کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی دۆخی خراپی ئازادیی چاپەمەنییەکان لە ئێران و پلەی ١٧٣ی ئەو وڵاتە لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا

20:56 - 23 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: راپۆرتی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور بۆ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی دەرخەری ئەوەیە کە دۆخی ئازادیی چاپەمەنییەکان لە ئێراندا بەرەو خراپ بوون رۆیشتووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، راپۆرتی ئازادیی چاپەمەنییەکان، رۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی لە سەرتاسەری جیهان تایبەت بە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بڵاو کردەوە.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور بە لە بەرچاو گرتنی ٧ پێوەری ئاستی سەرکوت و گوشار، زۆرینە گەرایی، سەربەخۆیی، فەزای گشتی و خۆسانسۆری، چوارچێوەی یاسایی، رونکردنەوە و بەهێزکردنی ژێرخانەکان، دۆخی ئازادیی چاپەمەنی و راگەیەنە سەربەخۆکان و رۆژنامەنووسانی لە ١٨٠ وڵاتی جیهاندا تاوتوێ کردووە.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاندووە کە ئێران وەکوو ساڵانی رابردوو لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٧٣ی لە جیهاندا هەیە.

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە رایگەیاندووە کە دۆخی ئازادییە چاپەمەنییەکان و رۆژنامەنووسان سەرەرای وادە و بەڵێنییەکانی دەوڵەتی روحانی باشتر نەبووە و رێژیمی ئێران بەردەوام کۆنتڕۆڵی هەمەلایەنەی لەسەر راگەیەندنەکاندا هەیە.

ئاویەر. ت

12063.jpg