کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانۆ: ئێران هەتا ئێستا وڵامی روونی بە پرسیارەکانی ئاژانس نەداوەتەوە

15:36 - 1 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە ئێران هەتا ئێستا وڵامی روونی نیسبەت بە تاقیکارییە ئەتۆمییەکانی چەکی ناوکیی نەداوەتەوە.
هەواڵدەریی رۆیتێرز رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٣٠ رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاوی کردەوە کە لە حاڵێکدا کە دەرفەتی دانوستانەکانی نێوان ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی بۆ گەیشتن بە رێکەوتن کۆتایی پێدێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە ئێران هەتا ئێستا وڵامی روونی نیسبەت بە تاقیکارییە ئەتۆمییەکان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نەداوەتەوە.

ئەو راپۆرتەدا لە حاڵێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا رۆژی هەینی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ژنێڤ دانوستان دەکەن و رۆژی شەممە و یەکشەممە محەممەدجەواد زەریف و جان کیڕی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵات چاوپێکەوتنیان هەیە.

لەو راپۆرتە تازەیەی ئاژانسدا هاتووە کە رێژیمی ئێران هەتا ئێستا نیسبەت بە پرسی تاقیکردنەوەی چاشنی تەقینەوە و هاوشێوەسازی کامپیۆتێریی پەیوەندیدار بە تەقینەوەی ناوکی (شبیه‌ سازی کامپیوتری مرتبط با انفجارهسته‌ای) وڵامی نەداوەتەوە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە رێژیمی ئێران بەڵێنی دابوو کە هەتا رێکەوتی ٣ی خەرمانان وڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە.

دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان لەو باوەڕدەان کە رێژیمی ئێران لە هاوکاری و وڵامدانەوە نیسبەت بەو پرسیارە تایبەتیانە خۆ دەبوێڕێت.

ئەو راپۆرتە تازەیەی ئاژانس لە حاڵێکدایە کە  وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا رایگەیاند کە هەرجۆرە درێژکردنەوەی دانوستانەکان دوای مانگی مارس (سەرەتای مانگی خاکەلێوە) بێ بە ئاکام گەیشتنی رێکەوتنی گشتی لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی، رەت دەکرێتەوە مەگەر لە چوارچێوە و گەڵاڵەی گشتی رێکەوتننامەیەکی دیاریکراو بکرێت.

خامنەیی رێبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لێدوانی خۆیدا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: رێکەوتن لەسەر گشتایەتی و وردەکارییەکان دەبێت لە تاقە قۆناغێکدا و لەگەڵ ناوەرۆکی روون بێت و جێگای مشت ومڕی تێدا نەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: یا بڕیار دەدەن و دەیسەلمێنن کە بەرنامەی ناوکی ئێوە ئاشتیخوازانەیە، یا توانای ئەم جۆرە کارەتان نییە کە ئەوەش ئەگەری ئەوەی هەیە کە چیرۆکێکی دیکە روو بدات کە هیچ لایەنێک لە ئێمە خوازیاری بیستنی نییە.

لەو پەیوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستا دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی واشینگتۆن پۆست نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رێژیمی ئێران دربڕیبوو و دەوڵەتی ئۆبامایان بەوە تاونبار کردووە کە لە بەرانبەر رێژیمی ئێراندا شێوەیەکی راهاتنی گرتووەتە پێش و لەبەرانبەر دەسەڵاتخوازیی ئێران لە ناوچەکەدا هیچ هەڵوێستێکی نییە.

فرانک والتر ئێشتاین مایر، فیلیپ هێمۆند، لۆران فابیۆس و فێدریکا موگرینی رایانگەیاندوو کە رێگا چارە سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی ئیران رێکەوتن لە رێگای دیپلۆماسی و دانوستانە ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەو چوار کەسە داوایان لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە کە دەرفەت و کات بە دانوستانەکان بدەن و ئەگەر رێژیمی ئێران رێکەوتنەکەی پێشێل کرد لە خاڵەکانی دیکە بۆ بەرەنگاربوونە لەگەڵ زێدەخوازییە ئەتۆمییەکان کەڵک وەردەگرین.

گادەر. د