کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەی بە هەرمێ بە هەرمێ، دەچم هەرمێت بۆ دێنم

13:12 - 18 پووشپەڕ 2724

دارسمە

دو چەمکی "مێدیا" و "ڕاگەیاندن" وەک دووانەیەکن لە شانان، بۆ خوارەوەیان بەیەکەوە نووساوە و سەر و دەستیان جودایە. بەڵام سەر و پۆتەڕاکی "ڕاگەیاندن" زۆر لە هی مێدیا زەبەلاح‌ترە. ئەگەر ڕووبەڕوو سەیری هەردووکیان بکەی، هەردوویان دەبینی، بەڵام چاوێک زۆر وردبین نەبێت ناتوانێت هێندێک شت ببینێت.

بۆ ئەوەی ئەم دووە لە یەکتر جودا بکەینەوە، سەیری ئەم دوو "سەردێڕ" یان "مانشێت"ـه‌ی دوو هەواڵی خوارە بکەن. یەکیان بەرهەمی مێدیایە و ئەوەی دیکەیان هی ڕاگەیاندن.

١-‌ کوژران و برینداربوونی ١٠ کۆڵبەر لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤

٢-‌ لە کێشەی کۆڵبەران، خانەنشیان، فەرمانبەران، یارسانان و کرێکارن دەپرسینەوە

لێرەدا تەنیا و تەنیا دەمانهەوێت جودایی مێدیا و ڕاگەیاندنتان بۆ لێک‌بدەینەوە. ئەگەر مەبەستم شتی لەمە زیاتر بێت. ڕەببی مووم لە چەقەنەی ڕدێنی بێت. نانا ڕدێن نا مووم لە پشتی لێوی سەرەوە بێت. ئەویش نە موویەک و نە دوو موو و نە سێ موو... پشتی لێوی سەرەوەم ئەگەر من هەڵە نەبم پاش ئەوەی مووی زۆری لێ‌دێت ناوی دەنێن سمێڵ. سمێڵش هەر لە یارسان و کاکەییان جوانە. ئەو مووانە ئەوندە جوان و چین‌چین دەکەونە سەریەک، هەر جوانە بە شانەی ورد دایان بهێنی. کێشەی ئەم سمێڵانەش تەنیا کاتی فڕکردنی ماستاو دروست دەبێت. کاتێک ماستاو سەر بە قەزوان بێت و گوڵ و شویتی لەسەر بێت، سمێڵی یارسانان بەر بە فڕکردنی قەزوان و گوڵ و شویتەکە دەگرێت و تەنیا ماستاوەکە بە سادەیی به هەناواندا دەچێت.

ئێستا ئەم پێشاندانەی دۆخی سمێڵە بە کاری مێدیایی دەناسرێت. ئەم چەند ڕستەیەی سەرەوە دۆخی سمێڵـمان بێ لایەنگری‌کردن و دژایەتی‌کردن پێ نیشان دەدات و ڕاستەوخۆ پێمان ناڵێت سمێڵ باشە یان خراپە، بەڵام بە جۆرێکی ڕانەگەیەندراو دەڵێت سمێڵت بێت لە بەشێک لە سەرتوێژی ماستاو بێ‌بەش دەبی. دیارە بە درێژایی ساڵ و زەمانان ماستاوکردنیش وەک پیشەیەکی سەرکەوتوو و بە سوودی ماستاوکەران هەر بەردەوام بووە.

هەواڵی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانیش هەر ئەوایە و ناڵێت ئەم کوژران و برینداربوونە باش یان خراپە. بەڵام باش‌نەبوونی کوژرانی کۆڵبەران لە هەناوی هەواڵەکەدا خۆی حەشار داوە. زۆر سەیرە باشی و خراپیش دەتوانیت. لە هەناوی هەواڵ و لێدواناندا خۆی حەشار بدات، یانی باشی و خراپیش گەمەی چاوشارکێ دەزانن.

