کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: خەڵکی کوردستان ناچنە گەمەیەکەوە کە ڕێژیم مەیدانەکەی دیاری کردبێت

18:11 - 14 پووشپەڕ 2724

مستەفا هیجری: خەڵکی کوردستان ناچنە گەمەیەکەوە کە ڕێژیم مەیدانەکەی دیاری کردبێت

 

دیمانە: عەلی بداغی

ئاماژە: "کوردکاناڵ" لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان، هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و بارودۆخی حیزب پاش ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی ئێران و عێڕاق لەگەڵ بەڕێزیان وتووێژێکی کردبوو. "کوردستان" ئەم وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

 

کاک مستەفا پێش ئەوەی تایبەت باس لە پرسی هەڵبژاردنەکان بکەین، پێم باشە جەنابت خوێندنەوەیەکی گشتی لە وەزعی سیاسیی ئێستای ئێران بکەن.

لە پێوەندی لەگەڵ وەزعییەتی ئێران دەبێ بڵێم کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە هەتاکوو ئێستا سیاسەتەکەەی بەپێی ئێدئۆلۆژییەکەی داڕشت بۆ ئیدارەکردنی وڵات. ئەو سیاسەتە ڕۆژ بە ڕۆژ و هەنگاو بە هەنگاو  بوو بە هۆی ئەوەی زیاتر گیرو گرفت و قەیران و ناڕەزایەتی لەنێو خەڵکیدا پێک بێت تاکوو گەیشتۆتە بارودۆخێک کە ئێستا خەڵکی ئێران تێی‌دایە. بارودۆخێکە نە سیاسەتەکانی لە نێوخۆی وڵات سەرکەوتوو بووە نە لە دەرەوە، بەڵکوو تەنیا لە چوارچێوەی پاراستنی نیزام و ئیدئۆلۆژییەکەیدا چووەتە پێش. لەبیرمانە لە سەرەتادا خەڵک هیوا و هۆمێدی بە کۆماری ئیسلامی بەستبوو، پێیان وابوو بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەچاو ڕێژیمی پێشوو باشتر لە خزمەتی خەڵکدا دەبێ. لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانیشدا کە ئەودەم لە واقعدا مەسەلەی بەرەی چەپ و سۆسیالیزم بە سەرۆکایەتیی شۆڕەوی لە ئارادا بوو، ئەوانیش دڵیان بەوە خۆش بوو ئەو ڕێژیمەی تازە هاتۆتە سەرکار لەبەر ئەوەی دژی ئەمریکا قسە دەکا دەتوانێ یارمەتیدەری ئەوان بێت. تەنانەت ئورووپا و ئەمریکاش کیسەی گەورەیان بۆ هەڵدووریبوو  بۆ ئەوەی پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ ئێران دامەزرێنن و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە پارێزراو بێت. بەڵام دیتمان کە هەنگاو بە هەنگاو هەموو ئەوانە پێچەوانەکەی دەرچوو. ئێستا ئێرانێک دەبینین خەڵکەکەی لە برسیەتی و لە نەداری و لە نەهامەتی قەیرانی زۆر و بەرفراوان دەناڵێنێ. بێجگە لەوە کەرامەت، ویستی ئازادیخوازی، نەتەوەخوازی و هەموو ئەو ماف و داخوازییانەی خەڵک هەیانە و لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەڕەسمی ناسراوە، هەمووی لەلایەن ڕێژیمەوە پێشێل دەکرێن. لەو سۆنگەیەوە زۆر کەس ناچار بووە بۆ پاراستنی کەرامەتی خۆی و بۆ ئەوەیکە بتوانێ ژیانێکی باشتر بەدەست بێنێ ڕوو بکەنە وڵاتانی دیکە. هەرچەند ڕۆژ لەوە پێش بینیمان ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە لە کەناراوەکانی ئیتالیادا بەلەمەکەیان وەرەگەڕا و ژمارەیەکی زۆریان تێدا چوون. ئەوە بارودۆخێکە بەگشتی خەڵکی ئێران تووشی بووە.

