کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێ بە برینیاندا مەکەن!

12:54 - 18 پووشپەڕ 2724

ئاسۆ مینبەری

پرسی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامیدا پرسێکی چەواشەکارانەیە و هەموو جومگەکانی ئەو دەسەڵاتە بە جۆرێک لە جۆرەکان ناتەباییان لەگەڵ ئەم پرسە هەیە. ئەزموونی ساڵانی ڕابردووش بە باشی ئەم ڕاستییەی دەرخستوە کە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی ئەم ڕێژیمەدا، تەنیا شانۆیەکی گاڵتەئامێز بۆ چەواشەکردنی ڕاستییەکان و لە ڕاستای ئاکامگیرییەک لە قازانجی دەسەڵاتدا بووە.

ئەگەرچی لە مێژووی ئەم ڕێژیمەدا یاریی نێوان باڵەکانی ڕێژیم لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهدا، توانیویەتی جاروبار ڕەنگوبۆنێکی دیکە بەم پرسە ببەخشی، بەڵام لە ڕاستیدا چییەتیی ئەم ڕێژیمە و شانۆبوونی ئەم پرسە هیچ‌کات لای خەڵکانی وەزاڵەهاتووی ئێران شاراوە نەبووە. ئەوەی کە بە درێژایی زیاتر لە ٤ دەیەی ڕابردوو لەم شانۆیەدا بۆ ڕێژیم گرینگ بووە، نیشاندانی ڕێژەی حەشیمەت و لە کۆتاییشدا دەرهێنانی ناوی ئەو مۆرەیە لە سندووقەکان بووە کە زیاتر لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێندا هەنگاو هەڵدەگرێ؛ هەر بۆیە لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا، گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکان، گرینگترین دەرفەت بۆ خەڵک، بۆ "نا" گوتن بەم ڕێژیمە و تەواویەتی ئەم ڕێژیمە بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا و دوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی کە بڕیار درا لە ٨ی پووشپەڕدا ڕێژیم شانۆیەکی دیکە بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆماری نوێ بەڕێوە ببات، شەپۆلێک لە داواکارییەکان بۆ بایکۆتی ئەم شانۆیە دەستیان پێ کرد. ئەگەرچی لە کاتی بەڕێوەچوونی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا خەڵک بە بایکۆتی ئەم شانۆیە، پەیامی گرینگی نەویستنیان بە ڕێژیم دا بەڵام، بێگومان ئەم دەسەڵاتە بۆ مانەوەی خۆی هەر دەبێ دوا پەلەقاژەکانی بکات و لەم ڕاستایەشدا، بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماری بە هێنانە بەر باسی کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرینگی وەک پرسی ژنان و هەڵاوسان و گەمارۆ ئابوورییەکان دەکرێ وەکوو ڕێگەچارەیەک لەلایەن رێژیمەوە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و درێژەدان بە شانۆگەرییەی چاوی لێ بکرێت.

ئەوەی کە لە شانۆی ئەمجارەدا گرینگ بوو، داواکارییە بەربڵاوەکان بۆ بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکان بوو، هەر لە کاتی تەئیدی سەڵاحییەتی بەربژێرەکانەوە کە جۆرێک لە چنینی مۆرەکانی ڕێژیم بە بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازی بە شێوەیەکی بەرنامەبۆدارێژراو پێوە دیار بوو چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، بنەماڵە مافخوازەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان و گرینگتر لە هەمووی دایکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو و بەیاننامە، داوایان لە خەڵک کرد کە تێکەڵ بەم یارییەی ڕێژیم نەبن و بەشداری لەم شانۆیەدا نەکەن.

دایکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژانی پێش بەڕێوەچوونی گاڵتەجاڕییەکەی ٨ی پووشپەڕدا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕوو لە خەڵک وێڕای بایکۆتی ئەم شانۆیە، ڕایانگەیاند کە بەربژێرەکانی ڕێژیم خۆیان بەرپرس و هاوبەشی جینایەت و کوشتنەکان لەلایەن ڕێژیمەوەن. ئەم دایکانە هەر لەم بەیاننامەیەدا ڕایانگەیاند: ئێمە هەتا کاتێک کە بکوژانی منداڵەکانمان دادگایی نەکرێن و سزا نەدرێن، واز لە مافخوازی ناهێنین و تەواویەتی ڕێژیم مەحکووم دەکەین و بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردندا ناکەین. ئەم دایکە جەرگ‌سووتاوانەی کوردستان لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا جارێکی دیکە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی لەخوێن‌گەوزاوی منداڵەکانیان بۆ جارێکی دیکە وێڕای بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، داوایان لە خەڵک کرد کە خوێ بە برینیاندا نەکەن و ئەم ئینتساباتە بایکۆت بکەن.

ئەم دایکانە لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا لەوپەڕی وشیاریدا باسیان لەوە کرد کە جیاوازییەک لە نێوان بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازدا نییە و ڕایانگەیاند: ئامانجی هەردووکیان پاراستنی نیزامی لاوکوژ و ژنکوژی خۆیانە و ئەگەر منداڵەکانمان سەبارەت بە دۆخی نالەباری سیاسی، ئابووری و مافی مرۆیی ناڕەزایەتی دەرببڕن بە شێوەی سەروو یاسایی لەسێدارەیان دەدەن. بە هەر دەنگێک گولـلەکان سینگی منداڵەکانمان هەڵدەدڕن و هاوبەشی کوشتنی منداڵەکانمان دەبین.

دوابەدوای بایکۆتی بەربڵاو و سەرکەوتووانەی شانۆی هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە لە چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماریی ڕێژیمی ئێراندا، دیسانەوە کۆمەڵێک لە دایکانی مافخوازی کوردستان کۆ بوونەوە و ڕایانگەیاند کە قەت لەگەڵ بکوژان و ئەوانەی کە درۆ دەکەن نابینە هاوپەیمان.

دایە مینا، دایکی شەهریار محەممەدی لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە دایکانی مافخواز لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسی؛ "ڕێزمان بۆ خوێنی پاکی منداڵەکانمان هەیە و بە حورمەتی خوێنی پاکی منداڵەکانمان و باقی منداڵەکان، قەت لەگەڵ بکوژان و فێڵبازان و ئەوانەی کە درۆ دەکەن نابینە هاوپەیمان". ئەم وشیاری و مەیداندارییە لەلایەن دایکی شەهیدانەوە، ئەویش لە کاتێكدا کە گوشارەکان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدان و بەتایبەت دایکە مافخوازەکان زۆر بووەتەوە، شیاوی پێزانینە.

دایکی شەهیدان جیا لەوەی کە لە کاتی شۆڕشەکەدا بە ورە و هێزەوە و سەرەڕای زامداربوونی دڵیان و لەدەستدانی ئازیزەکانیان پێشەنگایەتیی ئەو شۆڕشەیان کرد، لە هەموو دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەی هاواری مافخوازیی خۆیان کەڵک وەردەگرن و بە مەیدانداریی بزووتنەوەکە هەوڵ بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەدەن، هەر بۆیە ئەرکی ئەخلاقیی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیش ئەوەیە کە خوێ بە برینیاندا نەکەن و بە فرتوفێڵی مۆرە و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم نەکەونە نێو بازنەی یارییە بێ ئاکامەکەی کۆماری ئیسلامییەوە.