سەرنج بدنە ئەم سەربەندی گۆرانیەی دەڵێت: "هەی بە هەرمێ، بە هەرمێ، دەچم هەرمێت بۆ دێنم/ لە تاران و تەورێزان کراسی کرێمت بۆ دێنم". هیچ گومانی تێدا نیە ئەمەیان هەواڵ نییە و ڕاگەیاندنه و ڕاگەیاندنێکی ناڕاستیشه. بۆیە گوتم ناڕاست، هەتا دوو لە ڕووی ئێوە و پەرژێنی بەگوڵی لە دەورە بێت، نامهەوێت وشەی "درۆ"م بە دەمدا بێت. ئەم بە هەرمێ بە هەرمێیە نەک هەر لە کاری مێدیایی بەدوورە و ڕاگەیاندنە، بەڵکوو لە نێو ڕاگەیاندنیشدا بەلای "بانگەشە"دا دەشکێتەوە. بۆ زیاتر تێگەیاندن پێویستە "بە هەرمێ، بە هەرمێیەکە" زیاتر شی بکرێتەوە.

مەبەستی دەستەواژەی "هەی بە هەرمێ، بە هەرمێ" زۆر ئاشکرایە و بێژەر خەریکە بە هەرمێ، تەماح بخاتە بەرمان و فریومان بدات. ئەی ئەوە نییە یەکسەر دوای بە هەرمێ بە هەرمێیەکە دەڵێت دەچم هەرمێت بۆ دێنم؟ خۆی خێرا لە بەڵێنییەکەی پاشگەز دەبێتەوە یان بەڵێنییەکەی لە هەرمێەوە بۆ کراسی کرێم دەگۆڕێت و دەڵێت لە تاران و تەورێز بۆتان دێنم.

لە کاری هەواڵنێریدا مێدیا بێلایەنانە باسی ڕووداوان دەکات، بەڵام ڕاگەیاندن هینی خۆی ڕادەگەیەنێت.

جیاوازییەک لە نێوان مێدیا و ڕاگەیاندن‌دایە، ئەوێش ئەمەیە کاری مێدیا کەمتر گومانی لێ‌دەکرێت، بەڵام ئەوەی ڕاگەیاندنە گومانی بەردەوام گومانی لەسەرە. هەموو کەس دوای بیستنی هەواڵی بوونی سمێڵ لە پشت لێوی سەرەوەی مرۆڤ گومانیان نامێێت ئەم سمێڵە چۆن پێشی سەر توێژی ماستاو دەگرێت. بەڵام کێ دەڵێت ئەوەی دەڵێت بە هەرمێ بە هەرمێ ڕاست دەڵیت؟ چۆن دەکرێت بڕوامان بە ئەو کەسە بێت بچێت، ئەگەر بچێت تۆ بڵێی هەرمێمان بۆ بهێنێت؟ ئەمانەش بە جێگەی خۆیان، ئەدەی هەرمێ و کراس ئەویش لە تاران و تەورێز کوجا مەرحەبا؟

با یەکێک لە دوایین هەواڵەکانی پێڤاژۆی هەڵبژاردنی دووهەمین قۆناخی ئەم خولەی سەرۆک‌کۆماریی ئێرانتان مێدیاکارانە بۆ بگێڕمەوە:

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ دوو بەربژێری کێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریی ئێران لە یەک ڕۆژدا سەردانی شاری کرماشانیان کرد و هەردوو بەربژێرەکە بە هێندێک جیاوازییەوە باسی" کۆڵبەر" و یارسان"یان کرد.

شیاوی ئاماژەیە شاری کرماشان یەکێک لە شارە هەرەگەورەکانی کوردستانە و بە نزیکەی یەک میلیۆن دانیشتووانەوە دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی کوردستان و خۆرئاوای ئێران و بەشی زۆری دانشیتووانی مسوڵمانی شیعە و سوننی و یارسانن و وەک یەکێک لە شارانی هەژارنشین و بێ داهات ناسراوە.

زانیاریی زیاتر: حەسەن زیرەک دەڵێت: "کرماشان جێگەی ئەژدادم جێگەی شیرین جێی فەرهادم/ قەت قەت تۆناچی لەیادم/ خۆشم دەوێی کچە جیران." هەندێک کەسی دیکەش لەجیات خۆشەویستیی "کچە جیران"  گوتوویانە "خۆشم دەوێت نیشتمانم".