کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی ئێران

17:43 - 26 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لە دووتۆی بەیاننامەیەکدا، لە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێران، پشتیوانیی خۆی دەربڕی.

دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست،مامۆستایان و قوتابیان!

هەر وەک ئاگادارن، مامۆستایانی چالاک و هەڵسووری بواری سینفی پەروەردە و فێرکردن، بە مەبەستی دەستەبەربوونی ماف و داخوازییەکانیان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەو دۆخە قەیراناوییەی کە پرسی پەروەردەی خستۆتە ژێر مەترسییەوە، داوایان لە سەرجەم مامۆستایان و دەرسوێژانی وڵات کردووە کە رۆژەکانی ٣٠ی بەفرانبار و ١ی رێبەندان دەست بدەنە مانگرتنێکی سەرتاسەری و لە چوون بۆ سەر کلاسەکانی دەرس خۆ بپارێزن.

ئەمرۆ بە هۆی نەبوونی عەداڵەت و بەرابەری لە کۆمەڵگای ئێراندا و قورخ کردنی کاکڵی ئابووری نەتەوەیی ئێران لەلایەن مافیاکانی سپای پاسدارانەوە، گوشارەکان بۆ سەر چینی هەژار و مام ناوەندی روویان لە زیادبوون کردووە. لەلایەک قوتابیانی ئێمە هیچ بەهرەیەکی ئەوتۆ لە مافەکانی خوێندن وەرناگرن و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو بڕە مووچەیەی کە مامۆستایان وەریدەگرن، ناتوانێ وەڵامدەری بەڕێوەبردنی ژیانی ئاسایی و دابین کردنی خەرجەکانی رۆژانەیان بێ. جێبەجێ کردنی نیزامی یەکدەستی مووچەی تێکڕای کارمەندانی دەوڵەت، وەک ویستی رەوای مامۆستایان زیاتر لە ٢ دەیەیە کە پێداگری لە سەر دەکرێ، بەڵام مخابن هەر جارەی لە ژێر ناوێکی فێڵاوی یان بە بیانوویەکی نوێ، داواکارانی ئەم مافە رەوایە تەفرە دەدەن و لە درێژەی کارەکانیان ساردیان دەکەنەوە.

هاونیشتمانە بەڕێزەکان!

هەروەک دەزانن، بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی نێونەتەوەیی، دابەشکردنی ناعادڵانەی بوودجە و ئیختیلاسی میلیاردی دەست و پەیوەندەکانیان ناتوانن سەرانەی قوتابخانەکان دابین بکەن، هەر بۆیە بە شێوازی جۆراوجۆر دەستی یارمەتی بۆ لای ئێوە درێژ دەکەن. یارمەتی ماڵی بە قوتابخانەی سیستمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مانای یارمەتی دان بەو دەزگا سەرکوتکەرەیە کە گرووپە تێرۆریستەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی حەساونەتەوە و رۆژ نیە گیانی ژمارەیەک لە رۆڵە خۆشەویست و مافخوازەکانمان بە پەتی سێدارەوە نەکا.

دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی ئێران گەرچی بە رواڵەت بانگەشەی بە خۆڕایی بوونی پرسی خوێندن دەکا، بەڵام لە راستیدا بە شێوازێکی نایاسایی و بە دوور لە پێوەرە ناوخۆیی و نێونەتەوییەکان قورسایی خەرجی خوێندنی خستۆتە سەر شانی بنەماڵەکان. نیزامی سەرەرۆ و ستەمکاری هەنووکەیی ئێران بۆ ئەم مەبەستەش تاقمێک مودیر و کارمەندی بێ ئیرادەی ناوچەیی کردۆتە بەرپرسی کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵی و لە رێگەی ئەوانەوە هەوڵ دەدا رووی راستەقینە کردەوە چەوتەکانی بشارێتەوە.

مامۆستایانی دادپەروەر و خۆڕاگر!

