کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕەپانی سەرەکیی خەبات و ڕەسالەتە مێژووییەکەی حیزبی دێموکراتە

01:27 - 1 رەشەمه 2724

مستەفا هیجری: ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕەپانی سەرەکیی خەبات و ڕەسالەتە مێژووییەکەی حیزبی دێموکراتە

(پوختەی ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان)

هاوڕێیانی هێژا!

بەشدارانی بەڕێزی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان (کۆنگرەی ١٧ ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)!

 بە نوێنەرایەتی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پڕبەدڵ بەخێرهاتنتان پێ دەڵێم. جێی خۆیەتی پیرۆزبایی گرتنی ئەو کۆنگرەیە کە هەنگاوی کاریگەر و دواوێستگەی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانە، لە ئەندامانی حیزب لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان وەک پشتیوانانی هەمیشەیی و سەرەکی حیزبی دێموکرات، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بکەم. هەر لەو دەرفەتەشدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل، بەتایبەت شەهیدانی دوای یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب و شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا لە نێوخۆی کوردستان وەک تازەترین شەهیدانی کاروانی سەروەریی خەبات و نەتەوەکەمان.

 یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بەرهەمی زەروورەتێکی مێژوویی، ویستی بەردەوامی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، داوا و هاندانی دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و خەباتی سیاسی-نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە ئیرادە و هەست بە بەرپرسایەتی ڕێبەری و تێکۆشەرانی ڕیزەکانی دوولایەنی دێموکرات سەرکەوت و ئاکامی دڵخواز و چاوەڕوانکراوی لێکەوتەوە.

 بێگومان ئەگەر گرتنی ئەم کۆنگرەیە له ژیانی سیاسی و ڕێکخراوه‌یی حیزبەکەماندا زۆر گرینگ و پڕبایەخە، هاوکات ئەو هه‌لومه‌رجەش که کۆنگره‌که‌ی تێدا دەگرین پتر گرینگ و چارەنووسسازە. لە هەلومەرجی ئێستادا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەریی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان و لایەنەکانی دیکەی سەر بە ئێرانی لەسەرە و، کۆماری ئیسلامیش لەژێر کاریگەری ئەم ئاڵوگۆڕانەدا زیاتر لە هەمیشە لە سیاسەتی جیهانیدا تەریک کەتۆتەوە و لە نێوخۆی وڵاتیش دا مەشرووعیەتی خۆی لەدەست داوە.

 بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخ و پێگەی سیاسی و شەرعییەتی خەڵکیی کۆماری ئیسلامی هیچ پێویست ناکا پەنا بۆ داتا و لێکدانەوەی سیاسی ببەین، بەڵکوو تازەترین هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم باشترین پێوەرە بۆ لێکدانەوەی پێگە و جێگەی کۆماری ئیسلامی لەنێو خەڵکی وڵاتدا.

 بەشداری‌نەکردنی زۆرینەی خەڵک لەو هەڵبژاردنانەدا دوو پەیامی ڕاشکاوانەی لە خۆ گرتبوو: "نا بە کۆماری ئیسلامی" و "بەڵی بۆ گۆڕانی بنەڕەتی".

 ئەم ڕێژیمە میراتگری دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی ناوەندگەرای پەهلەوییە کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی ئێرانی بنیات نراوە، ناسیۆنالیزمێک کە قەت دانی بە فرەنەتەوەبوونی کۆمەڵگەی ئێراندا نەناوە. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و لەبەرچاونەگرتنی ئەو حەقیقەتە لە بنیاتنانی ئێران، بە تایبەت لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا هۆکاری سەرەکیی هەموو ئەو کۆمەڵە کێشە و قەیرانەیە کە ئەمڕۆ بەرۆکی خەڵکی وڵات و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی گرتوە.

