کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاواردنەکان لە ئێران (هەڵبژاردنەکان بۆ نموونە)

15:59 - 16 پووشپەڕ 2724

حەسەن قارەمانی

هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری ئێران یەکێک لە نموونە بەرچاوەکانی هەڵاواردن لە ئێران لە سەردەمی هاوچەرخدا پێشان دەدات. ئەم هەڵاواردنە بە تایبەتی لە بەرامبەر نەتەوە جۆراوجۆرەکان بە ئایینزای جیاواز لە ئایینزامی ڕەسمیی وڵات کە لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا دەژین، دیارە. ئەم گرووپانە کە بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی وڵات پێک‌دەهێنن، ڕووبەڕووی سنووردارکردنی جددی دەبنەوە بۆ مافە مەدەنییەکانیان، بەتایبەتی سەبارەت بە توانای خۆیان بۆ کاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتیی وڵات.

یاسای بنەڕەتیی ئێران و پەیڕەوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئێران دەڵێ دەبێ کاندیدەکانی سەرۆک‌کۆماری شوێنکەوتووی دڵسۆزی ئایینی شیعەی چواردە ئیمامی بن. ئەمەش موسڵمانانی سوننە، مەسیحی، جوولەکە، بەهایی، زەردەشتی و تەنانەت شیعەکانی غەیری دوازدە ئیمامی و کەمایەتییە ئایینییەکانی دیکە لەو مافە بێبەش دەکات. تەنانەت کەمینە نەتەوەییەکانی وەک کورد و بەلووچ سەرەڕای هاوبەشی ئایینزایی شیعەبوونیشیان، بەڵام بەهۆی پێشینەی نەتەوەیی و خەباتگێڕیی خۆیانەوە پەراوێز دەخرێن.

لەو وڵاتەدا بۆ ئەم گرووپە ئیتنیکی و ئاییزانییانە تەنیا دەنگدان وەک ئامرازێک بۆ بەشداریی سیاسی دەمێنێتەوە، بەڵام زۆرێک وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سروشتی جیاکاریی سیستەمەکە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان وەک هەڵوێست هەڵدەبژێرن. ئەم بایکۆتە شێوازێکە بۆ پرسیارکردن لە شەرعییەتی سیستەمێک کە بانگەشەی دێموکراسی دەکا، بەڵام بەکردەوە فڕی بەسەر دێموکراسییەوە نییە.

ئەم جیاوازی و نادێموکراتیک‌بوونە بە بەراوردکردنێکی سادە لەگەڵ وڵاتانی دیکە پتر دەردەکەوێ. بۆ نموونە لە دێموکراسییە ڕاستەقینەکاندا هەموو هاووڵاتیان مافی یەکسانیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسە سیاسییەکان دەستەبەر دەکرێت ، بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ ئایین و ئیتنیک یان ئایینزایەک بن. تەنانەت ئەفریقای باشوور دوای زاڵبوون بەسەر ئاپارتایددا، یاساگەلێکی خستەڕوو کە مافی سیاسی و مەدەنیی یەکسانی بۆ هەموو هاووڵاتییان گەرەنتی کردوە.

ئەو بێبەشکردنە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێران تەنیا تەکنیکێک بۆ لەپاڵوێنەدان و قۆرخکردنی دەسەڵات لە دەستی بازنەیەکی بچووکدا نییە، بەڵکوو تەعبیر لە هەڵاواردنێکی قووڵتر و سیستماتیک دەکات کە ڕەگ و ڕیشەی لە شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٣٥٧دا هەیە. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش و لە فەزای هەستەکیی ئەوکاتدا یاسای بنەڕەتیی نوێ پەسەند کرا کە بەردی بناغەکەی لەسەر هەڵاواردن و دابەشکردنی ئەندامانی کۆمەڵگە داڕشتبوو. ئەم چوارچێوە یاساییە لەو کاتەوە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەم وڵارەی ناچار کردوە لە نوێنەرایەتی سیاسی و هابەشی دەسەڵات وەلابنرێن.

ئەم جیاکارییە سیستماتیکییە نەک تەنیا کەمینە ئایینییەکان، یان ئایینزای غەیرە شیعەی گرتووەتەوە، بەڵکوو پێوەرە ئیتنیکییەکانیش سەرەڕای هاوبەشیی ئایینزایی دەتوانن ببنە کۆسپ لە بەردەم ئەوەی بۆ نموونە کوردێکی شیعەش بتوانێ خۆی لەو بازنەیەدا ببینێتەوە. ڕەگەز و جنسییەتیش وەک هۆکارێکی دیکەی پەراوێزخران و بێبەشکران لەو مافە سیاسییە لەجێی خۆی کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لە ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگەی ئێران زەوت کراوە.