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، پشتیوانی خۆی لە هەموو مافە سینفییەکانتان دەردەبڕێ کە هەندێکیان بریتین لە:
*یەکدست کردنی مووچەی تێکڕای کارمەندانی دەوڵەت
*سەرو سامان دان بە بارودۆخی نالەباری بیمەی دەرمانی
*هاوئاهەنگ کردنی مووچە سەبارەت بە نرخی تەوەڕووم
*پەرداختی مووچەی یەک مانگ مەرەخسی ساڵیانە
*پێدانی مافی مووچەی نەوار مەرزی کە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەگرێتەوە
*لابردنی کەش و هەوای ئەمنیەتی لە خوێندنگاکان
*چاکسازی سیستمی نەخۆشی مودیریەت
*چاکسازی لە پرۆسەی خانەنشینی وەک باقی کارمەندانی دەوڵەت
*رخساندنی هەڵی چالاکی پیشەیی بە مەبەستی دربڕینی بیروڕای جیاواز
*رێز گرتن لە کولتوور، زمان و ئایینی جیاواز

خەڵکی مافخوازی کوردستان!

با نەهێڵین حکومەتی کۆماری سێدارە لەوە زیاتر مافەکانمان پێشێل بکا. ئەگەر ئێمە بۆ خۆمان سنوورێک بۆ جینایەتەکانی بەرپرسانی رێژیم دیاری نەکەین، بە دڵنیایی، ئەوان هیچ سنوورێکیان بۆ زەوت کردنی سامانی مادی و مەعنەوی گەلی کورد بە دەستەوە نیە. ئامانجەکانی سیستمی ئیدیۆلۆژیکی ئاخوندە دنیا پەرەستەکان، جگە لەوەی کە رێگە بە گەشەی قوتابیان لە باری کولتوور، مێژوو، جۆگرافی و کۆمەڵایەتی نادەن، بەڵکوو بەردەوام هەوڵی توانەوە و چەواشەکاریان دەدەن.

لە ناوچە سوننی نشینەکان دام و دەزگاکانی رێژیم بۆ فریودانی بیروڕای گشتی، ئەگەرچی باسی نەبوونی جیاوازی لە نێوان شیعە و سوننی دێننە گۆڕێ، بەڵام لە مەیدانی کردەوەدا مامۆستایان و قوتابیانی سوننی مەزهەب هیچ مافێکی ئەوتۆیان نادرێتێ. نوێترین بەڵگەش مامۆستا فەریدە بەهاری، مامۆستای وەرزشی شاری بانەیە کە بە هۆی پایبەند نەبوون بە ویلایەتی فەقیهـ و باوەرمەند بوون بە مەکتەبی قورئان لە سەر کارەکەی دەرکرا.

مامۆستایان، قوتابیان، دایکان و باوکانی نیشتمان پەروەر!

ئێستا کە مامۆستایانی خەمخۆر و دڵسۆزی بواری پەروەردی ،بڕیاری مانگرتنی سەرتاسەرییان داوە و بۆ ٢ رۆژ لە چوون بۆ سەر کلاسی دەرسی قوتابیان خۆ دەبوێرن، پێویستیان بە پشتگیری هەمەلایەنەی خەڵک و کۆمەڵگاکەی خۆیان هەیە. پشتیوانی کردن لە هەڵوێستی بوێرانەی مامۆستایان، پشتیوانی کردنە لە ویست و داخوازی قوتابی و بنەماڵەکانیان، هەر بۆیە مامۆستایان چاوەڕوانیان لە قوتابی و بنەماڵەکان هەیە لەو رۆژە هەستیارەدا پشتیان چۆڵ نەکەن و هاورێیان بن. ئێمه‌وەک یەکیەتیی پیشەی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، لە سەر ئەو باوەڕەین کە هۆکاری بنەڕه‌تی قه‌یرانه‌کان بۆچه‌شنی بیرکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زاڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا ده‌گه‌رێتەوە.‌

لە کۆتایی دا، ئێمە بە گشتی دەمانهەوێ دەسەڵات ئاگادار بکەینەوە‌کە که‌ره‌سه‌ی خوێندن بۆ قوتابیان ومووچه‌ی پێویست بۆ مامۆستاکان دابین بکا. بە پێی ئەزموونی رابردوو شیمانەی ئەوەش دەکرێ کە نەحکومەت هەنگاوی پێویست بنێ و نه‌کێشه‌کانیش چارەسەر بکرێن. بەڵام ئێمه‌وه‌ک یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران،به‌هه‌ست کردن به‌ئه‌رکی نیشتمانی وپیشه‌ییمان، بانگەوازی یەکگرتوویی دەکەین و بە پشت‌بەستن بە رێکخستنی خه‌باتی پیشه‌یی و رێکخراوه‌یی، بەرەو پتەو کردنی بنه‌ماکانی خه‌باتی مه‌ده‌نی هەنگاو دەنێین.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
به‌فرانبارى ١٣٩٣ی هەتاوی