کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حكوومەتی عێراق هەوڵ بۆ پڕچەككردنی پەكەكە دەدات

16:14 - 8 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: شاندێكی پەكەكە بە نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی كۆ بوونەتەوە.

لەو پێوەندییەدا عەبدولباری زێباری، پارلەمانتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا دەڵێ:‌ جووڵەیەك لە پارلەمانی عێراق بۆ پڕچەككردنی پەكەكە لە دژی داعش و توركیا هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕووداو، زێباری كە جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارلەمانی عێراقە، دەڵێ‌: ئێستا هەوڵێكی بەهێز لە لایەن فراكسیۆنی دەوڵەتی یاساوە هەیە بۆ ئەوەی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال، ئەوانەی عێراقین، بخرێنە سەر حەشدی شەعبی و مووچە و پێداویستییان بۆ دابین بكرێت.

ئەو پارلەمانتارە كوردەی سەر بە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی لە بەغدا، بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە: پەكەكە ئێستا نوێنەرایەتییان لە بەغدا هەیە و خەڵكیان هەیە، ئەو كاتەی عەبادی لە پارلەمان گوتارێكی پێشكەش كرد، بە ئاشكرا ستایشی ڕۆڵی پەكەكەی لە شەڕی داعشدا كرد.

لە بەرانبەردا شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پارلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دێموكراتی كوردستان، پێی وایە بەغدا لە دژی توركیا و هەرێمی كوردستان پەكەكە پڕچەك دەكات و دەڵێ‌: بەغدا دەیەوێت لە ڕێگای پڕچەككردنی پەكەكە و دروستكردنی حەشدی شەعبی لە شنگال، نفوزی خۆی دروست بكات .

لە لایەكی دیكەوە عوسمان ئۆجەلان سەركردەی پێشووی پەكەكە و برای عەبدوڵڵا ئوجەلان ڕێبەری زیندانی‏كراوی پەكەكە وێڕای ئاماژە بە سەردانەكەی ئەم دواییەی شاندی باڵای یەكێتی بۆ بەغدا گوتی: چوونی شاندی باڵای یەكێتی زەمینەسازیی بوو بۆ بەغدا، چونكە پەكەكە بەشێكە لە شەڕی داعش، هەر دوو لا دووژمنی هاوبەشیان هەیە.

بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا قسەی زیاتر لە سەر مەبەستەكانی بەغدا دەكات و دەڵێ:‌ ئەگەر بەغدا ڕاستگۆیە لە یارمەتیدانی پەكەكە، دوو ساڵە پێشمەرگە شەڕی داعش دەكات، نە فلسێكی داوە نە چەك، مالیكی لە ساڵی ٢٠١٤دا، پێش گرتنی شنگال یەك جار چەكی بە قاچاخ ناردە قەندیل، خۆ ئەو كات شەڕی داعش نەبوو، ئەی بۆ ئەم كارەیان كرد؟.