لە سیاسەتی دەرەوەشدا کۆماری ئیسلامی خۆی بە ڕووسیە و چینەوە هەڵواسیوە، ئەگینا بە هۆی سیاسەتەکانیەوە مایەپووچ هاتووەتەوە و هیچ کوێ نییە ڕووی تێ بکا، ئەوانیش لەو پەڕی ئیستفادەکردندان لەو ڕێژیمە. کۆماری ئیسلامی جۆرەها ئیمتیازاتیان دەداتێ بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئەم دوو وڵاتەی هەبێت. لەو ساڵانەی پێشوودا کۆماری ئیسلامی بە عەرەبستانی سعودی دەگوت "مانگای شیر بدە بۆ ئەمریکا"، بەڵام ئێستا بۆ خۆی بووەتە مانگای شیر بدە بۆ ڕووسیە و چین، لە حاڵێکدا ئەوانیش کۆماری ئیسلامی بە دۆست و هاوپەیمانی خۆیانی نازانن و تەنیا دەیدۆشن. هەر نموونەی زۆر زیندوو هەڵوێستی ئەمدواییانە چین و ڕووسیە لە پێوەندی لەگەڵ سێ جەزیرەی تونبی گەورە، تونبی چووکە و ئەبوومووسادا بوو کە نەک هەر پشتیوانیی لە کۆماری ئیسلامی نەکرد، بەڵکوو دژی ئەو ڕایان دا. ئەوەیکە ئێستا لە دەرەوەی ئێران بە دەست ڕێژیمەوە ماوە کۆمەڵێک گرووپ و میلیشیان کە کۆماری ئیسلامی لە ڕوی ماددی، چەکوچۆڵ و ڕاهێناوە کۆک‌وپۆشتەی کردوون و ئەوانن ئێستا لە واقعدا بەرگری لە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. بۆیە بە قەوڵی فارسەکان "علی ماندە و حوضش".

 شەڕی غەززە و پەلهاویشتنی بۆ لوبنانیش کۆماری ئیسلامی دەخاتە نێوان دوو بەرداش کە ئایا بەشداری دەکا لە شەڕ دژی ئیسڕائیل بە پشتیوانی حیزبوڵڵا کە بێتوو ئەمە ڕوو بدا تووشی زەربەی زۆر گەورە دەبێ. خۆ ئەگەر پشتیوانی لە لوبنانیش نەکا ئەوجار میلیشیاکانیشی نامێنێ. لە ڕاستیدا چەندی لە تەمەنی ئەو ڕێژیمە بڕوا هەر ئەوەندەش زیاتر نەگبەتی و بەدبەختی بۆ خەڵکی ئێران بە دی دێ و نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا بەربڵاوتر دەبێت.

ڕێژیم لە بارودۆخەدا بە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمارییەوە سەرقاڵە. ڕاستە ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی مەرگی ڕەئیسییەوە پێشوەختەیە و نیزیک ساڵێک زووتر بەڕێوە دەچێ، بەڵام جیاواز لەوە، تایبەتمەندی یان جیاوازییەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە چاو هەڵبژاردنەکانی دیکە چییە؟

سەرفی‌نەزەر لە ئەندازیاریکردنی هەڵبژاردنەکان هەروەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بەڵام لە هێندێک شتدا دەتوانم بڵێم جیاوازیی هەیە، ئەویش بە سەرنجدان بە بارودۆخی سیاسی ناوچە و دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی. یەکێک لەوانە پرسی هەڵکشانی تەمەنی وەلی فەقیهـ و جێنشینیی ئەوە کە دوای نەمانی خامنەیی کێ جێی دەگرێتەوە و وزعی ئێران چی لێ دێتەوە؟ بابەتێکی دیکە ناکۆکیی نێو قۆڵەکانی ڕێژیم تەنانەت ئوسولگەراکانیش لەگەڵ یەکترییە، ئەوەیکە ڕۆژانە لە کاناڵە جۆراجۆرەکان دەبیستین. دیارە ئەوە بۆ ئەوە نییە کیسەی بۆ هەڵدوورین و پێمان وابێ ئەوانە شەڕەکەیان لەسەر بەرژەوەندیی خەڵک و خزمەتگوزاری، ئازادی و بەراوەردەکردنی ماف و داخوازییەکانی خەڵکە؛ بەڵکوو کێشەکەیان لەسەر دەسەڵاتی پتر لەو نیزامە سیاسییە گەندەڵە بۆ تاڵانیی زیاترە. ئەگەر خامنەیی نەمێنێ ئەو کێشە نێوخۆییانە بێگومان زیاتر سەر هەڵ دەدەن، چ لەنێو لایەنە سیاسییەکان، چ لەنێو دامودەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیم، ئەرتەش و سپای پاسدارانیش.

