کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەداخبوونی فرانسوا ئۆلاند لە ئەنجام نەدانی ئۆپراسیۆنی نیزامی لە سووریە

14:27 - 25 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: فرانسوا ئۆلاند سەبارەت بە ئەنجام نەدانی ئۆپراسیۆنی نیزامی بەجێی وڵاتانی رۆژئاوا دژ بە رێژیمی بەشار ئەسەد، پەشیمانیی دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی رادیۆ فارسی فەرانسە فرانسوا ئۆلاند سەرکۆماری وڵاتی فەرانسە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی رایگەیاند کە لە ئەنجام نەدانی ئۆپراسیۆنی نیزامی لە وڵاتی سووریە، دژبە رێژیمی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی و سەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی لەو وڵاتە، پشیمانیی خۆی دەربڕی.

هۆلاند لە درێژەدا رایگەیاند بەداخەم لەوەی کە وڵاتانی رۆژئاوا نەیانتوانیوە پێش لە کوژرانی خەڵکی ئاسایی سووریە بگرن و پەشیمانم کە لە کاتی پێویستدا نەمانتوانی پێش لە پێشڕەوییەکانی توندئاژۆکان بگرین.

ئۆلاند لە درێژەدا وتی، بڕیاری باراک ئۆباما بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیرانی سووریە و ئەنجام نەدانی ئۆپراسیۆنی نیزامیی دژی توندئاژۆکان لە سووریە پەرەی بە قەیرانی ئەو وڵاتە داوە.

وڵاتی فەرانسە هەنووکە یەکێک لەو وڵاتانەیە لە بەرەی وڵاتانی هاوپەیمان دژی داعش شەڕ دەکات و چەند رۆژ لەمەو بەر ناوی فڕۆکەهەڵگری شاردۆگۆلی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ کرد و لە ئەگەری پێویستدا ئۆپراسیۆنی نیزامی لە عێراق دژی هەڕەشەکانی گرووپی ئیسلامیی داعش ئەنجام دەدات.

ناوی فڕۆکەهەڵگری شاردۆگۆل رۆژی چوارشەممە بۆ ئاوەکانی کەنداوی فارس بەڕێکرا.

شەڕی نێوخۆیی سووریە ماوەی ٤ ساڵە درێژەی هەیە و زیاتر لە هەزاران کەس ئاوارە و کوژراون و لە پەیوەندییەدا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە زیاتر لە ٢٢٠ هەزار سووری کوژراون و نزیک بە ١٠ میلیۆن هاووڵاتیی سووری لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ماوەی چەند ساڵ شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی سووریەدا بێ ماڵ و حاڵ کەوتوون.

بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان هەنووکە ١٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووری پێویستیان بە یارمەتی مرۆڤدۆستانە هەیە.