کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارمتەکانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران قەرەبوو دەکرێنەوە

16:16 - 5 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: کۆنگرەی ئەمریکا لە ڕێگای سزا و گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی و ئەو کۆمپانیانەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێرانیان پێشێل کردووە، قەرەبووی قوربانیانی تیرۆریزم و قوربانیانی دەستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ڕۆژی ٢٤ی دێسامبری نیۆیۆرک تایمز، کۆنگرەی ئەمریکا لە یاسای بوودجەی وڵاتی ئامریکادا خاڵێکی گونجاندووە کە؛ قوربانیانی دەستی تیرۆریزم و بەتایبەت بارمتە ئەمریکاییەکانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، قەرەبوو دەکرێنەوە. دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ، بارمتەکانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران کە ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ لە دەستی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی خومەینی‏دا دەستبەسەر کرابوون، دەوڵەتی ئەمریکا بەپێی یاسای نوێی بوودجەی وڵات، قەرەبوویان دەکاتەوە.

بەپێی ئەو یاسایە، لە ڕێگەی ئەو غەرامەتانەوە کە لەو کۆمپانیا و بانکە جیهانییە وەردەگیرێ کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ساتوسەودای نایاساییان کردوە، قوربانیانی تیرۆریزم قەرەبوو دەکرێنەوە. یەکێک لەو بانکانە، بانکی BNP Paribas لە فەرانسەیە کە نزیک بە ٩ میلیارد دۆلار سزا دراوە لەبەر ئەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی شکاندوە و یارمەتیی ئێرانی داوە تا ساتوسەودای دژی گەمارۆ پەسندکراوەکان، ئەنجام بدات.

قەرەبووکردنەوەی ئەم بارمتانە، ماوەی ٣٦ ساڵە وەدوا کەوتووە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی نیۆیۆرک تایمز، لەم دەورەیدا چوونکە دەوڵەتی ئەمریکا پارەی ئەو جۆرە سزایانەی لە سەر ئێران و کۆمپانیاکانی هاوکاری دەست کەوتووە و هەروەها کۆنگرە لە شێوازی ڕێککەوتنی ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ ئێران ناڕازییە، پەسند کردنی ئەو خاڵە لە بوودجەدا ئاسانتر بووە و بەم شێوەیە، هەر بارمتەیەک یان بنەماڵە میراتبەرەکانیان، ٤ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلاریان پێ دەدرێ. بەو پێیە، کۆی گشتیی قەرەبووکردنەوەکە بۆ سەرجەمی٥٣ بارمتەکە، دەبێتە نیزیک بە ٢٣٣ میلیۆن دۆلار.