کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیری \"انقلابی\" لە حەوزەکاندا سەری لە کزی داوە

16:34 - 26 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر لاوازبوونی بیری بەقەولی وی شۆڕشگێڕانە هەڵوێستی گرت و هۆشداری دا.

خامنەیی ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمە، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری ئاخوندەکانی حەوزەی علمییەی قۆم، باسی لە ڕۆڵی ئەم ناوەندە لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ساڵی ٥٧دا کرد و وتی: بەردەوامی و مانەوەمان لەگرەوی بە انقلابیمانەوەی حەوزەیە.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە هەست بە بوونی کۆمەڵێک هەوڵ بۆ ئەستاندنەوەی ڕۆحی شۆڕشگێڕی لە حەوزەکان دەکرێت کە ئەم مەسەلە جێگەی مەترسییە، چوونکە هەموو نیزام دەکەوێتە مەترسیی بەلاڕێدا چووندا.

هاوکات لەگەڵ قسەکانی ناوبراو، فەرماندەی سپای پاسدارانیش پێداگری لەسەر پێویستیی ڕاگرتن و پاراستن و پەرەپێدانی گوتاری شۆڕشی ئیسلامی کرد و گوتی: ئێمە لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کات پێویستمان بە پارێزگاری کردن لە سنوورە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانمان هەیە.

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، بەرپرسە باڵاکانی ڕێژیم بەردەوام باس لە بوونی وەها مەترسی و هەڕەشەگەلێک دەکەن و قامکی تۆمەت بۆ لای بە قەولی خۆیان نەیارانیان ڕادەکێشن کە بەتەمای ڕووخاندنی کۆڵەکەکانی ڕێژیمن.