کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان‌کێری جەختی کردەوە کە ناکۆکی جیددی لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەل رێژیمی ئێراندا هەیە

14:50 - 3 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: پاش خولی ئەم دواییانەی دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران لە ژنێڤ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران ئەگەر ئەو مەرجانە قەبووڵ نەکات ئامریکا دانوستانە ناوکییەکان بەجێ دەهێڵیت.
بەپێی راپۆرتی ‌هەواڵدەرییە بیانییەکان، لە حاڵێکدا کەمتر لە یەک مانگ مۆڵەتی دیاری کراو بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی گشتیی سیاسی یان برگەی یەکەمی رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران ماوە، وەزیری دەرەوەی ئامریکا جەختی کردەوە کە ناکۆکی جیددی لە نێوان دانوستانە ناوکییەکاندا هەیە و هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر رێژیمی ئێران درێژە بەم بارودۆخە بدات و ئەو مەرجانە قەبووڵ نەکات، ئامریکا دانوستانە ناوکییەکان بەجێ دەهێڵێت.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، پاش چاوپێکەوتنی عەلی‌ئەکبەر ساڵحی، بەرپرسی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و ئێرنێست مونیز، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ژنێڤ، رایگەیاندووە کە ئەگەر رێژیمی ئێران نەتوانێت بیسەلمێنێت کە چالاکییە ناوکییەکانی ئاشتیخوازانەیە، ئامریکا دانوستانە ناوکییەکان بەجێ دەهێڵێت.

جان کێری لە درێژەدا رایگەیاندووە کە هیچ ناکۆکییەکی بیروڕا لەسەر پیویستی سەلماندنی ئاشتیخوازانە بوونی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران لەلایەن ئەو رێژیمەوە لە نێوان ولاتانی ٥+١ نییە و وڵاتانی ئەندامی لە ئەو گرووپە یەکگرتوویی خۆیان دەپارێزن.

گرووپی ١+٥ و رێژیمی ئێران کۆتایی مانگی مارس زایینی ئەمساڵیان وەک کۆتایی مۆڵەتی گەیشتن بە رێکەوتنی سیاسی دیاری کردووە.

ئاویەر.ت