کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەهمی دیکتاتۆر

02:14 - 14 پووشپەڕ 2724

عەلی بداغی

دیکتاتۆڕ دوو ڕۆژ پێش دەوری دووهەمی بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری جارێکی دیکەش وەقسە هات. ئەو کە سەرەڕای هەموو فرت‌وفێڵەکانی لە هێنانەوەی دووبارەی ئیسلاح‌تەڵەبەکان‌ڕا بگرە هەتا دووجەمسەریکردنەوەی کەشی سیاسی و ڕکابەریی هەڵبژارنەکان ئاکامی دڵخوازی لە شانۆگەرییەکەی ڕۆژی ٨ی پووشپەڕ وەرنەگرتبوو و بەشداریی کەمی خەڵک ڕیسەکانی لێ کردبووە خوری، دوو قسەی سەرەکیی هەبوو. یەکەم، ئەو زیاتر لە سەتا ٦٠ی خەڵک کە لە سێ هەڵبژاردنەکانی چوار ساڵی ڕابردوودا دەنگیان نەداوە، دژبەری نیزام نین، بەڵکوو کات و تاقەتی چوونەسەر سندووقەکانی دەنگدانیان نەبووە. دووهەم، پێداگری کردنەوە لەسەر ئەوەی بەشداریی خەڵک شەرعییەتدان بە نیزام و کڕینەوەی ئابڕوو بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی لە هاوکێشە نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکانە.

لەوەدا کە دیکتاتۆڕ زەبوونیی خۆی و ڕێژیمەکەی و داڕمانی متمانەی خەڵک بە نیزامی سیاسیی وڵات بە هەندێ هۆکاری وەک گلەیی خەڵک و نەبوونی کات و تاقەتی پێویست بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئەویش لە ڕۆژی پشووی حەوتوودا پاساو دەدات هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ، کە بۆخۆی زیاتر و باشتر لە هەر کەس و لایەنێک قسە و پەیام و نیازی دڵی خەڵکی وەرگرتوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەندێ ڕاستیی دیکەش وەبیر جەنابیان بێنینەوە.

یەکەم، کاتێک بۆخۆی ئیدیعا دەکا هەر دەنگێک بچێتە نێو سندووقەکانەوە جا بە هەر کەس و لایەنێک بدرێت ئەوە دەنگ بە تەواوەتیی نیزامی ویلایەتی فەقیهە، کەواتە هەر بەو مەنتیقە هەر دەنگێکیش نەدرابێ و هەموو دەنگە سووتاو و چرووک‌کردووەکانی نێو سندووقەکانیش "نا" بە تەواوەتیی ئەم ڕێژیمەیە.

دووهەم، خەڵک لەبیریانە کاتێک باس لە ڕاپرسی بۆ یەکلاکردنەوەی هەندێ پرس و بابەتی چارەنووسسازی سیاسی لەسەر ژیان و داهاتووی وڵات دەکرا، جەنابیان بەتوندی دژی دەنگ و ئیرادەی گشتی هەڵوێستی گرت و ڕایگەیاند خەڵک خۆ هەموو توانای لێکدانەوە و ناسینی چاکە لە خراپەی نییە، ئەدی چۆنە ئێستا کۆکردنەوەی حەیای تکاوی ڕێژیمەکەی دەستەوداوێنی ئەو خەڵکە بۆتەوە کە ئەوکات بە کاڵفام و نەزانینی دادەنا؟ پێچەوانەی بۆچوونەکانی جەنابی دیکتاتۆر ئەکتی سیاسیی خەڵک لە ڕۆژی هەینی ڕابردوودا کە بێگومان ڕۆژی هەینیی ١٥ی پووشپەڕیش پێی لەسەر دادەگرنەوە، نیشانەی ئەوپەڕی ژیری، وشیاری و پێگەیشتوویی سیاسیی خەڵکی ئێرانە.

سێهەم، سەیرە دەسەڵاتێکی سیاسی هەموو ماف و ئازادییەکی لە خەڵک زەوت کردبێت، وەڵامی داخوازیی ڕەوای خەڵک بە گرتن و کوشتن و ئاور و ئاسن وەڵام دابێتەوە، لەسەر دەرکەوتنی تاڵەقژێک ژیانی لە کچێکی شایی‌بەخۆ ئەستاندبێت و دواتر لەسەر شەقام خەڵکی بەر رەهێڵەی فیشەک دابێت، یان بە هەژاری و بێکاری و گرانی تاڵاوی دۆزەخی لە قوڕگی خەڵک کردبێت، سیاسەت و ڕەفتاری لەگەڵ وڵاتانی دی هەمووی لەسەر بنەمای ستراتیژی و ئایدۆلۆژییەک بێت کە هیچ بەرژەوەندییەکی خەڵکی وڵاتی تێدا نییە؛ بەڵام لە تەنگانەکاندا داوا هەر لەو خەڵکە بکات شەرعییەتی پێ بدەن و پێگەی دەسەڵاتەکەی بەهێزتر بکەن؟

