کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حسەین ڕاغفەر: ئابووریی ئێران دەرەتانی گۆڕانکاریی تێدا نییە

14:55 - 19 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: حسەین ڕاغفەر، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆی الزهرا، سەبارەت بە دۆخی شپرزەی ئابووریی ئێران دەڵێ: نابێ چاوەڕێی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ئابووریی وڵاتدا بین، چوونکە کێشەکان بناغەیین.

حسەین ڕاغفەر لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی آرمان نووسیویەتی: پێش لە چەسپاندنی گەمارۆکان ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جیددی پێکهاتەیی لە بیاڤی ئابووریدا دەستەویەخە بوو کە هیچ پێوەندییەکیان بە مەسەلەی گەمارۆکانەوە نەبوو، کەواتە لابردنی گەمارۆکان ناتوانێ کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر ڕەوشی ئابووریی ئێران دابنێت.

بەوتەی ناوبراو، ئابووریی ئێران ئابوورییەکی دیل کراو بەدەست زاڵبوونی سەرمایەی بازرگانە حکوومەتییەکانە و تاکوو ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، ئەو وڵاتە زیاتر ڕۆدەچینە نێو گەنداوەکان، بەتایبەت کە دەرەتانی سەرەکیی وڵاتی ئێران بۆ خۆبووژاندنەوە، داهاتە نەوتییەکانە و داهاتی نەوتیش بەردەوام ڕوو لە کەمبوونەوەیە.

ناوبراو دەڵێ: چاکسازیی ئابووریی لە ئێران، پێویستی بە چاکسازیی سیاسی هەیە. قەرەبووکردنەوە خەسارێک کە لەمبارەوە وەبەر ئابووریی ئێمە گەیشتووە، زۆر دژوارە و پێویستە نرخی بەرهەم هێنان ببەینەسەرێ کە ئەمەش پێویستی بە سەرمایەدانان هەیە و بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی پیشەییەوە، کەس ئامادە نییە سەرمایەکانی خۆی لە ئێراندا بخاتەگەڕ.

ڕاغفەر دەڵێ: بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانمانەوە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، کۆمەڵگای ئێران بووەتە کۆمەڵگایەکی بەرخۆر(مەسرەفگەرا) و بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی هەر ڕۆژ زیاتری حەشیمەتی وڵات، ئەمەش دەبێتە کێشەیەکی بەردەوامی دیکە لە بیاڤی ئابووری‏دا.

ئەم قسانەی ناوبراو لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە؛ هەندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی و لە سەرووی هەمووانەوە حەسەن ڕووحانی، بەردەوام سەرقاڵی شانتاژکردن و دانی زانیاریی ناڕاست لەسەر کاروباری ئابووریی ئێرانە.