کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژی و هەڵاتن لە ماڵ، لە شاری ئورمیە رووی لە زیادبوون کردووە

15:31 - 11 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: بەجێهێشتنی ماڵ و خۆکوژی لە شاری ئورمیە، لە ماوەی ٥ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو، رووی لە زیادبوون کردووە.
هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردەوە، لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٣دا لە شاری ئورمیە، رێژەی دیاردەی کۆمەڵایەتیی هەڵاتن لە ماڵ، بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لەسەدا ٣٦ چوونەسەرەوەی بەخۆوە بینیوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە زۆرترین ئاماری هەڵاتن لە بنەماڵە لاوانی تەمەن ١٦ هەتا ٢٥ ساڵ پێکی دێنن.

لە ٥ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئورمیە، ژنان لەسەدا ٣٤ و پیاوانیش لەسەدا ٦٦ی هەڵاتن لە ماڵیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە.

کارناسێکی کۆمەڵایەتی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی بەرزبوونەوەی بە جێهشتنی ماڵ (فرار از خانه)، لە وتووێژێکدا بە ماڵپەری کوردستان میدیای راگەیاند: هەڵاتن لە بنەماڵە هۆکاری جۆراوجۆری هەیە و لەلایەن تاکەکانیش جیاوازی هەیە، بەڵام ئەو دیاردەیە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ بارودۆخی نالەباری بنەماڵە دەگەڕێتەوە.

ئەو کارناسە کۆمەڵایەتییە لە درێژەدا گوتی: گرینگترین هۆکاری هەڵاتن لە ماڵ بۆ نەبوونی پشتیوانی یاسایی و مافەکانی تاک و نەبوونی هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی جیهاندا دەگەڕێتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێران، رێژەی خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییانی ئورمیەدا لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو زیادی کردووە.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن لە کۆی گشتیی ئەو کەسانەی خۆکوژیان کردووە لەسەدا ٧٠ پیاو و لەسەدا ٣٠یش ژن بوونە.

بەپشتن بەستن بە ئامارەکان، لەسەدا ٤٧ی خۆکوژییەکان بە شێوەی خۆهەڵواسین، لەسەدا ٥ خۆسووتاندن، لەسەدا ١١ بە چەک و لەسەدا ٢ش لە رێگەی ژەهرخواردنەوە بووە.

لەو پێوەندییەدا توێژەرێکی کۆمەڵایەتی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەری کوردستان میدیا وتی: دیاردەی خۆکوژی نە تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە سەرتاسەری ئێران رووی لە زیادبوون دایە، بەڵام هۆکاری ئەوەی کە لە کوردستانی رۆژهەڵات خۆکوژی رووی لە زیادبوون دایە بۆ نەبوونی گەشەی ئابووری و سیاسەتی رێژیمی ئیران بۆ نەبوونی پێشکەوتن دەگەڕیتەوە.

ئەو کارناسە کۆمەڵایەتییە لەسەر خۆکوژیی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان دا وتی: نەبوونی سەرمایەگوزاری و نەبوونی ژێرخانی بەهێزی ئابووری لە وڵاتی ئیران بۆتە هۆی ئەوە کە ژنان بەپێی ئاڵۆگۆڕەکانی کەلە جیهاندا هەستی پێ دەکەن و دەیبینن ناتوانن جێگای خۆیان بدۆزنەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەو بەربەستانەی کە لەلایەن کۆمەڵگای نەریتییەوە هەن و هیچ پشتیوانێکی یاسایی‌یان نییە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەیکە رێژەی خۆکوژی بە تایبەتی لە نێو ژناندا روو لە زیادبوون بکات.