کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی رەوتی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر خوێندکارانی کورد

16:59 - 17 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕینی ٢١ رۆژ لە دەستبەسەرکردنی چالاکێکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە، زانیارییەک لە چارەنووسی نیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆسەر خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران و کوردستان، کاوە خوسرەوی کوردستانی خوێندکاری کارناسی باڵای پەیام‌نوری سنە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و دەستبەسەر کراوە.

کاوە خوسرەوی مامۆستای زمانی کوردی لە ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبی هاوڕێ هەوارم و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی وتووێژی فەرهەنگیەکان بووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو خوێندکارە کوردە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانی رێژیمەوە روون نەبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەو ئاژانسە رایگەیاندووە، رێبوار کامرانی‌پوور، چالاکێکی دیکەی خوێندکاریی کوردی خەڵکی مەریوان کە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بە دژی نیزام و بەزاندنی نایاسایی سنوور لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندی مەریوان کراوە.

ناوبراو، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، پاش خۆناساندنی بە ئێدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ ماوەی ٣ مانگ لە گرتنگەکانی ئە ناوەندە ئەمنیەتییە لە دەستبەسەریدا بووە.

ئەو چالاکە خوێندکارییە کوردە، پاش ٣ مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرابوو.

بەردەوامیی پێشێلکارییە مافی مرۆڤییەکان لە ئێران و بە تایبەتی لەکوردستان، هەروەها زاڵبوونی کەشی ئەمنیەتی لەزانکۆکان لەحاڵێکدایە کە روحانی سەرلۆماریی رێژیمی ئێران بەڵێنی باشترکردنی ئەو دۆخەی بە هاووڵاتیان دابوو.