جیاوازییەکی دیکە ئەوەیە ئێمە بە ماوەیەکی نیزیکی چەند مانگ لەوەپێش لە ١١ی ڕەشەمەدا دو هەڵبژاردنی دیکەی ڕێژیممان بەڕێ کرد و بینیمان بەشداریی کەمی خەڵک ڕێژیمی تاساند. لە شارێکی وەکوو تاران کە هەشت مێلیون کەس مافی دەنگدانی هەیە، کەمتر لە ٢٥٪ بەشداریان کرد و ژمارەی دەنگی بەشێک لەو نوێنەرانەی تاران ئەوەندە کەم بوو کە لە دەوری یەکەم هەڵنەبژێردران و لە دەوری دووهەمدا دەنگەکانیان لە دەوری ٣٪ و ٤٪ بوو. مەجلیسێک کە بە ناوی نوێنەری خەڵک دەبێ بڕیار بدات و یاسا دابنێ بە دەنگی ٪٣ و ٤٪ ناتوانێ نوێنەرایەتیی ئەو خەڵکە بکا بۆیە ئەو مەجلیسە بەتەواوی نامەشرووعە. بێجگە لەوە ئەو هەلومەرجەی چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوودا بێتە پێشێ و ئێران تووشی هێندێک گیروگرفتی تازە ببێتەوە، ئەوانە هەموویان ئەو جیاوازییانەن کە دەتوانم بڵێم ئەو هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکە جیا دەکاتەوە.

کاک مستەفا دیاردەی سەرەکیی ئەم هەڵبژاردنە ڕێگەپێدان بە هاتنی مەسعوود پزیشکیان کاندیدایەکی بەناو ڕێفۆرمخوازە. بە بڕوای جەنابت پزیشکیان چی دەوێ؟ پەیام و گوتارەکەی چییە؟

کۆماری ئیسلامی باشتر لە هەموو لایەک دەزانێت ئاستی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان چەندە دابەزیوە و خەڵک ئەو حکوومەتەی ناوێت. بۆیە زۆر نیگەرانە لەوەی ئەمجارەش بەشداریی خەڵک لەوەش کەمتر بێت، بۆیە پێویستیان بە کەسێک بوو بتوانێ هەژانێک و گەرموگوڕییەک بخاتە هەڵبژاردنەکانەوە. بۆ ئەوەش کەسێکیان دیاری کردووە کە پشتیوانیی ئیسلاح‌تەڵەبەکانی هەبێت. هەرچەند بۆخۆی دەڵێ من ئۆسوولگەرایەکی ئیسڵاح‌تەڵەبم بەڵام ئەویش ساڵانێکی دووروودرێژ بە پشتیوانیی خامنەیی بەرپرسایەتیی گەورەی پێ سپێردراوە و هەر لە سایەی ئەو پشتیوانییەشدا ئێستا هاتۆتە ڕیزی بەربژێرەکان. ڕێژیم بەو هۆمێدە هێناویەتی بتوانێ قەیرانەکانی ئێستای پێ تێپەڕێنێ. دیارە کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا نییە ئیجازە بدا کەسێکی بە مانای ڕاستی ئیسڵاح‌تەڵەب ببێتە سەرۆک‌کۆمار، چونکە کۆماری ئیسلامی لانیکەم لە چوار پێنج ساڵی ڕابردوودا کە هێرەمی دەسەڵات بەردەوام لاوازتر بووە و لێی هەڵ دەوەرێ، بەرەوڕووی زۆر کێشە و قەیرانی دیکە بووەتەوە. بۆیە ڕێژیم هەموو هەوڵ و تەقالای ئەوەیە حکوومەت پتر یەکدەست بێت و چ ئەندام پاڕلمان یان سەرۆک‌کۆمار یا بەرپرسەکانی باڵای سپای پاسداران و ئیتلاعات هیچ زاوییەیکی فکرییان لەگەڵ وەلی فەقیهـ نەبێت.