چوارەم، مەگەر جەنابیان لەوە دڵنیا نییە ئەو خەڵکەش کە دەنگیان نەداوە لایەنگری ڕێژیم و نیزامی سیاسیی وڵاتن؟ دەی با هەر بەپێی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمەکەی خۆی ڕاپرسییەک بکات بۆوەی بەتەواوی دڵنیا بێت ئاخۆ خەڵک ویلایەتی فەقیهی دەوێ؟ سیاسەت  و نەخشەڕێیەکانی ئەم نیزامەی قبووڵە؟ دەنگی متمانە بە حاکمییەتی سیاسیی وڵات دەدات؟ جا ئەوکات با ئاکامی ئەو ڕاپرسییە سەنگی مەحەک بێت و دەمی دژبەران و نەیارانی ڕێژیمەکەشی بەستبێت. ئەدی بۆ نایکات و بۆچی لە باسی ڕێفڕاندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و وڵاتدا پێی‌وایە خەڵک بەسیرەت و پێگەیشتوویی ئەوەیان نییە بڕیار لە ژیان و چارەنووس و داهاتووی خۆیان بدەن؟

پێنجەم، جەنابی دیکتاتۆریش باش دەزانێت خەڵکی ئێران هەموو دەرفەتێکیان بە رێژیم بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی دا. لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا ئەو هەلەیان بۆ هەموو باڵە سیاسی و مۆرە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕێژیمە ڕەخساند بۆوەی هەنگاوێک بەرەوباشبوونی دۆخی خەڵک و وڵات هەڵگرن، بەڵام کاتێک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ نەهامەتی و نەگبەتییەکانیان زیاتر بووە و لەسۆنگەی قەیرانە کەڵەکەبووەکانەوە بڕستیان لێ بڕاوە، بایکۆت و "نا"گوتن لە ئێستادا تەنیا چەکێکە بەرەنگاری دیکتاترۆڕ و نیزامە سەرکوتگەرەکەی ببنەوە.

بەڵێ. پێچەوانەی بیرکردنەوەی دیکتاتۆڕ خەڵکی ئێران لەوپەڕی وشیاری و پێگەیشتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی‌دان. دەزانن بەشداریی ئەوان لە هەڵبژاردنەکاندا هیچ لە دۆخ و چارەنووسی ئەوان ناگۆڕێت، چونکی ئەساسەن ئەوەی دەبێتە سەرکۆمار -خۆ ئەگەر بیشیهەوێ- لەو پێگەیەدا نییە بتوانێ بە قازانجی خەڵک هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات. بۆ مەگەر سەرکۆمار دەتوانێت بەبێ ئیزنی دیکتاتۆڕ سیاسەتی دەرەکی داڕێژێتەوە و پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی ئاسایی بکاتەوە؟ بۆ مەگەر دەتوانێ ڕێگری لە پێدان میلیارد میلیارد دۆلار دارایی خەڵکی ئێران بە میلیشیاکانی ئێران لە ناوچە بگرێت و ئەو سامانە بۆ بووژانەوەی ژیان و کۆمەڵگەی ئێڕان بگێرێتەوە؟ بۆ بەبێ ڕەزامەندیی جەنابیان دەتوانێ کار بۆ کرانەوەی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەتی لە کۆمەڵگەدا بکات؟ مەگەر چەند جار تەرح و لایحەکان لە بەرژەوەندیی خەڵک تەنانەت لە مەجلیسی دەستچنکراوی ڕێژیمدا بە بڕیاری خودی جەنابیان وەک ئەمری حکوومەتی وەلانەنراوە؟ مەگەر بە داننانی جەوادی زەریف هەر بە بڕیاری جەنابیان کڕین و هێنانی واکسەن لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی قەدەغە نەکرا و بەو هۆیەوە هەزاران کەس لەو خەڵکە گیانیان لێ نەستێندرا؟ ئەوە نییە ئێستاش بە عالەم ئاشکرا دەڵێ هەر کەس ببێتە سەرکۆمار سیاسەت و ستراتیژییەکانی نیزام کە هەر جەنابیان دیاریی دەکا لەجێی خۆیانن؟

بێگومان خەڵکی ئێران لە ئێستادا باشترین هەڵوێستیان لەهەمبەر جەنابی دیکتاتۆر و ڕێژیمەکەی گرتووە، کە ئەویش بایکۆت و "نا"گوتنەوەیە، بەڵام ئەم ڕەوتە هەر بەوەندە ناوەستێ و دیکتاتۆر دەبێ چاوەڕوانی وەرگەڕانی لە سەر تەختی خونکاریی بێت. ئەو ڕۆژەش زۆر دوور نییە.