 کۆماری ئیسلامی لەلایەک هەوڵی داوە هەستی نەتەوایەتی لەنێو کوردە شیعەکاندا لاواز بکا و لەلایەکی دیکە دەمارگرژیی ئایینیزایی و توندڕۆیی لەنێو کوردە سونییەکاندا پەرە پێ بدا؛ هاوکات بە بەرفراوانکردنی کەلێنی نێوان ئایینزاکانی دیکەی وەک یارسانەکان ڕێ لە بیچمگرتنی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد بگرێت. بەڵام وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی کورد لەلایەک و ستراتیژیی حیزبی دێموکرات کە بەهێزکردنی ڕوحی نەتەوەیی و بەرپەرچدانەوەی مەیدانیی سیاسەتەکانی ڕێژیم بووە. بەرجەستەبوونی هەست و شعووری نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ڕووداوێکی وەک بوومەلەرزەکەی ئەزگەلە و سەرپێلی زەهاو لە پارێزگای کرماشان و لافاوەکەی لوڕستان و بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆزدا نیشانەی ئەوپەڕی وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

 ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیی ئەمساڵیش کە بە شکۆیەکی کەم‌وێنەوە بەڕێوە چوون لەلایەک نیشاندەری ئیرادە و هەستێکی بەهێزی نیشتمانپەروەریی کوردانە بوون و لەلایەکی دیکەش تا ڕادەیەکی بەرچاو لە ئامادەیی زەینی، هزری و مەیدانیی خەڵکی کوردستان بۆ خەبات و نافەرمانیی مەدەنی لەدژی کۆماری ئیسلامی سەرچاوەیان دەگرت. ئەم بۆنانە نیشانیان دا کە پرسی ڕێکخستن و شوناس‌‌ویستیی کورد لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی و جەماوەریدا قۆناخێکی پتری بڕیوە و ئاستی تێگەیشتن و ڕەفتاری سیاسیی خەڵکی کوردستان ئەوەندە لەسەرێیە کە لە ئاستی ئێراندا دەکرێ بە نموونەی بێنیەوە.

 لەم ماوەیەدا ڕاپەڕینی ژینا کە لە کوردستانەوە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" سەری هەڵدا بوار و بەستێنێکی ئەوتۆی پێکهێنا کە زۆربەی لایەنە ئێرانیەکان بەتایبەت کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان و ئێران خۆیان لەو جووڵانەوەیەدا دیتەوە.

 ئەم ڕاپەڕینە کە سیمای سیاسیی کوردستان و ئێرانی گۆڕی دەوری بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا، بازاڕی و دوکانداران، پزیشکان، مامۆستایان، کەسایەتی و نوخبەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ژنان، لاوان، خوێندکاران بە قوتابییانەوە، مامۆستایانی ئایینیی دەروەست لە کوردستان و هەروەها دیاسپۆڕای کورد لە دەرەوەی وڵات دیار و پڕبایەخ بوو کە پێویستە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەم سەرنجی تایبەتیی لەسەریان هەبێت و هەم لە توانا و زەرفییەتەکانی خۆی بۆ پێشخستنی پرسی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە و ڕێکخستن و یەکخستنی وزەی خەباتگێڕییان کەلک وەربگرێ.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هەمیشە باوەڕی وایە کە کێشەی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی نابێ لە پرسی ئەتۆمی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی و بەوپێیە لە بەرجامدا سنووردار بکرێ. کێشەی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی نەحاواوەبوونی ئەم ڕێژیمە لە چوارچێوەی نەزمی جیهانی، ئایدۆلۆژیی ڕێژیم و ئەجێنداکانی ئەم ڕێژیمە بۆ پەرەدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەیە. هەروەها پرسی نێوخۆی ئێران، ئیستبدادی سیاسی و بەبارمتەگرتنی خەڵکی وڵات و سەرکوت و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانیانە کە کۆمەڵگەی جیهانی لە تەعامولی سیاسیی خۆی لەگەڵ ئێراندا دەبێ بیبینێ.

