کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەستێرەی گەشی هەرمان (شەهید فەقێ ڕەسووڵی بێشاسب)

13:18 - 18 پووشپەڕ 2724

برایم چووکەڵی

نەتەوەی کورد، وەک نەتەوەیەکی‌ بنده‌ستە بۆ دیفاع له‌ مافه‌ ڕه‌واكانی‌ و بۆ پێكهێنانی‌ گۆڕانكاری‌ له‌و ژیانه‌ پڕ له‌ ژانهە‌ به‌سه‌ری‌دا سه‌پێنراوه‌، ناچار بووە ده‌ست بۆ چه‌ك به‌رێ‌ و له‌ به‌رامبه‌ر چه‌وسێنه‌راندا ڕابوه‌ستێ. ئەم نەتەوەیە بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێ‌ بنێته‌ گۆڕه‌پانی‌ خه‌بات پێویستی‌ به‌و مرۆڤه‌ گیان‌ له‌سه‌ر ده‌ستانه‌یە كه‌ بوون و ژیانی خۆیان فیدای‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتی‌ ده‌كه‌ن و له‌ هیچ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌یه‌ك ناپرینگێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ داهاتووی‌ گه‌له‌كه‌یان ڕوون بكه‌نه‌وه.‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ ناویان"پێشمه‌رگه‌"یه‌. ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بۆ دابینكردنی‌ ژیانێكی‌ شیاوی‌ مرۆڤ بۆ نه‌ته‌وه‌ زۆرلێكراوه‌كه‌یان، به‌رانبه‌ر بە هارترین دوژمنی‌ ئازادیدا به‌ربه‌ره‌كانی‌ ده‌كه‌ن و بێ‌ پشوودان و حه‌سانه‌وه‌ ڕێگای‌ خه‌باتی  ڕه‌وایان ده‌پێون. له‌و ڕێبازەدا به‌ هه‌زاران ڕۆڵه‌ی‌ ئه‌مه‌گناسی ئه‌و نەتەوە‌ مافخوازه‌ بوونه‌ته‌ قووربانی‌ و مێژووی‌ خه‌باتیان به‌ خوێنی‌ گه‌شی خۆیان نووسیوه‌ته‌وه‌. یه‌كێك له‌و ڕۆڵه‌ ئازادیخوازانه‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان كه‌ باشترین ساته‌كانی‌ ته‌مه‌نی‌ خۆی‌ له‌ پێناوی‌ وه‌دیهێنانی‌ ئازادی‌دا به‌خت كرد و لەگەڵ دوو ڕێژیمی سەرەرۆی پاشایەتی ‌و کۆماری ئیسلامیدا بەربەرەکانی کرد و هه‌ر له‌و ڕێگایه‌شدا سه‌ری‌ به‌رزی‌ دانا‌، شه‌هید ڕەسووڵ ئیبراهیم‌پوور، ناسراو بە فەقێ ڕەسووڵە.

شەهید ڕەسووڵ ئیبراهیم‌پوور ساڵی ١٣١٥ لە گوندی "بێشاسب" لە بنەماڵەیەکی مام‌ناوەندی لە دایک بوو. بەرەبەرە کە گەورە بوو ڕووی لە قوتابخانەی ئایینی کرد، بەڵام پاش ماوەیەک بۆ دابین‌کردنی ژیانی بنەماڵە وازی لە خوێندنی مەلایەتی هێنا و ڕووی لە کاروکاسبی کرد. کاتێک خەباتی پێشمەرگانەی ساڵەکانی ٤٦‌و٤٧ دژی ڕێژێمی پاشایەتی بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات وەرێ کەوت، فەقێ ڕەسووڵ پێوەندی بە تێکۆشەرانی دێموکراتەوە گرت‌ و بە ئەندامی حیزبی دێموکرات. لە ماوەی ١٨ مانگ خەباتی چەکدارانداە، فەقێ ڕەسوول پشت ‌و پەنای ڕۆڵەکانی دێموکرات بوو و زۆر دڵسۆزانە ئەرکەکانی بەڕێوە دەبرد. هەر مەئموورییەتێک کە بۆیان دیاری کردبایە بە گیان و دڵ بەڕێوەی دەبرد. به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ‌ خەڵکی‌ باوه‌ڕپێكراو باسی چه‌وسانه‌وه‌ی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ و زوڵم و زۆریی‌ ڕێژیمی‌ پاشایه‌تی‌ ده‌كرد و ڕێگای‌ ڕزگاربوون له‌م ژیانه‌ پر له‌ ئازاره‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ دێنانه‌ گۆڕێ.