واتە ئەرکی پزشکیان تەنیا بۆ بردنەسەری ئاستی بەشداریی خەڵکە؟

بەڵێ، پزیشکیان بۆخۆشی ئەوە دەزانێ، بۆیە دەڵێ ئەمن هاتووم بۆ ئەوەی ئاستی بەشداریی خەڵک بەرمە سەرێ. بەشێکی دیکەی قسەکەی پزشکیان ئەوەیە دەڵێ ئەمن لەژێر مەنوییاتی وەلی فەقیهـ و یاسا و پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا کار دەکەم. دەی باشە خۆ ئەوانەیکە تا ئێستا هاتوونەتە سەر کار هەر لە ژێر مەنویاتی ڕێبەردا کاریان کردوە، وەکوو ڕەئیسی. کەوابوو بۆ خەڵک چە دەگۆڕێ، هەر ئەو سیاسەتەیە کە درێژەی ئەوانەی پێشوویە. ئێمە ئەزموونی ئەوەشمان هەیە ئەو سەرۆک‌کۆمارانەی لەگەڵ وەلی فەقیهـ بە قەوڵی خۆیان زاوییە و جیاوازیی زۆر بچووکیان هەبووە چارەنووسەکەیان دیارە. هەر لە "بەنی سەدر"ەوە بگرە هەتا "کەڕووبی" و "مووسەوی". ڕەفسەنجانی گوتیان مەلەی نەزانیوە و لە حەوزی ئاودا خنکاوە!  ئەوانەی دیکەش چ خاتەمی، چ ڕووحانی، تەنانەت ئەحمەدی‌نژادێک کە کاتی خۆی خامنەیی گوتی ڕای وی لە هەموو سەرۆک‌کۆمارەکانی دیکە بە من نزیکترە! بۆیە ئەگەر قەرار بێ پزیشکیان یا هەر کەسێکی دیکەش ببێتە سەرۆککۆمار و کەمترین جیاوازیی لەگەڵ بووچونی وەلی فەقیهـ هەبێت، ئیمکانی نییە ئیجازە بدەن بێتە سەر کار. لە منازرەکانیشدا بینیمان کە پزشکیان هیچ ڕەخنەیەکی لە سیاسەتی سەرەکیی ڕێژیم نەگرتوە، بەڵکوو لەسەر میکانیزمەکان کێشەی کردوە.

پزیشکیان سەردانی سنەی کرد. لەوێ باسی ئەوەی کرد کورد بۆ ناتوانێ ببێتە ئۆستاندار؟ بۆ سوونییەک ناتوانێ ببێتە وەزیر یا ناتوانێ ببێتە کار بەدەستێکی پایەبەرز لەو وڵاتەدا؟ ئایا ئەوە ڕخنەیەکی جیددی بوو لە ساختاری کۆماری ئیسلامی، یان بە جۆرێک دابەزاندنی ئاستی مافخوازی خەڵکی کوردستان بە سوونە مەزهەب و بە غیرە سوونییەکانیشەوە؟

