کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئێران، هەموو لایەنەكانی شەڕی یەمەنی وە دەنگ هێنا

14:57 - 20 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: عەبدولمەلیك میخلافی، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی یەمەن ڕایگەیاند وڵاتەكەی دەیهەوێ دۆسیەیەك لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دژ بە دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە كاروباری یەمەن و دژایەتییەكانی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢١٦ بكاتەوە.

بەپێی هەواڵی ئەلعەرەبیە، میخلافی هەروەها وتی: ئێران دەست لە كاروباری یەمەن وەردەدات و هەر بەو هۆیەش بوو كە پێوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە پچڕاند.

میخلافی جەختی كردەوە كە بڕیارنامەی ٢٢١٦ پێداگری لە سەر پابەندبوونی هەموو وڵاتەكان و لەوانەش ئێران بە هاوكاری نەكردن لەگەڵ كوودەتاچییەكان دەكاتەوە.

لە لایەكی دیكەوە، ناسر ئەلجەودە، وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن وێڕای شەرمەزاركردنی لێدوانەكانی ئەمدواییانەی بەرپرسانی ئێرانی لەمەڕ ناردنی ڕاوێژكارانی سەربازی بۆ یەمەن، ڕایگەیاند: ئێمە پرسی دەستێوەرانەكانی ئێرانمان لە دانیشتنی وەرزیرانی دەرەوەدا تاوتوێ كرد.

ئێمە بەشێك لە هاوپەیمانیی عەرەبیی پشتیوانیی یەمەنین و هەڵوێستمان لەمەڕ گەڕانەوەی ڕەوایی بۆ یەمەن ڕوون و ئاشكرایە.

هاوكات، یووسف فەشی، ئەندامی كۆمیتەی شۆڕشی حووسییەكان لە وەڵامی لێدوانەكانی ئەمدواییانەی مەسعوود جەزایری، جێگری ستادی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی ڕێژیمی ئێراندا كە باسی لە ئەگەری ناردنی ڕاوێژكارانی سەربازی بۆ یارمەتیدانی هێزە حووسییەكان كردبوو، ڕایگەیاند: ئێرانییەكان باشتر وایە بێدەنگ بن و دەست لە كاروباری یەمەن وەرنەدەن.

ڕۆژی سێ‌شەممە ٨ی مارس، بەرانبەر بە ١٨ی ڕەشەمە مەسعوود جەزایری، جێگری ستادی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی ڕێژیمی ئێران لە وەڵامی پرسیارێكی هەواڵدەریی حكوومەتیی تەسنیمدا وتبووی كە ئێران دەتوانێ هاوشێوەی ئەو پشتیوانییانەی كە لە سووریەدا لە بەشار ئەسەد دەیكات، بە ناردنی ڕاوێژكاری سەربازی، پشتیوانی لە حووسییەكانیش بكات.

ناردنی ڕاوێژكاری سەربازی ناوێكە كە ڕێژیمی ئێران یەكەمجار لە سەر پرۆژەی ناردنی چەكوچۆل و هێزە تیرۆریستییەكانی سپای پاسداران و بەكریگیراوانی ناوچەیی خۆی بۆ شەڕكردن لە دژی خەڵكی ڕاپەڕیوی سووریە داینا.