کوردستان میدیا

سایت مرکزی حزب دمکرات کوردستان ایران

نرخی ئاو و کارەبا ٧٪ زیاد کراوە

11:52 - 10 مرداد 1397

کوردستان میدیا: لێژنەی وەزیرانی ڕێژیم لە بڕیارێکدا، ڕێگەیان بە وەزارەتی وزە داوە تاکوو نرخی ئاو و کارەبا هەتا ٧٪ زیاتر بکات.

لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لێژنەی وەزیرانی ڕێژیم، لە بڕیارێکدا ئیزنی بە وەزارەتی وزە دابوو کە لە دەسپێکی مانگی بانەمەڕەوە، بۆی هەیە هەتا ٧ لەسەد نرخی ئاو و کارەبا زیاد بکات، وەزارەتی وزەیش بە پێی ئەو بڕیارە دەستی کردووە بە زیادکردنی نرخی ئاو و کارەبا.

ئەو بڕیارانە و نرخەکانی وەزارەتی وزه لە حاڵێکدان، کە خەڵک لە ئێراندا لەگەل قەیرانی ئاو و پچڕانی کارەبا بەرەوڕوون و ڕێژیمیش لە جیاتی ئەوەیکە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بدات، بەپێچەوانەوە پەرەیان پێدەدات و گۆشارەکان زیاتر دەخاتە سەر خەڵک.

بەپێی دوایین هەواڵەکان وەزارەتی وزە لە ئەمساڵدا، لە چەند بڕگە و لە درێژەی چەند مانگدا، ئەو ٧ لەسەدەی کە دیاری کرابوو زیاد کردووە، وەزارەتی وزە بە شێوەیەک ئەو بڕیارەی بە کردەیی کردووە کە خەڵک هەست نەکەن بە یەکجاری نرخەکان زیاد بووە و وەکوو هەڵخەڵەتاندنێک نرخی ئاو و کارەبای زیاد کردووە.

بە نیسبەت کەمی ئاو و کارەبا، لە درێژەی ئەمساڵدا لە زۆربەی شارەکانی ئێران جیرەبەندی کراوە و خەڵک بە بەردەوامی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و چەندین جار خۆپیشاندان کراوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم و دەزگا پەیوەندیدارەکان بە پرسی ئاو و کارەبا، لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە، بە گرانترکردنی نرخەکان، گوشارەکانیان لەسەر خەڵک چەند قات زیاد کردووە.