مەنسوور مروەتی
لە دوای ئەم چەند مانگە پڕ ڕەمز و ڕازەی دوای کوژرانی برایمی ڕەئیسی و هەڵپەهەڵپی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و هەوڵدانی زۆری کۆماری ئیسلامی بۆ هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان، سەرنجام بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی بەشداریی خەڵک، ناوی مەسعوودی پزشکیان کاندیدای بەناو ئیسلاحخوازەکان لە سندووق هێنرایە دەرێ. ڕێگەدانی ڕێژیم بە هاتنی بەناو ئیسلاحخوازەکانی نێو دەسەڵات و وەڕێخستنی شانۆی ئوسوڵگەرا و ئیسلاحتەڵەب بۆ گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردن لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئیڕان لەمێژە لەم دوو ڕەوتە تێپەڕیون و ئەمجارە بە کەمترین ڕێژەی دەنگدان بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرکۆماردا کرد و تەنانەت بە ئامارسازیی درۆیینی کۆماری ئیسلامییش بێ سەتا شەستی ئەوەی کە مافی دەنگدانی هەبوو دەنگیان نەدا و بەشدارییان لە هەڵبژاردندا نەکرد.
ئەوەی چاوەدێری بارودۆخی سیاسیی ئێران دەکا دەزانێ عەلی خامنەیی و ئاڵقەی دەوروبەرەکەی لەمێژە بڕیاریان داوە ڕیفورمخوازەکان لە گۆڕەپانەکە وەدەرنێن و ئەوەشیان تا ئاستی زیندانیکردنی میرحوسەین مووسەوی و مەهدی کەڕووبی و قەدەغەکردنی دەرکەوتنی محەممەدی خاتەمی جێبەجێ کردوە. لە لایەکی دیکەشەوە تەنانەت محەممەدی خاتەمییش چەند مانگ لەوەپیش و پێش هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بێهیوا لە ئاڵوگۆڕ لە کۆماری ئیسلامی،بەشداریی هەڵبژاردنی نەکرد و گوتی خەریکین لە خۆڕووخاندن نزیک دەبینەوە. واتە ئەویش بەو ڕاستییە گەیشتبوو کە بەهەر جۆرێک بێ تەمەنی کۆماری ئیسلامی خەریکە لە کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە. بەڵام ئەی چی بوو ئەمجارە ڕێگەیان پێدان کە بەربژێریان هەبێ و تەنانەت براوەش لە ئاو دەربچێ؟
وڵامەکە ڕوونە، دۆخی کۆماری ئیسلامی و دیکتاتۆریی زاڵ بەسەر وڵاتدا ڕێک وەهایە کە تەنانەت خاتەمیش دانی پێدا نا. واتە کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕووخانی یەکجاری دەچێ و هەموو ترسیان ڕێ نیشتوە و بۆ مانەوەی خۆیان و دەربازبوون لە ڕووخان پەنا بۆ هەموو سیناریۆییک دەبەن، دەنا ئەگەر وانەبا بێ گومان لە جیاتی پزشکیان، سەعیدی جەلیلی لە سندووقی هەڵبژاردن دەهێنرایە دەرێ و زۆرێک لە خەڵک و چاوەدێرانی سیاسیش هەر چاوەڕێی ئەوە بوون.
کۆماری ئیسلامی ئێران چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکیدا چەندین ساڵە قەیران بە قەیران تێپەڕ دەکا. بێزراوی و نەبوونی شەرعیەتی نێوخۆیی و خەڵکی لە لایەک و لە دەستدانی متمانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وای لە ڕێژیم کردوە کە بیر لەوە بکەنەوە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە و مەترسییەکانی سەریان لەگەڵ ڕێفورمخوازەکان بگەنە ڕێککەوتنێک و پێکەوە خەمێک لە ڕووخان و لەبەینچوونی خۆیان بخۆن. بۆیە هێنانی پزشکیان وەکوو کاندیدای ڕێفورمخوازەکان لە هەردوو باری ناوخۆیی و دەرەکیدا کەڵکی بۆ ڕێژیم دەبێ.
