کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمیناری فێدراڵیزم و داهاتووی ئێران

13:19 - 28 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: سێمینارێک بۆ \'\'فواد خاکی‌بەیگی\'\' سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و \'\'سۆران پاڵانی\'\' جێگیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە بنکەی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا،دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات سێمینارێکان لەژێر ناوی فێدراڵیزم و داهاتووی ئێران بەڕێوە برد.

لەدەستپێکی سێمینارەکەدا \'\'فواد خاکی‌بەیگی\'\' سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان باسێکی سەبارەت بە تەوەرەی سێمینارەکە پێشکەش کرد.

خاکی‌بەیگی لە باسەکەیدا وتی کە فێدراڵیزم باشترین رێگا چارەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەکوو ئێران و ئێمە وەکوو \'\'حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە\'\' فێدراڵیزمی نەتەوەیی ــ جوغرافیمان بۆ بەڕێوەبردنی ئێرانێکی فێدراڵ هەڵبژاردووە.
خاکی‌بەیگی لە درێژەدا وتی: \'\'فارس وەکوو نەتەوەیەکی پاوانخواز، نەتەوەکانی دیکەی ناو چوارچێوەی ئێران بە نەتەوە نازانێ، لەکاتێکدا کە هەرکام لە نەتەوەکان خاوەنی خاک، کولتوور، زمان و زۆربەی فاکتەکانی نەتەوەبوونن، بۆیە لە وەها وڵاتێکدا فێدراڵیزم دەبێتە هۆی پێکەوە ژیانێکی ئارەزوو مەندانە و دێموکراسی دەبێ بکرێتە مەرجی سەرەکی پێکهێنانی ئەو ئێرانە فیدراڵە و هەرچۆن د. قاسملوو هەموو کات لە وتەکانیدا دێموکراسی بۆ ئێرانی پێش مافەکانی دیکە خستووە و پێی وابووە بە بێ دێموکراسی ماباقی مافەکان دەستەبەر ناکرێن.\'\'

ناوبراو ئاماژەشیان بەوەکرد: \'\' فێدراڵیزم نەک نابێتە هۆی جیاخوازی، بەڵکوو دەبێتە هۆی یەکگرتنێکی ئارەزوو مەندانە و هەموو نەتەوەکان خۆیان لە وڵاتدا دەبیننەوە.\'\'

دواتر \'\'سۆران پاڵانی\'\' ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران باسەکەی خۆی لەسەر فێدراڵیزم پێشکەش کرد.

\'\'سۆران پاڵانی\'\' ئاماژەی بەوە کرد کە \'\'دروشمی فێدراڵیزم دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ نەتەوەی کورد و زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ بەڕێوەبردن سوود لە فێدراڵیزم وەردەگرن و باشترین رێگەچارەیە بۆ وڵاتانی فرەنەتەوە.\'\'
پاڵانی وتی: \'\'فێدراڵیزم بەواتای سڕێنەوەی دەسەڵاتی مەرکەزیی دێت و دابەشکردنی دەسەڵاتە بەسەر پێکهاتە سەرەکییەکانی وڵات و ئەمەش وادەکات کە هەموو پێکهاتەکانی وڵات خۆیان بە هاوبەش بزانن لە وڵاتی فێدراڵدا و بەرژەوەندییەکان ببنە بەرژەوەندی گشتی.

ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: \'\'لە سیستمی فێدراڵیدا مافی نەتەوە کەمینەکان هەمیشە پارێزراوە و لە ئەگەری پێشێلکردنی مافی نەتەوەیەک ئەنجوومەنی هەرێمەکان مافی ڤێتۆی بڕیارەکانی پەرلەمان و دادگای باڵا مافی لێپێچینەوەی لە دەسەڵات دەبێ ،کە لەو دوو دەزگاییەی وڵاتدا نوێنەری هەموو نەتەوەکان بە یەکسانی تێیدا بەشدار دەبن.

کۆتایی سێمینارەکە بۆ پرسیار و تێبینی بەشداربوان تەرخان کرابوو کە لەلایەن \'\'فواد خاکی‌بەیگی و سۆران پاڵانی\'\' وەڵامی پرسیارەکان درایەوە.

پرسیارێک کە ئاراستەی سۆران پاڵانی کرابوو بەو شێوەیە بوو: ئایا کۆنفێدراڵی بۆ ئێران چۆن دەبینن لە کاتێکدا کۆمەڵێک لایەن داوای کۆنفێدراڵی بۆ ئێران دەکەن؟

ناوبراو لە وەڵامدا وتی: بەڕاستی تێنەگەیشتن لە واتای کۆنفێدراڵی و خۆدەرخستنی هەندێک لەو لایەنانەی توشی سەرلێشێواوی سیاسی کردووە و لە راستییدا کۆنفێدراڵی بەواتای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هاوبەش لە نێوان دوو وڵات یان زیاتر دێت و لە کاتێکدا راستە کە کۆمەڵە وڵاتێک لەسەر چەند بەرژەوەندییەکی هاوبەش پێکەوە کۆنفێدراڵی پێک دێنن، وەکوو ئامریکای پێشوو و فێدراێیزم و کۆنفێدراڵیزم لە رووی واتاوە جیاوازی زۆریان هەیە\'\'.

هەروەها پرسیارێک کە ئاراستەی \'\'فواد خاکی‌بەیگی \'\' کرا ، ئایا بۆچی لە ئێستادا باسی فێدراڵی دەکرێت و لە پێشووتردا پیلان و کاری بۆ نەکراوە؟

وەڵامی\'\'خاکی‌بەیگی\'\': \'\'هێنانە بەرباسی فێدراڵی بۆ ئێران شتێکی نوێ نیە و د. قاسملوو لە ساڵی ٥٨ی هەتاوی لە نامەیەکدا بۆ خومەینی داوای فێدراڵی بۆ ئێران کردووە و هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کردووە لە بەر داخوازی ماباقی نەتەوەکان خودموختاری بۆ کوردستانی لە سەردێری داواکارییەکان داناوە.\'\'