لە پێش هەموو شتێکدا دەبێ بڵێم ئەو قسانەی کە پزیشکیان و باقی کاندیداتۆرەکان دەیکەن لە واقعدا من بە گاڵتەکردن بە شعووری خەڵکی ئێرانی دەبینم، چونکە هەمووی ئەوانە هەرکامیان چەندین دەورە لە پۆست و بەرپرسایەتیی باڵادا بوون و هەتا ئێستاش بەتەواوی شەریکن لە هەموو ئەو نەهامەتی و بەدبەختیانەی تووشی خەڵکی ئێرانیان کردوە. ئەوان پێیان وایە ئەو خەڵکە حافزەی نییە و ئەوە فەقەت چاوی لە دەمی ئەوانە بزانێ دەڵێن چی و خەڵکیش بە قسەی ئەوان بکات. دیارە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووشدا ئەوە بووە، بە تایبەت لەو هەڵبژاردنەشدا پزیشکیان خۆی بە پێشکەتووتر دەزانێ لەوانی دیکە و باس لەوە دەکا لەنێو سوونییەکاندا خەڵکی باش هەیە و لەنێو نەتەوەکاندا خەڵکی هەڵکەوتوو هەیە و دەبێ ئەوانە بخوێنینەوە و بەرپرسایەتیان بدرێتێ. پزشکیان دەیەوێ وا نیشان بدا نەتەوەکانی ئێران بە تایبەت کورد تەنیا دەغدەغە و کێشەیان ئەوەیە کوردێک ببێتە بەرپرس، لە بەلووچەکان کەسێک ببێتە بەرپرس و دەیهەوێ خواستی خەڵک دابەزێنێ بۆ ئەو چوارچێوەیە. لە حاڵێکدا خۆ ئێمە وەکوو کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە کێشەکەمان ئەوە نەبووە کورد ببێتە بەرپرس یا کورد نەبێتە بەرپرس، ئەمە لە ڕابردوودا و لە ئێستاش لە حکوومەتی ئێستادا بەلووچی تێدا هەیە، عەرەبی تێدا هەیە، تورکی تێدا هەیە و هەموو نەتەوەکانی تێدا هەیە. بەڵام ئەوانە کەسانێکن مەیدانیان پێ دراوە و کەسانێکن لە ویلایەتی فەقیهـدا تواونەتەوە  بەشێکن لەو حکوومەتە جەهەنەمییەی بەسەر خەڵکدا زاڵە. ئەوانەی لەو ڕێژیمەدا بەرپرسایەتی وەردەگرن نوێنەری خەڵک نین، نوێنەری حکوومەتن و حکوومەت هەڵی‌بژاردوون، بۆیە ئەمن پێم وایە خەڵکی کورد و هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران ئاستی تێگەیشتن و لێکدانەوەیان ئەوەندە بەرزە ئامادە نابن لە مەیدانێکدا گەمە بکەن لە کۆماری ئیسلامی بۆی ئامادە کردوون. ئەو شێوە هەڵبژاردنە مەیدانێکە کۆماری ئیسلامی پێکی هێناوە و خەڵک دەبێ لە مەیدانی خۆیاندا گەمە بکەن، مەیدانی خەڵکیش بە تایبەتی مەیدانی هاونیشتمانانی کورد ئەو مەیدانەیە بۆ خۆیان خۆڵقاندوویانە و بە یەکگری خەباتەکەیان بۆ هاوپێوەندیی لەگەڵ یەکتری دژی ڕێژیم دەبەنە پێشێ. بۆیە ئەمن داوا و چاوەڕوانی ئەوەم هەیە خەڵک لە  مەیدانی بایکۆتکردندا بەرەوڕووی ڕێژیم ببنەوە و جارێکی دیکە "نا"یەکی گەورە بەو ڕێژیمە بڵێنەوە و ڕیسوای نێوخۆ و دەرەوەی بکەن.

بۆچی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لە ئاستی ئێران، بەتایبەت لە کوردستان گرینگە؟

ئەو بایکۆتکردنە لەم ڕووەوە گرنگە خەڵک نیشان بدا ئەو ڕێژیمەیان ناوێت، نەک بێن لەنێو ئەو نوێنەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆیانی دەستچن کردوە، بە قەولێک بێن لەنێوان خراپ و خراپتردا هەڵبژێرن. ئەوان ئەوەی هەڵیان‌بژاردوە ئەوەیە ئەو ڕێژیمەیان لە تەواویەتیی خۆیدا ناوێ، کەوابوو لە هەڵبژاردنەکەشیدا بەشداری ناکەن؛ هەروەها لە مەیدانێکدا کە ئەو ڕێژیمە دروستی دەکات ئەوان کاری تێدا ناکەن. لایەنێکی دیکەشی ئەوەیە بە دنیای نیشان بدەین خەڵکی ئێران بۆ جارێکی دیکەش سەلماندوویەتی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی حکوومەتی وان نییە، بەڵکوو بەسەریاندا سەپاوە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە دوای بزووتنەوەی ژینا چەندین ڕووداوی گرنگ لە کوردستان ڕوویان دا کە ئەگەر ئێمە لانیکەم دووانیان بە نموونە وەربگرین یەکیان هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممەی ڕابردوو و دووهەمینیان نەورۆز بوو. بینیمان کە لە کوردستان بەڕاستی ئەم دوو ڕووداوە چەندە توانییان تەعبیر لە مافخوازی و شوناسخوازیی کورد لە ئێراندا بکەن. جەنابت ڕۆڵ و سەنگی حیزبی دێموکرات کە لەوانیشدا بەڕاستی دەرکەوت لە ئێستادا چۆن دەبینی. بە تایبەت دوای ئەم ڕووداوانەی دوو ساڵی ڕابردوو کە بە نیسبەتی حیزبی دێموکرات ڕوویان داوە، واتە چۆن باس لە پێگەی و سەنگ و قورسایی حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی ڕووداوەکان لە نێوخۆیی وڵاتدا دەکەن؟