ساڵی‌ ١٣٥٧ هه‌تاوی‌ دوای تێكه‌وه‌پێچانی‌ ڕێژیمی‌ پاشایه‌تی‌ و دەسپێکردنی تێكۆشانی‌ ئاشكرای‌ حیزبی دێموكرات، فەقێ ڕەسووڵ‌ به‌ له‌به‌ركردنی‌ به‌رگی‌ پیرۆزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕیزی‌ تێكۆشه‌رانی‌ هێزی‌ موعینیدا تێكۆشانی‌ خۆی ده‌ست پێ‌ كردەوە. ئەو له‌ ماوه‌یەكی‌ كه‌مدا به‌ كرده‌وه‌ سه‌داقه‌ت ‌و دڵسۆزی‌ و ڕاستی‌ و پاكیی‌ خۆی‌ نیشان‌ دا و ده‌ری‌خست كه‌ ڕۆڵه‌ی‌ وه‌فاداری‌ حیزبه‌كه‌یه‌تی‌. پاش ماوەیەک لەلایەن كومیته‌ شارستانی‌ سەردەشت‌ و هێزه‌وه‌ به‌ به‌رپرسی به‌شی ماڵیی‌ هێزی موعینی دیاری‌ كرا و سادقانه‌ و لێبراوانه‌ درێژه‌ی‌ به‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌ركی‌ پیرۆزی‌ دا.

شه‌هید فەقێ ڕەسووڵ ڕۆژ له‌ گه‌ل ڕۆژ زیاتر ئۆگری‌ ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ ده‌بوو. به‌رده‌وام هه‌وڵی‌ ده‌دا زیاتر لە خه‌باتی‌ ڕه‌وای‌ گه‌له‌كه‌ی‌ تێ بگا و پتر پله‌ی‌ زانیاریی‌ خۆی‌ به‌رێته‌ سه‌رێ‌، له‌ بواری‌ نیزامی‌دا پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئازا و دوژمن‌به‌زێن و كوڕێكی‌ هەتا بڵێی‌ به‌نه‌زم دیسیپلین بوو. ئه‌و كرده‌وانه‌ و زۆر كرده‌وه‌ی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی‌ دیكه‌ بوونه‌ هۆی‌ ئه‌وهی‌ پلەکانی نیزامیی یەک لە دوای یەک ببڕێ ‌و سەرئەنجام وەک جێگری ‌هێزی شەهید موعینی دیاری کرا.                          فەقێ ڕەسووڵ له‌ کاری پێشمه‌رگایه‌تییدا ڕێكوپێك و لەخۆبوردوو بوو. بەمشوور و له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانی‌ ڕوو خۆش و به‌ئه‌خلاق بوو. خه‌ڵك ڕێزیان ده‌گرت و خۆشیان ده‌ویست و وه‌ك كه‌سێكی‌ خۆشناو و جێی متمانەی تەواو چاویان لێ‌ ده‌كرد. له‌ شه‌ڕه‌ حەماسیه‌كانی‌ مه‌لبه‌ندی‌ سەردەشتی سەرسەوز ئازایه‌تیی‌ ‌نواند و وەک فەرماندەیەک ڕۆڵی سەرەکی لە بەرپەڕچدانەوەی هێرشی هێزەکانی ڕێژیمدا بوو. فەقێ ڕەسووڵ هەتا کاتی شەهیدبوونی لە دەیان مەئمورییەتی حیزبی و دەیان شەڕ و بەربەرەکانیدا بەشداریی کرد‌ و لە عەمەلیاتەکانی جادەی سەردەشت-پیرانشاردا لێوەشاوەیی و هونەری فەرماندەیی خۆی دەرخست. بەتایبەتی لە شەڕی پردی بریسوێ ڕۆڵی سەرەکیی گێرا.

شەهید فەقێ ڕەسووڵ به‌ كرده‌وه‌ نیشانی‌ دا ئیمانی‌ به‌ حه‌قانییه‌تی‌ خه‌باته‌كه‌ی‌ هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ دڵسۆزانه‌‌ و هه‌ڵسوڕاوانه‌ بۆ ناساندنی‌ سیاسه‌تی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ بۆ خەڵکی كوردستان تێ‌ده‌كۆشا ‌و له‌م ڕێبازه‌دا له‌ هیچ هه‌وڵێك درێخی‌ نه‌ده‌كرد. ئەو بە بەردەوامی كاری‌ سیاسی‌‌ و نیزامی‌ تێكه‌ڵاو كردبوو ‌و له‌هه‌ر شوێنێك به‌ پێویستی‌ زانیبا ده‌ستی‌ به‌ ته‌بلیغاتی‌ حیزبی ‌‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌كرد.

بە داخەوە ئەو فەرماندە بەوەجە و ئەو ڕۆڵە شۆڕشگێڕەی حیزب و نەتەوەکەمان ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٢ لە ناوچەی سەردەشت لە شەڕی نێوخۆیی لەگەڵ کۆمەڵەدا شەهید بوو و گیانی پێشکەش بە خاکی پاکی نیشتمان کرد.

ئاشی شۆڕش لەگەڕی خوێنینە       

کوردە چالاکی حەماسەی ژینە

 

کوانێ چالاکی دڵی دارساوێن؟     

 قارەمانی بە ورەی دڵ لاوێن؟

 

رێی دێموکراتی نەبەز ڕێی ژینە     

 لەش لەپێناوی شەڕەف خوێنینە      

           

 پڕ لە ئەستێرەی گەشی هەرمانە      

بەرزە ئەستێرەیەکی کوردستانە