کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی ئارژانتین داوای کرد کە دۆسیەی تەقینەوەی ئامیا لە دانوستانە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران بخرێتە بەر باس

15:16 - 29 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئارژانتین لە نامەیەکدا بۆ جان کێری لە دەوڵەتی ئامریکا خوازیاری ئەوە بووە کە بە شێوەی فەرمی، بابەتی کردەوەی تیرۆریستی ئامیا لە دانوستانە ناوکییەکاندا لەگەل رێژیمی ئێران، بخرێتە بەرباس.

هەواڵدەریی رۆیترز رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢٨ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە زاری هێکتور تیرمەن وەزیری کار و باری دەرەوەی ئارژانتین، لە ناردنی نامەیەک بۆ جان کێری، وەزیری کار و باری دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە دۆسیەی تەقینەوەی تیرۆریستی ئامیا، هەواڵێکی بڵاو کردەوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئارژانتین بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەیکە دەوڵەتی ئارژانتین، پێشتریش لەگەل ئامریکا سەبارەت بە ئەم دۆسیەی وتووێژیی کردووە و رایگەیاند کە لە نامەکەدا لە دەوڵەتی ئامریکا داوا کراوە کە بابەتی کردەوەی تیرۆریستی ئامیا لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بخرێتە بەرباس.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەکان، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، جەنازەی ئالبێرتۆ نیسمان، دادوەری دۆسیەی تەقینەوە لە ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین (ئامیا)، لە حاڵیکدا بڕیار بوو کە چەند کاتژمێر دواتر لە پارلەمان سەبارەت بە رۆڵی رێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی ئامیا کە گەورەترین کردەوەی تێرۆریستیی مێژووی ئارژانتینە، چەند وتەیەک بخاتە بەر باس، دۆزرایەوە.

میدیاکانی ئارژانتین رایانگەیاند کە ئەو دادوەرە چەند گولـلەی وێکەوتووە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە.

ئاڵبێرتۆ نیسمان، دادوەری دۆسیەی ئامیا کە بەرپرسی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە رۆڵی رێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتینی لە ئەستۆ بوو، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانی ماڵی لە تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین کردبوو و خوازیاری گرتن و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە رێبەرانی رێژیمی ئیسلامیی وەک موحسێن رەزایی، عەلی ئەکبەرهاشمیی رەفسەنجانی، عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی و سەردار ئەحمەد وەحیدی لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتێرپۆل) کرد بوو.

ئەم دادوەرە، سەرکۆماری ئارژانتین، کریستیان فێرناندێز و وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەم وڵاتەی، هێکتور تیمەرمەنی تاوانبار کردبوو کە لە بەرانبەرمامەڵەی نەوتی لەگەڵ رێژیمی ئێران و باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەم رێژیمە، رێکەوتنی لەگەڵ رێژیمی ئێران کردووە و لە هەوڵی ئەوە دانە کە رۆڵی رێژیمی ئێران لەگەڵ حیزبووڵـڵای لوبنان کە ئەم کردەوە تێرۆریستییەیان ئەنجام داوە، بیشارنەوە.
سەرکۆمار و وەزیری کاروباری دەرەوەی ئارژانتین هەروەها لەلایەن دادوەر نیسمان تاوانبار کرابوون کە لە هەوڵی ئەوەدا بوونە حوکمی دەستبەسەرکردنی ٥ کەس لە رێبەرانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە دەستیان لەو کردەوەی تێرۆریستیی بۆئنێس ئایرێسدا بووە، هەڵێوەشێننەوە.

لەو پەیوەندییەدا ئەد رۆیس سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا داوای لە وڵاتی ئامریکا کرد هەتا بۆ لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکانی تەواو و بێ لایەن سەبارەت بە کوژرانی ئالبێرتۆ نیسمان، دادوەری ئارژانتینی گوشار بێنێت و هەروەها خوازیاری لێکۆڵینەوەی ململانێی نێوان رێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئارژانتینی سەبارەت بە چاوپۆشی دۆسیەی تەقینەوەی ١٩٩٤ی زایینی بۆئنێس ئایرێسی کرد.

لەم پەیوەندییەدا، سێناتۆر باب مێنێندێز، جیگری کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوی سێنای ئامریکا داوای کرد کە لێکۆڵینەوەکانی دادوەری ئارژانتینی دەبێ درێژەی پێ بدرێت و پاشان بڵاو بکرێتەوە.

هەروەها لائۆرا ئالۆنزۆ و فێدریکۆ پیندۆ لە پارلمانتارانی ئارژانتینی لە وتووێژێکدا رایانگەیاندووە کە رێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستی ناوەندی جوولەکەکاندا رۆڵی هەبووە و لە نێوان ئارژانتین و رێژیمی ئێراندا رێکەوتن کراوە کە چاوپۆشی لەو کردەوە تێرۆریستییە بکەن.
تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین ئەو کردەوەی تێرۆریستییەیە کە رێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاوی، کە لەو رووداوەدا ٨٥ هاووڵاتیی جولەکە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.
پاش ئەم رووداوە تێرۆریستییە، رێژیمی ئێران ٣ جار لەلایەن دەوڵەتی ئارژانتین بە تۆمەتی دەستێوەردان لەو رووداوە مەحکووم کراوە.

پاش ١٣ ساڵ لەم رووداوە تێرۆریستییەی ئامیا، دادوەری گشتی ئارژانتین خوازیاری حوکمی دەستبەسەرکردنی ٩ کەس وەک عەلی‌ئەکبەری هاشمیی رەفسنجانی و عەلی‌ئەکبەری ویلایەتی لەلایەن پۆلیسی نێونەتەوەیی بڕایەوە و ئینتێرپۆلیش ٦ کەس لەم کەسانەی وەک عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی کاتی رێژیمی ئیسلامی)، موحسێن رەزایی (فەرماندەی کاتی گشتی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی)، ئەحمەدرەزا ئەسغەری (سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین)، ئەحمەد وەحیدی (فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران)، موحسێن رەبانی (راوێژکاری فەرهەنگی پێشووی باڵوێزخانەی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئارژانتین) و عوماد مەغنییە (بەرپرسی کاتی ستادی ئوپراسیۆنی تایبەتی حیزبوواڵـڵای لوبنان)حکوومی دەستبەسەرکردنی دەرکردن.

ئاویەر.ت