مەسەلەی کورد لە ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەسەلەیەکی گرینگن. زۆرتر لەو بارەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی هاتنەسەرکاریدا بە زۆر پیلان ویستوویەتی جووڵانەوەی کورد و بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەین بەرێ یان لاوازی بکا. بۆ ئەوەش هەرچی لە دەستی هاتوە کردوویەتی، بە تایبەتی لە دوای بزووتنەوەی ژینا کۆماری ئیسلامی بەو ئاکامە گەیشت کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بزووتنەوەیەدا چەندە شوێندانەر بوو، ئیدی دەستی کرد بە موشەک‌بارانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و باقی هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە هەرێمی کوردستان. ئەو دۆخە لە ڕاستیدا کێشە و گرفتی بۆ ئێمە دروست کرد و خەڵکەکەمان بۆ ماوەیەک ناچار بوون شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بە جی بێڵن، شەهید و بریندارمان دا و ئەو گیروگرفتانەمان هەبوو کە ئەمن بەش بەحاڵی خۆم پێم وابێ ئەوە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاساییە. چونکی کاتێک ئێمە لەگەڵ ڕێژیمێک لە بەربەرەکانی داین و بۆ مافی خەڵکەکەمان تێ‌دەکۆشین کە ئەو مافانە ڕێک لە ڕاستای دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سیاسەت و ئیدئۆلۆژی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، دەی ئەویش چی لە دەست دێ لەدژی ئێمە دەیکا و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەوانە زیاد دەکات. کەوابوو ئێمە دەبێ خۆمان بۆ هەموو کێشە و گوشارێک ئامادە بکەین ئەوە بەشێکیەتی کە ڕەنگە هێندێک کەس ئەو بەشە ببینێ و زەقی بکاتەوە بۆ ئەوەیکە بڵێ وەزعی حیزبی دێموکرات و وەزعی جووڵانەوەی کورد خراپە. لە حاڵێکدا ئەمن بەپێچەوانەی دەبینم. ئەمن پێم‌وایە لە ئێستادا جووڵانەوەی کورد لە ئێراندا و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باشترین دۆخی سیاسی خۆی‌دایە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانێک کە بەو هەموو پیلانەی لەدژی گێڕاویانە و هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەری هاتوون خۆی ڕاگرتوە بە پشتیوانی خەڵک و بە توانای خەڵک حیزبی دێموکراتێکە کۆماری ئیسلامی ئەوەندە لە بەر دەستی زەلیلە کە پەنا دەباتە بەر بەغدا بۆ ئەوەی بە دژی ئەو حیزبە ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی لەگەڵی ئیمزا بکات. ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەو حیزبی دێموکراتە بەهێزە. بێگومان هەتا ئەوکاتەش دژی ئەو ڕێژیمە لە خەبات‌داین ئاساییە ئەو ڕێژیمە چی لە دەستی بێت دژی ئێمە دەیکات، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە دەگەڵ هەمووی ئەوانەدا جێگە و پێگەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکەکەی خۆیدا چۆنە، ئایا بەهێز بووە؟ یا لاواز بووە؟ ئەمن لام‌وایە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو هەمیشە جێگەی ئێعتماد و باوەڕی خەڵکی کوردە لە ڕۆژهەڵاتدا و لەنێو ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانیشدا گوێی لێ دەگرن و گرینگی پێ دەدن و لە دنیاشدا ئێعتباڕی تایبەتیی خۆیی هەیە. بۆیە ئەمن بە داهاتووی خەباتی حیزبەکەمان هیوادارم. بەڵام ئەوە لە لایەکی دیکەشەوە ئەرکی ئێمە و ئەرکی کورد لە ڕۆژهەڵات قورستر دەکات کە مادام ئەو چاوەڕوانییە لە کورد و حیزبی دێموکرات هەیە، ئێمە دەبێ زیاتر وشیارتر و ئاگاهانەتر هەنگاو هەڵێنین لەپێناو درێژەدانی خەباتەکەماندا. ئێستاش هەر ئەوەیکە توانیومانە لە بەرانبەر ئەو هەموو هێرشانەدا خۆمان ڕابگرین نیشانەی ئەوەیە حیزبێکی بەهێزین، حیزبێکی بە تواناین و ئەو فشارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر کۆسپی نەخستۆتە سەر خەبات و تێکۆشان و سیاسەت و بیروبڕواکەمان، بەڵکوو ئێمەی پێداگرتر کردوە لە خەبات و بەرگری و خۆڕاگریدا.

کاک مستەفا زۆر سپاس کە کاتتان بۆ ئەو دیمانەیە دانا

ئێوەش ماندوو نەبن