کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە سووریە کوژران

14:53 - 26 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دوو کەسی دیکە لە ئەندامانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێسلامی ئێران کە هاوشانی حیزبوڵـڵـای لوبنان و ئەرتەشی بەشار ئەسەد بە دژی بەرهەڵستکارانی رێژیمی سووریە شەڕ دەکەن؛ کوژراون.

هەواڵدەریی فارس کە سەر بە سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامییە، شوناسی ئەم دوو کەسەی عەلی سوڵتان مورادی و عەباس عەبدوڵـلا راگەیاندووە و هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە ئەوان لە ناوچەی کوفر نساج لە باکووری رۆژئاوای دەرعا کوژراون و تەرمەکەیان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزە دژبەرەکاندایە.

لەم پەیوەندییەدا، تەلەڤیزیونی عەرەبیە بڵاوی کردووەتەوە کە لە ئەو تێکهەلچوونانەی رابردوودا، ٥٩ پاسداری رێژیمی ئێران کوژراون و سەرچاوە هەواڵدەرییەکان رێژیمی ئێران ئەم کەسانەی وەک کوژراوانی شەڕ وسف کردووە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە دژبەرانی بەشار ئەسەد، سپای قودس، لقی دەرەوەی پاسدارانی ئێران بە فەرماندەیی قاسم سولێمانی رێبەری ئەم عەمەلییاتەی دژی دژبەرانی لە ئەستۆ دایە . بەپێی وتەی محەممەد قەداح ئەندامی شاندی سیاسی و جێگری پێشووی هاوپەیمانیی سووریە، کە رێکخراوی سەرەکیی دژبەرانی ئەسەدە، کەسانێک لەلایەن ئەوانەوە بە دیل گیراون کە لە هاوولاتییانی لوبنانی، ئەفغانستانی، ئێرانی و وڵاتانی دیکە بوون و لەلایەن ئێرانەوە بە خزمەت وەرگیراون و بۆ شەڕی سووریە نێردراون.

هەر لەم پەیوەندییەدا و بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەکان، کارناسانی نیزامی لەسەر ئەو باوەڕەدان کە چالاکی و بەشداریی نیزامی رێژیمی ئێران لە شەڕی نێوخۆیی سووریە کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی دەستی پێکردووە، رێژیمی ئێرانی خستووەتە ژێر باری تێچوویەک بە بڕی ٩ هەتا ١٥ میلیارد دولار.