لە ئاستی نێوخۆیی پزشکیان بە ڕەخنەگرتن لە دۆخی وڵات هەندێ وادە و بەڵێنیی جۆراوجۆری بە خەڵک دا، هەوڵی دا لەو ڕێگایەوە سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی و سندووقەکانی هەڵبژاردن ڕابکێشێ و بۆ کۆی سیستمیش کەڵکی ئەوەیە لەیەگەری بەشداریی خەڵکدا ئەوە بە دنیای دەرەوە نیشان بدەن و بڵێن ڕەوایەتیمان لە نێو خەڵکی خۆماندا هەیە.
لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا شەڕەنگێزی و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە تێکدانی دۆخی نێوخۆیی وڵاتانی دەوروبەر و دابەزینی متمانە و ئاستی ئیعتباری ڕژیم بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ژینا و سەرکوتی خوێناویی خەڵک، وا دەخوازێ ڕووبەدەرەوە پزشکیان وەک نوێنەری ڕێفورمخوازەکان و کەسێکی میانەڕەو نیشانی دنیا بدەن و لەو ڕێگایەوە هەوڵ بدەن ڕواڵەتێکی دیکە وەکوو دەورانی خاتەمی لەم سەرکۆمارە و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی پیشان بدەن.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە کاندیداکانی سەرکۆماری و یەک لەوان سەرکۆماری تازە لە کاتی بانگەشەکاندا هیچ بەرنامەیەکی ئەوتۆیان بۆ داهاتوو و بوون بە سەرکۆمار نەخستە ڕوو و هەوڵی هەموویان ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان بوو.
سەرکۆماری تازەش بە پێچەوانەی هاوبیرەکانی خۆی لە بەرەی ئیسلاح تەڵەبی لەو ماوەیەدا تەنانەت ناڕاستەوخۆش بووبێ چکۆلەترین ڕەخنەی لە ڕێبەر و دامودەزگای ڕێبەری نەگرت کە هیچ، بەڵکوو بەردەوام گوێڕایەڵیی خۆی بۆ خامنەیی دووپاتە دەکردەوە و پاساویشی بۆ کاروکردەوەکانی خامنەیی دەهێنایەوە. بەجۆرێک کە بەڕاستی بۆ خەڵک ڕوون نەبوو، ئەرێ ئەمە ئوسوڵگەرایەکی ئاڵوگۆڕخوازە یا ئیسلاح تەڵەبێکی گوێڕایەڵ.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی باس کرا و بەم وەزعەی ئێستای ئێران، بەم داڕووخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە لە سایە سەری ئەم ڕژیم و حکوومەتەوە بڕستی لە خەڵکی ئێران بڕیوە، چاوەڕوان ناکرێ هیچ ئاڵوگۆڕێک لە وەزعی خەڵکدا بەرەو چاک بوون بکرێ. لە ماوەیەکی نزیکدا بەرەبەرە مافیا سیاسی و ئابوورییەکانی نێو ڕێژیم وەها قورگی پزشکیان دەگوشن، وادە و بەڵێنییەکانی وەکوو سەرکۆمارەکانی پێش خۆی هەمووی دەبنە دەسمایەی گاڵتە و گەپی تەنز تاڵی خەڵک.
لەگەڵ هەموو پلان و پیلانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرباز بوون لە ڕووخان و تێکوەپێچانی ئەم دەسەڵاتە مافیاییە، زۆر ناخایەنێ تەپوتۆزی ئەم هەڵبژاردنەش دەنیشێتەوە و ئەوەی لەلای خەڵک ئەسڵێکی نەگۆڕە ئەوەیە کە تەنیا ڕێگای ڕزگاریی خەڵکی ئێران بە هەموو نەتەوەکانیەوە درێژەدانی خەباتی بێوچانی خۆیانە تا ڕۆژی ڕزگاری. چارەنووسی مەسعوود پزشکیانیش لە کۆماری ئیسلامیدا هەر بە دەردی نەقڵەکەی کوێخای کۆن دەچێت.