کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی خوارک لەماوەی ٨ ساڵدا ٥٧٥ لەسەد لە وڵاتی ئێران هەڵکشاوە

14:07 - 20 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: لە خشتەی زەمەنیی نێوان ساڵەکانی ٨٤ هەتا ٩٢ تێچووی خوراک و تێچووی گشتیی ژیان لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەڕیز ٥٧٥ و ٤٩٠ لەسەد بەرز بوونەوەیان بەخۆوە بینیوە.

بەپێی راپۆرتی هەوڵدەرییەکانی سەربە رێژیم کە رۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار بڵاو بووەوە، مەجلیسی ئێران وەک هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی بژێویی کرێکاران لە هەڵاوسانی ٢٥% ناودێر کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە لەم ساڵانەی دواییدا دابەزینی هێزی کڕیاری، دابەزینی داواکاری و لەپاڵ ئەوەیشدا داکشانی خستنەڕوو، دەفرایەتیی بەرهەمهێنان و رادەی ئیشتغاڵ، راوەستانی پیشەسازی و هەڵکشانی هەڵاوسان بەهۆی قەیران و دابەزینی بایەخی دراوی ئێران لەو هۆکارە نەرێنییانەن کە بوونەتە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵگەی کرێکاران لە ئێران.

هەر بەپشت بەستن بە داتاکانی ئەم راپۆرتە، تێچووی مانگانەی بنەماڵەیەکی کرێکاریی چوارکەسی لە ٥٥٨ هەزار و ٥٧٥ تمەن لە ساڵی ٨٤ بۆ ٧٣٢ هەزار و ٥٨٧ تمەن لەساڵی ٩٢ بەرز بووەتەوە کە دەرخەری هەڵکشانی لەسەدا ٤٩٠ بووە.

هەروەها نێونجی تێچووی مانگانەی خوراک لە ١٢٤ هەزار و ٨٣٢ تمەن لەساڵی ٨٤ بۆ ٧١٧ هەزار و ٨٠٦ تمەن لەساڵی ٩٢ گەیشتووە کە دەرخەری هەڵکشانی لەسەدا ٥٧٥ی تێچووی خوراک بووە. جیا لەوەیش تێچووی خانووبەرە ٣٦٠ لەسەد هەڵکشاوە.

ئەم راپۆرتە بە دەرخستنی دوایین ئاماری بانکی ناوەندیی ئێران، نرخی هەڵاوسانی ١.٩ راگەیاندووە کە بەرزترین ئاستی ئەو نرخە لە یەک ساڵ و نیوی رابردوودایە.