کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی هیند دەستی بەسەر کەشتییەکی ئێرانیدا گرت

22:52 - 16 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: هێزی دەریایی وڵاتی هیند دەستی بەسەر کەشتییەکی ئێرانیدا گرتووە و ١٢ کەس لەخەدەمە و سەرنشینەکانیشی لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و پشت بەستن بە هەواڵدەرییەکانی وڵاتی هیند، ئەو ١٢ کەسە بە گومانی بازرگانی بە مادە هۆشبەر و کەرەسە نایاساییەکان دەستگیر کراون و بڕیارە لەدادگادا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

پۆلیسی هیند ئاشکرای کردووە لەناو کەشتییەکەدا دەزگایەکی موبایلی ماهوارەیی دۆزراوەتەوە کە دەکرێ لە رێگەی ئەو موبایلەوە کاری سیخوری ئەنجام درابێت.

ئەو ١٢ کەسەی کە دەستبەسەرکراون خەڵکی ئێرانن و لەناو کەشتییەکەشدا رەگەزنامەی پاکستانی لەلایەن پۆلیسەوە دۆزراوەتەوە.

لەو بارەیەوە رۆژنامەی هندوی وڵاتی هیند بڵاوی کردبوویەوە کە ئەو ١٢ کەسە لە لێپرسینەوەکاندا باسیان لەوە کردووە کە سەرقاڵی کاری ماسیگرین و بە هەڵە روویان لە ئاوەکانی هیند کردووە.

ئەو کەشتییە لەلایەن هێزی دەریاییەوە لەباشووری ڕۆژئاوای ئیالەتی کراڵای هیند دەستی بەسەردا گیراوە.