تێکۆشان و ئەجێنداکانمان دیاری کردوە. هەم لە دیاریکردنی چارەسەری پرسی کورد لە ئێراندا، هەم لە بواری تێکۆشانی نێوخۆیی لە چوارچیوەی نەزم و دیسیپلینە دیاریکراوەکانی حیزبیدا. بۆیە لەپێناو بەرەوپێشچوونی خەبات و تێکۆشان و هاوکات ئامانجەکانی حیزبەکەماندا، و هەروەها جۆری مامەڵە و هەڵسوکەوتمان لەگەڵ یەکتری لە نێوخۆماندا و لەگەڵ هەر تاک و لایەنێکی دی؛ هەمووان پێویستە پێبەندی پێڕەوی نێوخۆ بین و ڕەچاوی ئەو میکانیزم و دیسیپلینە بکەین. بۆ ئەو مەبەستەش ڕێبەریی داهاتووی حیزب پێویستە چ لە بواری پەروەردە و بارهێنان و چ لە بواری چاوهدێری و کەڵکی باش وەرگرتن لە فهزای مهجازییەوە میکانیزم و چوارچێوهی گونجاو بۆ کەمکردنەوە لە خەسارەکان و بردنەسەرێی زەرفییەت و تواناکان لەو پێوەندییەدا دیاری بکات.
لە کۆتاییدا:
هەموو لایەکمان تا ڕادەیەکی زۆر ئەو قەناعەتەمان هەیە کە حیزبی دێموکرات نفووزێکی جەماوەریی زۆر و بەهێزی هەیە و یەکگرتنەوەکەش ئەو پێگەیەی بەهێزتریش کردوە. بەڵام حیزبی دێموکرات دەبێ زۆر لەوەش بەهێزتر بێت و بۆ ئەوەش پێویستیی بە خەڵکێکی زیاتر و پشتیوانیی زۆرتر هەیە. دەبێ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییش بکەین بە پڕۆژەی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی ئێران. بۆئەو مەبەستەش دەبێ جۆرێک سیاسەت بکەین و بە شێوەیەک بجووڵێینەوە کە پشتیوانمان زیاتر و نەیارەکانمان کەمتر ببنەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا بەتایبەت لەنێو لایەنە ئێرانییەکاندا پێویستیمان بە دۆست و هاوبەشی زیاتر هەیە.
هیوادارم کاری کۆنگرەکەمان بە پیی دەستوری کاری دیارکراو و بە سەرکەوتویی بچێتە پێش.