کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵای عێراق: رێژیمی ئێران هۆکاری ئەو خوێن‌ڕشتنەی ئێستای عێراقە

20:29 - 26 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: سەركردەی میلیشیای حزبوڵڵای شیعەی عێراق، رێژیمی ئێران بە هۆکاری ئەو توندوتیژی و خوێن‌ڕشتنانەی ئێستای عێراق وەسف دەکات.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزی میلیشیای حیزبوڵڵای عێراق لە رێژیمی ئێران هەڵ‌گەڕاوەتەوە و رێژیمی ئێران بە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە مەحکووم دەکات.

واسق بەتات سەركردەی میلیشیای حزبوڵای شیعەی عێراق، لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، نووری مالیكی سەرۆک وەزیری پێشووی عێراقی بەتاوانكار و ستەمكار وەسف کردووە و رایگەیاندووە كە پێویستە مالیکی دادگایی بکرێت.

سەرکردەی حیزبوڵڵای عێراق هەروەها بەرپرسیارەتی ئەو خوێن‌ڕشتنەی ئێستای عێراقی خستووەتە ئەستۆی رێژیمی ئێران و پێداگریی کردووە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەبەر بەرژەوەندیی خۆی، بۆ تێكدانی سەقامگیریی عێراق و بەكارهێنانی شیعە بۆ مەبەستەکانی خۆی کار دەكات.

لەم پێوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا، جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا وتی: رێژیمی ئێران بەو لق و پۆیانەی کە لە سەرتاسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەتی، ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەی تێکداوە.

هەروەها، سێناتۆر جان مەک‌کین، سەرۆکی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا، هاوکاریی رێژیمی ئێرانی لەگەڵ رێژیمی بەشار ئەسەد لە سەرکوتی خەڵک و پشتیوانی هەمەلایەنە لە بەشار ئەسەد، رێژیمی ئێران لە میلیشاکانی یەمەن و عێراق و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکەی مەحکووم کردبوو و دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێرانی بە سەرەکیترین هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکە وەسف کردبوو.

ئاویەر.ت