کوردستان میدیا

سایت مرکزی حزب دمکرات کوردستان ایران

بەردەوامیی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران

12:33 - 7 آبان 1403

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینکراوان و سێنفە جیاوازەکان، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پیشەی فوولاد و ژمارەیەک لە بنکەکانی گشتیی ڕاگواستنی موسافیر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە کرماشان و ئەهواز لە بەردەم بینای ئەم ڕێکخراوە لە شارەکانی خۆیان کۆ بوونەوە.

خانەنشینکراوانی کرماشان لەم کۆبوونەوەیەدا دروشمگەلێک وەک: دۆلار شەست و پێنجە و خانەنشینکراو ئازار دەچێژێ، دۆلار شەست و پێنجە و ئاغازادەکان لەسەر گەنجن، ئازاری ئێمە، ئازاری ئێمە، تاڵانی هەقدەستی ئێمە، شەڕئاژۆیی بەسە سفرەی ئێمە خاڵییە، مامۆستای بەندکراو دەبێ ئازاد بکرێ، کرێکاری بەندکراو دەبێ ئازاد بکرێیان وتەوە.

خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکرانی بڕگەی ٩٦ی یاسا و زۆرکردنەوەی مووچەکان بە ڕادەی پێویستییەکانی ژیان، خواستەکانی خۆیان ڕاگەیاندووە. ئەوان خوازیاری بەهرەمەندبوون لە دەرمانی خۆڕایی، پاراستنی سەربەخۆیی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی خزمەتگوازی خۆشبژێوین.

هەروەها گرووپێک لە خانەنشینکراوانی پیشەی فوولاد لە ئێسفەهان و ئەهواز لە بەردەم سندووقەکانی خانەنشینیی فوولاد کۆ بوونەوە و خوازیاری باشترکردنی خزمەتگوازی بیمە، خۆڕاییکردنی تێچووەکانی دەرمان و چاکسازی لە هاوسانکردن، جێبەجێکردنی داخوازییەکان و تێچووەکانی دەرمانی خۆیان بوون.

کۆبوونەوەی شۆفێرەکانی بنکەکانی ئوتوبووسەکانی زاهێدان کە ٩٠ ڕۆژە کارت سووتەمەنییان بلۆکە کراوە لە بەردەم بینای پارێزگاریی سیستان و بەلووچستاندا لە زاهێدان بەڕێوە چوو.

شۆفێرەکان ڕایانگەیاندووە کە چەند مانگە بێکارن و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی بنەماڵەکانیان نییە و ژیان و بژێوی ٩٥٠ بنەماڵە کەتووەتە مەترسییەوە.

هەروەها لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا، ژمارەیەک لە کەمئەندامانی تاران، خانەنشینکراوانی فەرهەنگی لە بێهبەهان و کرێکارانی بێکاری گەیتەکانی وەرگرتنی باجی ڕێگای قەزوین_ ڕەشت کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.