کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پروپاگانده بۆ هیچ!

16:08 - 16 پووشپەڕ 2724

ڕەزا دانشجوو

شانۆی گاڵتەجاڕانەی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی، وەک پێشبینی دەکرا، بەپێی ئاماری میدیاکانی خودی ڕێژیم، کەمترین ڕێژەی بەشداریی تۆمار کرد و کۆماری ولایەتی فەقیهـ دیسان ڕێکۆردێکی تازەی بەدەست هێنا! ڕێژەی بەشداریی ئەوندە کەم بوو تەنانەت کاربەدەستانی ڕێژێمی سەرسام کرد.

کۆماری ئیسلامی دوای تۆمارکردنی بەشداریی ٣٠٪ لە دوایین خوڵی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی و ٧٪ لە دەوری دووەم لە تاران، هیوادار بوو بە دووبارەکردنەوەی سیناریۆی دووجەمسەریکردن و دووانەی ئیسلاحات و بناژۆخوازی ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری زیاد بکات. بەڵام دەسکەوتی ڕێژیم لەم هەڵبژاردنە جگە لە بێ‌ئابڕوویی زیاتر نەبوو. بڵاوبوونەوەی وتارێکی کۆنی چەند ساڵ لەمەوبەر خامنەیی کە تێیدا ڕێژەی بەشداریی ٤٠٪ لە هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوا بە شەرمەزاری و پەڵەیەک لەسەر دێموکراسی لەو وڵاتانە دەزانێت، لەم ڕۆژانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن خەڵکانی بێزار لە کۆماری ئیسلامییەوە پێشوازی لێ کرا.

 شێوازی ئامادەبوونی خەڵک و بەشداری نەکردنیان لە نمایشی هەڵبژاردن کۆمەڵێک خاڵی زۆر گرینگ و بنەڕەتی لەخۆدەگرێت:

یەکەم، ٢ی خورداد و ڕەوتی بەناو ئیسلاحات جگە لە جەستەیەکی مردوو و نێژراو لە باوەڕی خەڵک مانایەکی دیکەی نییە، و کەس ئیتر گرینگی بە فێڵ و تەڵەکەکانی ڕێژیم نادات. تەنانەت کەسێکی وەک پزیشکانیش بە کارنامەیەکی کەمتر تێکەڵاوی جنایەت و بەڕەچەڵەک تورک و لەدایکبووی مەهاباد و شارەزا لە زمانی کوردی بۆ ورووژاندن و هەڵخڕاندنی خەڵک ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەشداریی خەڵک هەبێت. دەرکەوتنی دووبارە ڕێویی پیریش -سەید محەم،ەد خاتەمی- هیچ شتێک ناگۆڕێت.

دووەم خاڵی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە دابەشبوونی دەنگەکان بوو لە نێوان کاندیدەکاندا. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت دواجار هەندێک کەسی بێ‌هەڵوێست، لەژێر کاریگەری کەشی ڕاگەیاندن و لێکدانەوەی هەڵە بە هیوای باشتربوونی ژیان، تەنانەت تا ڕادەیەکی سنوورداریش بەشداریی ئەم هەڵبژاردنەیان کرد و لە ڕاستیدا ئەوانیش دژی بارودۆخی ئێستان. بە واتایەکی تر لە باشترین حاڵەتدا لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت ٢٠٪یش نین! واتە کەمینەیەکی زۆر سنووردار!

ئەم شانۆی گاڵتەجاڕانە نمایشی هەموو سەروەت و سامانی کۆماری ئیسلامی بوو! لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی وەک تەلەفیزیۆنی ڕێژیم ناتوانا لە سازکردنی بەرنامە و درامای نوێ و ورووژێنەر بۆ سەرقاڵکردنی بینەرانی، ساڵانێکە خەریکی دووپاتکردنەوەی زنجیرە کۆنەکانە! ئەم فیلم و زنجیرەیەی ساڵانێکە خەڵک دەیبینن و کۆتاییەکەی باش دەزانن!

خاڵێکی دیکەی ئەم هەڵبژاردنە، جگە لە دوورخستنەوەی کەسانی وەک ئەحمەدی‌نژاد و لاریجانی، کەمیی دەنگەکانی محەممەد باقر قالیباف، دۆستی نزیکی موجتەبا خامنەیی بوو. لە کتێبی "خۆفێرکاری دیکتاتۆر"دا لە نووسینی "ڕاندال وود" و "کارمینە دولوکا" دەخوێنینەوە: "نابێت هیچ وەزیر و بەرپرسێک وا بیر بکاتەوە کە پێگەی ئەو هەمیشەییە". بەردەوام بە لە گۆڕینی بەرپرس و وەزیر. لەم حاڵەتەدا پەرلەمان وەک مۆرێکی پلاستیکی وایە کە هەموو بڕیارەکانت پەسەند دەکات و ڕوویەکی یاساییان پێدەبەخشێت!"

سەبارەت بە قۆناخی دووهەمی هەڵبژاردن و لە ڕاستیدا گەورەکردنەوەی ساختەکاری و بەئانقەستی ڕکابەریی نێوان ڕەوتی بەناو ئیسلاحات و بناژۆخواز، ڕێژیم هەوڵ دەدات لە خولی دووەمدا قەرەبووی شکستی ئابڕوبەرانەی خۆی بکاتەوە! ڕیکلامە دووبارەبووەکانی ڕەوتی ئیسلاحاتی ڕێژیم بۆ هاندانی خەڵک بۆ دەنگدان لە ڕێگەی تۆقاندنی خەڵک لە ئەگەری هاتنەسەرکاری توندڕەوەکان و جەختکردنەوەی دووبارەی پزیشکان لەسەر زمان و کولتوورە جیاوازەکانی ئێران، بەشێک لە هەوڵەکانی ڕێژیمن بۆ ڕادیکاڵکردنی ئەم ڕکابەرییە ساختەکارییە لە ڕۆژانی پێش خولی دووەمدا بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بچنە سندوقی دەنگدان.

