شەماڵ تەرغیبی
لە ماوەکانی ڕابردوودا و پاش مردنی گوماناوی ئیبراهیم ڕەییسی سەرکۆماری پێشووی ڕێژیم وەک هەموو لایەک ئاگادارن، بڕیار درا بەناو هەڵبژاردنێکی دیکە بۆ دیاریکردنی سەرکۆمار لە ئێراندا بەڕێوە بچێ؛ کە بەپێی ئەزموونی شانۆگەریی ١١ی ڕەشەمە و ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو پێشبینی ئەوەیکە خەڵک بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەشداری ئەم شانۆگەرییە دەبن، کارێکی ئەستەم نەبوو؛ بەهەرحاڵ بەناو هەڵبژاردنەکان لە ٨ی پووشپەڕ واتە هەینی ڕابردوو بەڕێوە چوو و خەڵک لەو جوغرافیا سیاسییەی بە ئێران دەناسرێ بەتایبەت لەو هەرێم و ناوچانەی کە نەتەوە ستەملێکراوەکانی تێدا دەژین و لەو نێوانەشدا کوردستان کە پشکی شێری بەر کەوت، حەماسەی بایکۆتیان خوڵقاند.
ڕێژیمی دۆشداماو دیسانەوە بە ساختەکاری و خستنەڕووی هەندێ ئاماری ناڕاست ڕایگەیاند کە بەربژێرەکان ڕادەی پێویستیان لە دەنگەکان بۆ سەرکۆماری وەدەست نەهێناوە و پێویستە لە خولێکی دیکەدا ئەم شانۆگەرییە درێژە پێ بدەن کە ئامانج لێی لەڕاستیدا دەتوانێ دوو هۆکار بێت: یەکەمیان ئەوەیکە ڕوو بە دنیای دەرەوە بڵێت ئەوەتا لە وڵاتی ئێمە و لە سیستمی حوکمڕانیماندا دێموکراسی ئەوەندە بەهێزە کە ڕقابەت هەیە لە هەڵبژاردنەکانمان و ناچاریش دەبین بە دوو دەورە سەرکۆمارەکەمان هەڵبژێرین. دووهەمیش ڕەخساندنی هەلێکی دیکە بۆ ئەندازیاریکردن.
بەپێی هەندێک راپرسیی نافەرمی کە لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکان کراوە، دەرکەوتووە کە ٥٥ لەسەدی خەڵکانی ئێران نایانهەوێ لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن و رایانگەیاندووە کە دەنگ نادەن، ١٨ لەسەدیش هێشتا دوودڵن لەوەی کە ئایا بەشداری بکەن یان نا و تەنیا ٢٧ لەسەد باسیان لە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.
پرسی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا وەک هەمیشە، ناوی دوو باڵی بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازی ڕێژیمی هێناوەتە گۆڕ و هەموو میدیا و دەنگەبەر و ڕۆژنامەکانی ئێرانیش بۆ گەرمکردنی زیاتری بازاڕی بەناوهەڵبژاردنەکان و چەواشەکاریی زیاتر کە گوایە هەبوونی ئەم دوو باڵە لە ئێراندا، زیندوویی بە بازاڕی بەناو هەڵبژاردنەکانی ئێران داوە، لە هەوڵدان تاکوو بە نیشاندانی دژایەتیی نێوان ئەم دوو باڵە، سەرنج و لە ئاکامیشدا دەنگی خەڵک بۆ لای سندووقەکانی دەنگدان ڕاکێشن، بەلام ئەوەی کە وەکوو کەتوارێکی حاشاهەڵنەگر لەبەرچاوە و نکۆڵی لێ ناکرێ، نەبوونی جیاوازی لە نێوان ئەم دوو باڵەدایە.
چ بناژۆخوازەکان و چ ڕێفۆرمخوازەکانیش، هەردووکیان سەرچاوەگرتوو لە خودی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامین و هیچ جیاوازییەکیان نییە، لە ڕاستیدا بە هاتنە سەرکاری هەرکام لەم دوو لایەنە، دۆخی ئێران هەروا بەرەو خراپتربوون دەچێت.
ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خۆی لە هیچ هەوڵێکی دزێو پاشگەز نابێتەوە ڕاستییەکی ڕوونە بەڵام، خاڵێکی گرینگ ئەوەیە کە هاتنەسەرکاری هەر کەس، لە هەر دەستە و تاقم و گرووپێک، ئەتوانێ چی لە دۆخی خەڵکانی ئێران بگۆڕێ؟ ئایا بە هاتنەسەرکاری هەر کام لە کاندیداکان، کۆماری ئیسلامی نییە کە حوکم دەکات؟ ئایا ئەو دەسەڵاتە نییە کە ڕێوشوێن دیاری دەکات و ئایا عەلی خامنەیی نییە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و جێگرەوەی خودا لە سەر زەوییە و بە بێ ئیزنی ئەو تەنانەت خەڵکانی ئێران مافی هەناسەکێشانیشیان نییە؟
وڵامی هەمو ئەو پرسیارانە ڕوونە و ڕەنگە پێویستی بە شیکاری و شڕۆڤەی ورد نەبێت و تەنیا ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بەسەر مێژووی دەسەڵاتداریی هەر دوو جیناحەکەی نێو دەسەڵات دەری دەخات کە هیچ کامیان لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانی خەڵک و خاکی ئێراندا نەجوڵاونەتەوە و ناجوڵێنەوە؛ بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵی ئەوان پاراستنی "نیزام" لە شکڵی ئێستەی خۆیەتی؛ کە ئەم ڕاستییەش لە نێو قسە و کرداری هەموویانەوە دیارە؛ هەر لە خاتەمییەوە بگرە تا دەگاتە ڕوحانی و نوێترین بوکەڵەکانیان کە خۆیان بەشێکی ئەساسی بوون لە سەرخستن و ڕاگرتنی نیزام.
کەواتە پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنەکان، شانۆیەکی تەواو بەرنامەبۆداڕێژراوە، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ دەستێوەردانی تێدا بکات چونکە هەموو هەوڵەکە ڕاگرتنی هەیمەنەی کۆماری ئیسلامییە، ئەویش بە هەر نرخێک بێت، بۆیە دەتوانین بڵێین گرینگترین ئەرک کە دەکەوێتە سەر شانی هەر تاکێکی نیشتەجێ لە ئێران و بەتایبەتیش لە کوردستان ئەوەیە کە لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بەشدار نەبێت، چونکە هەر دەنگێک کە دەچێتە سندووقەکانی دەنگدانەوە، دەنگێکە بۆ بەردەوامیی ستەمی کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمی ئاخوندی، هەر بۆیە دەبێ قسەی هەموومان بە یەک دەنگ ئەمە بێت: من دەنگ نادەم بە بەردەوامیی ستەم...