کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان کێری: بژاردەی نیزامی دژی رێژیمی ئێران هەروا لە بەر دەست دایە

19:49 - 7 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا رایگەیاند کە بژاردەی نیزامی دژی رێژیمی ئێران لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان لە بەر دەست دایە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی دەنگی ئامریکا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، جان کێری وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە لێدوانێکدا لە دانیشتنی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا رایگەیاند: دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران تا هەتایە قەدەغەیە.

جان کێری لە وڵامی نیگەرانییەکانی ئەندامانی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا وتی: لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتن لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بژاردەی نیزامی هەروا لەبەر دەست دایە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا هەروەها رایگەیاندووە کە رێکەوتنی ئەتۆمی، سنووردارکردنی ٤ بەشی چالاکییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران وەکوو دامەزراوەی ناوکیی فەردۆ، ئەراک، نەتەنز و دامەزراوە شاراوەکان لە خۆوە دەگرێت.

کێری لە درێژەدا رایگەیاندووە کە تواناییەکانی ئەو ٤ بەشە دەبێ هەڵوەشێندرێتەوە و ئەو هەڵوەشاندنەوەیە بۆ هەمیشە و هەتا کاتێکە کە ناوەرۆکی رێکەوتنی پێشگرتن لە چەکە ستراتیژەکان هەیە.

ئەو لێدوانەی جان کێری لە حاڵێک دایە کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو و بە کۆتایی هاتنی خۆلی کۆتایی دانوستانەکان لە ژنێڤ راپۆرتەکان باس لە رێکەوتنێکی ١٠ ساڵەی ئەتۆمی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و رێژیمی ئێران دەکەن.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە، جاش ئێرنێست، وتەبێژی کۆشکی سپی رێکەوتنی ١٠ ساڵەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران ناڕاست لە قەڵەم دا.

ئاویەر. ت