کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری تەڵاق لە کوردستان بەردەوام رووی لە زیادبوونە

19:42 - 16 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بەرز بوونەوەی نرخی بێکاری و کێشەی ئابووری لە کوردستانی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، وەک سەرەکیترین هۆکاری هەڵکشانی ئاماری تەڵاق ئەژمار کراوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئامارە فەرمییەکانی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسێتیی رێژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستانی ئێران، دەرخەری درێژە پێدانی رەوتی زێدە بوونی نرخی تەڵاق و دابەزینی ئاستی هاوسەرگیرییە.

بەرپرسی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسێتیی بۆکان بە پشت بەستن بە ئامارەکانی ئەم ئیدارەیە رایگەیاند کە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٥٢٦ حاڵەتی تەڵاق لە بۆکان تۆمار کراوە.

ئامارەکان دەرخەری زیاد بوونی لە سەدا ٣١ی ئاماری تەڵاق لە ناوچە گوند نشینەکان و لە سەدا ١٠ی ناو شاری بۆکان، لە ماوەی ئەمساڵ بەپێیبڕگەی زەمەنیی وێکچووی ساڵی رابردوویە.

هەر لەمپەیوەندییەدا، ئاماری تەڵاق لە سەلاسی باوەجانی باس لە زیاد بوونی لە سەدا ٢٦ نیسبەت بە وێکچووی ساڵی رابردوو دەکات.

بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سەرەڕای زیاد بوونی لە سەدا ٢٦ی ئاماری تەڵاق لە سەلاسی باوەجانی، ئاماری هاوسەرگیری لە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوودا لە سەدا ٨ دابەزینی بە خۆیەوە گرتووە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی سەبت و ئەحواڵی بانە، ئاماری تەڵاق لە شارستانی بانە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ١٣٩٣ی هەتاوی نیسبەت بە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لە سەدا ١٠٠ بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

ئامارەکانی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسێتیی بانە دەرخەری ئەوەیە کە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ١٣٩٣ی هەتاوی، لە بەرامبەر هەر ٤.٥ هاوسەرگیری، یەک حاڵەت تەڵاق تۆمار کراوە.

بەرز بوونەوەی نرخی بێکاری و تووش بوون بە ماددە هۆشبەرەکان سەرەکیترین هۆکاری تەڵاق بە ئەژمار دێت و بە سەرنجدان بە بەرز بوونەوەی نرخی تووش بوون بە ماددە هۆشبەرەکان و نرخی بێکاری لە سنە، ئەم پارێزگایە لە بواری ئاماری تەڵاق لە سەرەوەی پارێزگاکانی ئێران جێی خۆش کردوە.