کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی \"گاڕان\"ی مەریوان لەئاگردا سووتا

14:32 - 15 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: رووبەرێکی فراوان لەلێڕەوار و دارستانەکانی ناوچەی گاڕانی سەر بە مەریوان لە ئاگردا سووتان و خەساریکی ژینگەیی بەرجاویش بە شوێنەکە گەیشتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، دارستان و لێڕەوارەکانی ناوچەی گاڕان سەر بە ناوچەی مەریوان تووشی ئاگرکەوتنەوە بوو و بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ناوچوون.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە رێژەیەکی بەرچاوی سروشت و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لەناوچون و ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەر لە ئاگردا سووتاون و هەتا ئێستاش هۆکاری سەرەکی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە روون نەبووەتەوە.
ئاگرەکە بە هەوڵی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کۆنتڕۆڵ کرا.

ماوەی چەند ساڵێکە سووتانی دارستانەکانی شاری مەریوان هەرەشە لە سروشتی جوانی ئەو شارە دەکات و هیچکام لەناوەندەکانی رێژیم خۆیان لەمەڕ چارەسەریی بە بەرپرسیار نازانن.

ئاگرکەوتنەوەکان لەمەریوان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لە ناوچوونی دارستانەکان لەو ناوچەیە دێتە ئەژمار، بە شێوەیەک کە ساڵانە رووبەڕێکی بەرچاو لە دارستانەکان تووشی ئاگرکەوتنەوە دەبن و کاریگەرێیەکی نەرینی بە سەر ئێکۆلۆژی سروشتدا داناوە.

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوییش، کەس یان کەسانێکی نەناسراو لە چوار لاوە ئاگرییان لەچیای ئاویەر بەردا و لە ئەنجامدا رووبەرێکی زۆر لە لێڕەوارە و دارستانەکانی ئاویەر لە ئاگردا سووتان، هەروەها رۆژی دواتریشی دووبارە لە شوێنێکی دیکەوە ئاگر لە کێوی ئاویەر بەردرا و بە هەوڵی چالاکانی فەرهەنگی و ژینگە پارێزییەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

ساڵانە رووبەرێکی زۆر لە لێڕەوارەکان و دارستانەکانی کوردستانی ئێران لە ئاگردا دەسوتێن و خەسارێکی قەرەبوو نەکراو بە ژینگەی ئەو ناوچەنە دەگات و رێژیمی ئێرانیش لەو بارەیەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکان هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە و زۆربەی ئەم حاڵەتانەشدا و بە وتەی هاوولاتیان ئاگرکەوتنەوەکان لەلایەن رێژیمی ئێران و بە شێوەی ئەنقەست ئەنجام دراوە.