میدیاکانی ڕێژیم کە دوای شکستی قۆناغی یەکەمی شانۆی هەڵبژاردن زۆر هەوڵیان دا ڕێژەی ٤٠٪ی بەشداریکردن وەک پێناسەیەکی گرنگی هاوڕێیەتی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات بەکار بهێنن ئێستا خەریکی ئامادەکاری بۆ بەشی دووهەمی ئەم شانۆ گاڵتەجاڕییەن.  قۆرخکاریی میدیایی و سانسۆر و فیلتێرکردنی میدیایی ئازاد، بەشێکی سەرەکیی سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە، بە تایبەت لە کاتی ڕووداوە گرنگەکاندا. ئەمە شێوەی هەڵسوکەوتی هەموو حکومەتە دیکتاتۆرەکانە. لە کتێبی "خۆفێرکاری دیکتاتۆر"دا  دێت: ڕاگەیاندن بکە بە هی خۆت و سوود لە خزمەتەکانیان وەربگرە و هەر درۆ و فێڵێک کە حەزت لێیە خۆراک بدە بە میللەتەکەت. ڕۆژنامەنووسی ڕووسی یاکۆڤ سمیرنۆڤ سەبارەت بە قۆرخکاری مێدیا لە سەردەمی سۆڤیەت دەنووسێت: لە ڕووسیەی سۆڤیەت تەنیا دوو کەناڵی تەلەفزیۆنیمان هەبووە. یەکەم کەناڵ پڕوپاگەندە بوو. لە کەناڵی دووەمدا ئەفسەرێکی KGB خەریکی قسەکردن بوو و دوای تەواو بوونی قسەکانی دەیگووت: باشە! ئێستا بڕۆن سەیری کەناڵی یەک بکەن".

لە شوێنێکی دیکەی ئەم کتێبەدا دەخوێنینەوە: "کۆنتڕۆڵی نێوەڕۆکی ئینتەرنێت و تەلەفزیۆن بکە، بەڵام با خەڵک چەند دەیانەوێت سەیری بەرنامەی کات بەسەربردنی ناشرین و بەرنامەی بێمانا و پێشبڕکێی تەلەفزیۆنی بێمانا و پێشبڕکێی وەرزشی و فیلمی دابەزێنراو بکەن. "وا لە خەڵک بکە لەسەر قەنەفە گەرم و نەرمەکانیان پاڵ بکەون و چاویان لە شاشەی تەلەفزیۆن یان مۆبایلەکانیان بێت و بە تامەزرۆییەوە سەیری یارییە وەرزشییەکان بکەن، لەبری ئەوەی بڕژێنە سەر شەقامەکان..."

بێگومان دەبێ بگوترێ بە هاوکاریی میدیایی هەمەچەشنی ئەمڕۆ و سەرەڕای هەموو سانسۆر و فیلتێرێک، ڕەوتی ئازادیی زانین توانیویەتی زۆر باشتر سروشتی ڕووداوەکان بۆ خەڵک بگوازێتەوە و ئێستا ڕێژیم ناتوانێت بە قۆرخکردنی میدیا پێش بە بڵابوونەوەی ڕاستیەکان بگرێت. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا لای خەڵک بێ‌بایەخ و باوەڕپێنەکراوە، خودی میدیای دەسەڵاتە! ساڵانێکە خەڵک هەموو ئەو شتانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی میدیاکانیەوە دەیڵێت بە درۆ ۆ ناڕاست دەزانن.

سیرکی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا خۆی بۆ نمایشی دووەم ئامادە دەکات، کە لە نمایشی یەکەمدا هیچ کام لە ویست و داخوازییەکانی ڕێکخەرانی بەدی نەهات! ئەو سیرکە کە بە هیوای دۆزینەوەی بینەری تازە بۆ ئەم نمایشە گاڵتەجاڕییە بە ڕیکلام و خەرجییەکی زۆرەوە، تەنانەت دەست بە داوێنی ڕێویی پیریش بوو, بەڵام خەڵکی ئاگادار بەبێ گوێدان بە دروشم و بەڵێنی پووچی تاقمێک هەلپەرەست نەبوونە کاربەڕێکەری بێدەسەڵاتی ڕێکخەرانی ئەم شانۆ گاڵتەجاڕییە. سیرکێک کە بەپێچەوانەی هەموو سیرکەکان, زیاتر لەو کەسانەی لە ساحەکە نمایش دەدەن، ئەوانەی چوونەتە تەماشای ئەم سیرکە بوونە مەلعەبەی دەستی ساحێب سیرک.

مەلعەبەی دەستی دیکتاتۆرێکی پیر! دیکتاتۆرێک کە ئێستا لە لێواری هەڵدێردا، خەریکی نمایشدانی بە ڕێویی پیرە تا ڕەنگە بتوانێت ماوەیەکی زیاتر تاج و تەختەکەی ڕابگرێت!

کۆتایی قۆناغی یەکەمی ئەم سێرکە گاڵتەجاڕییە شکستێکی ڕەها بوو!  ئیتر هیچ کەس پارە سەرفی تەماشای جاکل(شغال) و ڕێویی کۆماری ئیسلامی ناکات!

هیچ شتێک قەرەبووی بێ ئابڕوبوونی کۆماری ئیسلامی ناکاتەوە! کۆتایی و ئاکامی ئەم شانۆ پرخەرج و گاڵتەجاڕییە و ئەم هەموو ڕێکلام و خۆنواندنە، هیچ بوو! هیچ!