کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان کێری: ئامریکا چاوپۆشی لە کردەوەی تێکدەرانەی رێژیمی ئێران ناکات

16:15 - 15 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: جان کێری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە سەفەری خۆیدا بۆ عەرەبستانی سعوودی رایگەیاند کە: ئامریکا چاوپۆشی لە کردەوەی تێکدەرانەی رێژیمی ئێران ناکات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جان کێری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە سەفەری خۆیدا بۆ عەرەبستانی سعوودی رێکەوتی ١٤ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی رایگەیاند: ئامریکا چاوپۆشی لە کردەوەی تێکدەرانەی رێژیمی ئێران ناکات.

جان کێری دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ پاشای عەرەبستان و وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی شۆرای هاوکاریی کەنداو لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران نابێتە هۆی ئەوەیکە ئامریکا چاوپۆشی لە کردەوەی تێکدەرانەی ئێران لە وڵاتانی وەک سووریە، لوبنان، عێراق، عەرەبستانی سعوودی و بەتایبەت یەمەن بکات.

هەروەها سعوو ئەلفەیسەل وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی لەو چاوپێکەوتنەدا رایگەیاند: \'\'دانوستانە ئەتۆمییەکان لە کاتی ئێستادا لەگەڵ ئێران بەمانای چاوپۆشی لە چالاکییەکانی دیکەی ئێران لە ناوچەکەدا نییە و لە درێژەدا رایگەیاند کە رێژیمی ئێران لە رێگای شەڕ لە دژی حکوومەتی ئیسلامی (داعش) سەرقاڵی زیاتر دزەکردن لە عێراق دایە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەو خولە لە دانوستانەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران وتی: ئێمە بەدوای مامەڵەیەکی گەورە و هەمەگیر لەگەڵ ئێراندا نین.

ناوبراو لە دڕیژەدا وتی: رۆژی دوای گەیشتن بە ئەگەری رێکەوتنێک لەگەڵ ئێران هیچ شتێک ناگۆڕدرێت و ئێمە نیسبەت بەو کێشانەی لە ناوچەکەدا لەگەڵی بەرەوڕووین ئاگادارین و تەنیا شتێک کە دەگۆڕدرێت ئەوەیە کە ئێمە متمانە پەیدا بکەین کە ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات و هەرجۆرە رێکەوتنێکی باش یا خراپی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران؛ ئامریکا لەبەرانبەر پشتیوانی ئێران لە تێرۆریزم پابەند بە یاساکانی خۆیەتی.

گرووپی ١+٥ هەنووکە لە کاتی وتووێژی ئەتۆمی لەگەڵ رێژیمی ئێرانن خوازیاری ئەوەن کە ئێران نابێ دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

گادەر. د