ئەو بنەما یاساییە فۆرمێکی دەگمەنی بە دامەزراوەیی کردوە کە زۆر لە پەیوەندییەکی سیاسیی سادە تێدەپەڕێت و بەشێکە لە سیستەمێکی فراوانتر کە تێیدا یەکسانیی ئایینی و نەتەوەیی و فرەچەشنی و گشتگیری تێک دەدات. ئەم سیستەمە ژینگەیەکی دروست کردوە کە زۆرێک لە هاووڵاتیان نەک هەر هەست بە پەراوێزخران دەکەن، بەڵکوو دەبینن شانسی بەشداریکردنی سیاسیی ماناداریان بۆ نزیکەی سفر کەم دەبێتەوە.

ڕێبەرانی شۆڕشی ئیسلامی ئایینزای شیعەیان وەک هێزێکی یەکگرتوو لەدژی نیزامی پێشوو دەبینی، بەڵام ئەم یەکگرتنە لەسەر حسێبی مافی کەمینەکان هاتۆتە ئاراوە و ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەیەک هەست بە نامۆبوون و بێدەنگبوونی بکات. سروشتییە لەو بارودۆخە سیاسییەدا بایکۆتکردنی هەڵبژاردن ببێتە ستراتیژییەکی گرنگ بۆ ئەم گرووپانە بۆ ئەوەی دژی ئەو هەڵاواردنە ڕەگداکوتاوانە بوەستنەوە کە بەسەریاندا سەپاون. بەمجۆرە زۆرینە خەڵک وێڕای ئەوەی لە دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە ناڕازین، بە خۆبەدوورگرتن لە دەنگدان، ناڕەزایەتیی خۆیان بە تەواوەتیی سیستەمی یاسایی ولات دەردەبڕن و شەرعییەتی سیستەمێک دەخەنە ژێر پرسیارەوە کە بانگەشەی دیموکرات‌بوون دەکات، بەڵام لە پراکتیکدا دوگم و داخراو و نادێموکراتیکە. ئەم فۆرمەی نافەرمانی مەدەنی تیشک دەخاتە سەر نادادپەروەرییە پێکهاتەییەکان و وەک ئەکتێکی بەهێز ئەم ڕاستییە دەخاتەڕوو کە سیستەمی سیاسیی ئێستا نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بکات.

هەروەها بایکۆت جۆرێکە لە هاودەنگی و هاخەباتی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کە ژانی هاوبەش و داخوازی وەک یەکیان هەیە. بەمجۆرە بە گرتنەبەری ستارتیژیی بایکۆت بە یەکگری بەرەیەکی هاوبەش لەدژی ئەو نادادپەروەرییە سیستماتیکە پێک دێنن. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی دەنگی بەکۆمەڵیان و زیادکردنی فشار لەسەر حکومەت بۆ ئەگەری چاکسازیی یان تێپەڕین لە تەواوەتیی ئەم دەسەڵاتە.

خاڵێکی گرینگی دیکە ئەوەیە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانی ڕاستەقینە، پێویستە ئەو بایکۆتانە گوشاری نێودەوڵەتی و کۆدەنگی و ئیجماعی سیاسیی نێوخۆی لەگەڵدا بێت. جیهانی دەرەوە دەتوانێت ڕۆڵێکی گتینگی هەبێت لە پشتیوانیکردنی ئەم گرووپانە و ئیدانەکردنی پراکتیزەبوونی جیاکاری و هەڵاواردنەکان. لە نیوخۆی ئێرانیشدا خەڵک دەبێ بەردەوام بن لە ڕێکخستن و پێشخستنی داواکارییەکانیان بۆ یەکسانی ماف و نوێنەرایەتی و بەو قەناعەتە بکەن کە تەنیا لە ڕێگەی هەوڵی یەکگرتووەوە دەتوانرێت بەگژی ئەو هەڵاواردنە ڕەگداکوتاوەدا بچنەوە کە لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا بەرەوڕووی کەمایەتییەکان دەکرێت.

بارودۆخی ئێران تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن ئاستەنگە سیستماتیکییەکان دەتوانن هەستێکی قووڵی نامۆبوون و پەراوێزخستن لە نێوان چین و توێژە گەورەکانی دانیشتوواندا دروست بکەن. تاکەڕێگای بەرەو پێشەوە بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و دادپەروەری ڕاستەقینە لە ئێراندا، شۆڕش یان چاکسازی لە یاساکان‌دایە بۆ دەستەبەرکردنی مافی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییان، بەبێ گوێدانە ئایین و نژاد و ڕەگەز. ئەمەش بە مانای نەهێشتنی مەرجە جیاکارییەکان بۆ هاوبەشیی سیاسی و دروستکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیرتر.