کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریناسانی ئێران، ڕۆحانی بە درۆ دەخەنەوە

15:58 - 17 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: بە پێچەوانەی بانگەشەكانی حەسەن ڕۆحانی، ئابووریناسان لەو باوەڕەدان كە ڕێككەوتنی ناوكی هیچ كاریگەرییەكی لە سەر ئابووریی ئێران دانەناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی مشرق نیوز، سەركۆماری ڕێژیم لە وەڵامی هەواڵنێری ڕاگەیەنێكی بریتانیدا كە گوتبووی ڕێككەوتنی بەرجام هیچ كاریگەرییەكی لە سەر ئابووریی وڵات نەبووە، ڕایگەیاندبوو: خەڵكێك كە سواری فڕۆكە دەبن، بەرجام هەست پێ دەكەن، خەڵكی ئێمە لە قەتاریشدا هەست بە بەرجام دەكەن. خەڵك زۆر بە باشی هەست بە بەرجام دەكەن. هەم سانتریفیووژەكان لە فۆردۆ و نەتەنز دەسووڕێن، هەم كاروباری بانك ناوەندی دەسووڕێت و ....

ئەوە لە حاڵێكدایە كە ژمارەیەك لە ئابووریناسانی ئێران لە وتووێژێكدا لە گەڵ ماڵپەڕی حكوومەتیی مەشرق نیووز، قسەكانی ڕۆحانی بە تەواوی رەت دەكەنەوە.

لەو پێوەندییەدا دوكتور ئیمان باستانی فەرد، ئەندامی لیژنەی زانستیی زانستگای ئیسفەهان دەڵێت: ئەوەی كە ڕۆحانی دەڵێ هەموومان هەست بە بەرجام دەكەین، پێم وایە مەبەستیان ئەوە بێت كە شتومەكی هاوردە زیاتر بووە، دەنا بەرهەمهێنان كە ناتوانێ لە ماوەی ٤٦ ڕۆژدا باشتر ببێت. دابەزینی ڕادەی هەڵاوسانیش كە ئاغای ڕۆحانی باسی دەكات، لە ڕاستیدا داتەپینی ئابووریی زیاتر كردووە كە ئەوە مایەی شانازی نیە.

دوكتور عەبدولمەجید شەیخی، ئابووریناس و نووسەری كتێبی پەرەپێدان و پلانداڕشتن دەڵێ: من هیچ باشتربوونێك لە ئابووریی ئێراندا نابینم. نازانم سەركۆماری بەڕێز چۆن هەستی بەم باشتربوونە كردووە؟! ئەو باشتربوونە لە لایەن خەڵكی ئاسایی و هەژارانەوە بە هیچ شێوەیەك هەستی پێ ناكرێت.

دوكتور ساسان شاوەیسی، ئابووریناسێكی دیكەیە كە دەڵێ: جێی سەرسووڕمانە كە سەركۆمار وتی كێشەی سووییفت چارەسەر بووە. چالاكانی ئابووری تا ئێستا چەندین جار وتوویانە كە ناتوانن بە ئاسانی ئاڵووێری پارە بكەن.

دوكتور حوججەت عەبدولمەلەكی، ئەندامی، لیژنەی زانستیی زانستگای ئیمام سادقیش دەڵێت: هیچ گەشانەوەیەك لە ئابووریی ئێراندا نابینرێت.

ئەگەر گەشانەوەیەك هەبێت، لە نێو خەڵكی ئاساییدا نیە. ڕەنگە دانیشتوانی شەقامی پاستۆر (شەقامی كۆشكی سەركۆماری) هەست بە وەها گەشانەوەیەك بكەن.

هەروەها دوكتور مەحموود دێهقانی، ئابووریناس و ئەندامی لیژنەی زانستیی دامەزراوەی بەناو ئیمام خومەینی وێڕای بە درۆخستنەوەی ڕۆحانی وتی: سەركۆمار بە چەشنێك قسە دەكات كە دەڵێی لە نێو خەڵكدا ناژی. هەنووكە دەبینین كە بەرجام وێڕای تێچووی زۆری بۆ وڵات، دەرئەنجامە باشەكانی زۆر كەم بووە.