کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجام جێبەجێ نەکرێت، ئێران دۆڕاوی بازاڕی نەوتە

22:32 - 21 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: نرخی نەوتی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک وەک ئێران، زیاتر لە وڵاتەکانی دیکە دابەزیوە و ئەگەر بەرجام جێبەجێ نەبێت ئەو ڕەوتە زیاتریش دابەزین بە خۆیەوە دەبینێت.

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی مانگانەی ئۆپێک، نرخی نەوتی قورسی ئێران لە مانگی نۆڤامبری ئەمساڵدا، کەمتر لە ٣٩ دۆلار لە هەر بەرمیلێکدا بووە، کە بە ٥ دۆلار و ٦٣ سێنت کەمترین نرخی نەوتی هەبووە.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بیژەن نامدارزەنگەنە وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ئەگەر بەرجام جێبەجێ بێت هەناردە نەوتییەکانی خۆی زیاتر دەکات. چاودێران باس لەوە دەکەن کە بە بەرزبوونەوەی هەناردە نەوتییەکانی ئێران نرخی نەوت کەمتریش دەبێتەوە.

ئێشپیگل ئانلاین لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە دوای دانیشتنی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک و ڕێکنەکەوتن لەسەر هەناردەکردنی نەوت، نرخی نەوت کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودای ئەزموون کرد.

هەندێک لە کارناسان لەو باوەڕەدان کە ئەگەر ئەو ڕەوتەی ئێستای دابەزینی نرخی نەوت درێژەی هەبێت، ئەوە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت دەبیتە ٣٠ دۆلار و ئەوەش بۆ وڵاتێکی وەکوو ئێران کە بەستراوەییەکی توندی بە نەوتەوە هەیە، لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەڕووی دەکاتەوە.