 ڕوانین و نەخشەڕێگای حیزبی دێموکرات بۆ ئێرانی داهاتوو تەواو ڕوونە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێداگری لەسەر ئەوەی ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، لەسەر ئەو باوەڕەیە نیزامی سیاسیی فیدڕالیزم دەستەبەری هاوبەشیی پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئەم وڵاتە دەکا. بۆ وەسەریەکخستنی وزەی خەباتگێڕیی هەموو نەتەوەکانی ئێران بە مەبەستی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامییش پێویستە هاوپەیمانییەک لەنێوان هەموو حیزبە پێشکەوتووە سەرانسەری و ناوچەییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی نێوخۆی وڵاتدا پێک بێ.

 حیزبی دێموکرات لەو باوەڕە دایە کە بە ئەزموون‌وەرگرتن لە هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو، بە ڕێگەگرتن لە کۆمەڵێک دیاردەی نەرێنی و نەخوازراو، بە ڕەخنەگرتن و ڕەخنەقبووڵکردن و ڕاشکاوبێژیی ڕێبەری و ئەندامان لە نێوخۆی حیزبدا، بە گۆڕین و نوێکردنەوەی کولتوور و سیستەم و شێوازی حیزبایەتی و پێکەوە کارکردن، بە ڕه‌خساندنی هەلومەرج بۆ شایستەسالاری، بە پێکهێنانی گیانی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی لە ئاست یەکگرتوویی حیزب و پەسندکراوەکانی، بە پەروەردە و بارهێنانی ئەمڕۆیی و ڕاهێنانی تاکەکان بە گیانی وێکهەڵکردن و ڕێزگرتن لە جۆراوجۆری و جیاوازییەکان، بە خوڵقاندنی کەشوهەوایەک کە هەمووان حیزب بە هی خۆیان بزانن، قەیران و کێشە نێوخۆییەکان کەم دەبنەوە و چارەسەر دەکرێن.

 حیزبی دێموکرات پێویستە لە نێوخۆی وڵات بە خەباتی مەدەنی و جەماوەریی خەڵک بەرەوڕووی ڕێژیم ببینەوە و لە دەرەوەی وڵات بە دیپلۆماسی و بەتایبەت لە عێڕاقیش بە وتووێژ لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان پیلانەکانی ڕێژیم پوچەڵ بکەینەوە.

 ئەولەوییەتی حیزبایەتی لە دەرەوەی وڵاتیش دەبێ بۆ دەستکەوتی دیپلۆماسی بە قازانجی حیزب و پرسی شوناسخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵات، ڕێکخستنەوەی تەشکیلاتێکی بەدیسیپلین، بەهێز و خۆڕاگری حیزبی بێ. بۆیە لە پێداچوونەوە بە ئۆرگانیزمی حیزبی و چەندی‌وچۆنیی کاری حیزبیمان گەیشتن بەو ئامانجە دەبێ لە دەستووری کارماندا بێ.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وێڕای پشتیوانی لە پرسی مافخوازیی ڕەوای کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گۆڕەپانی سەرەکیی خەبات و ڕەسالەتە مێژووییەکەی خۆی دەزانێ. بۆیە لەگەڵ بەئامانجگرتنی کۆی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی، هەوڵ بۆ بەهێزکردن و ڕێکخستنی پتری خەباتی جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامی لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی هاوپێوەندیی زیاتر لەگەڵ نەتەوە و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ئێران دەدا.

 ناوەندی بڕیاری حیزب و ئۆرگانیزمی حیزبی بەتایبەت بەشەکانی پلاندانان، تەشکیلات و ڕاگەیاندن بە بایەخدانی پتر بە ناوچەکانی باکوور و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ناوچه‌ کوردنشینه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هەوڵی زیاتر بۆ شۆڕکردنەوەی خەباتی نەتەوایەتیی و شوناسخوازی لەو ناوچانەی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی کورد لە ئێرانی داهاتوودا دەدەن.

 پێویستە تەشکیلات و ئۆرگانیزمی خۆمان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوە بە جۆرێک ڕێک‌بخەین و بەڕۆژیان بکەینەوە ژینگەیەکی گونجاو، هیوابەخش و ئامانجدار بۆ بەشداریی تاکەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوە بڕەخسێنین.