کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانیی ژنان پاش ٣٨ ساڵ لە پەسندکردن لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان + وتووێژ

21:20 - 16 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی کوردستان میدیا سەبارەت بە ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان، وتووێژێکی پێک هێناوە.
ژنانی جیهان لە ٨ی مارسی هەموو ساڵێکدا وێڕای رێزگرتن لە خەبات و دەسکەوتەکانیان، بەبێ لە بەرچاو‌گرتنی جیاوازییەکان هەوڵی دابین‌کردنی مافە زەوتکراوەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا دەدەن.

مێژووی رۆژی‌جیهانیی ژنان بۆ ساڵی ١٨٥٧ی زایینی دەگەڕێتەوە، لەو ساڵەدا هەزاران ژن لە شاری‌نیویۆرک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کۆمەڵێک داواکارییەوە هاتنە سەرشەقامەکان و بەرەوڕووی وەڵامدانەوەیەکی‌نەشیاوی پۆلیس بوونەوە.

مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆپیشاندەران هەموو ساڵێک بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا بەردەوام بوو هەتا رۆژی ٨ی مارسی ١٩٠٧ی زایینی بۆ جارێکی دیکە ژنانی ئەمریکا بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر \'\'١٠ کاتژمێر کاری رۆژانە\'\' خۆپیشاندانیان کرد و ساڵیک دواتر واتە ساڵی ١٩٠٨ ژنانی ئەمریکا وێڕای ئەوەی کە نانی \'\'وشک و گوڵ\'\'یان پێ بوو، بە کۆمەڵێک داواکاریی نوێوە وەکوو \'\'کەمکردنەوەیکاتی کارکردن، دوورخستنەوەی منداڵان لە ناوەندەکانی کارکردن و مافی دەنگدانی ژنان\'\' هاتنەوە سەر شەقامەکان.

لە کۆنگرەی نێونەتەوەی سوسیالیستەکان کەلە ساڵی ١٩١٠ لە کۆپنهاک، پایتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو \'\'کەڵارا زتکین سەربە حیزبی سوسیال دێموکراتەکانی ئەڵمان، رۆژی ٨ی مارسی بۆ روژی خەباتی ژنان لە سەراسەری جیهان پیشنیار کرد و لەلایەن کۆنگرەوە پەسند کرا و لەساڵی ١٩٧٧ی زایینی رێکخراوی‌نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو رۆژەی بەفەرمی ناساند.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا سەبارەت بە ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان، وتووێژێکی لەگەڵ فاتم عوسمانی، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شنە خاڵدار، ئەندامی بەڕیوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حەلیمە قادری، چالاکی مافی ژنان پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

کوردستان میدیا: ئەگەر دەکرێت کورتە باسیک لە سەر میژووی ٨ی مارس و ره‌نگدانەوەی ئەوە روژه لە نێوان ژنانی کورد بە تایبەتی روژهەڵاتی کوردستان بکەن ؟

10358.jpg
شنە خاڵدار

شنە خاڵدار: بەر لە هەموو شتێک پیرۆزبایی رۆژی ٨ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەتی دەکەم. ئاواتە خوازم ژنانی شۆڕشگیر و تێکۆشەری رێگای ئازادی و رزگاری بەرهەمی خەبات و بەرخۆدانی خۆیان ببینن و لە جیهانێکی بێ زووڵم و ستەمدا ئاڵای بەردەوامیی ژیان هەڵبدەن.

دیاریکردنی رۆژی ٨ی مارس وەک رۆژی ژنان بۆ ئەو فاکتەرە دەگەرێتەوە کە لە ساڵی ١٨٧٥ی زایینیدا ژنە کرێکارەکانی کارگەی رستن‌ چنین لە شاری نیۆیۆرک – ئەمریکا لە بەر کەمیی حەق دەستیان و کەمکردنەوەی سەعاتی کار خۆپیشاندانێکی گەورەیان وەرێخست، کە لەلایەن پۆلیسی ئەو شارە پێشی پێ گیرا و بەتوندی سەرکوت کرا و لە ئاکامدا ژمارەیەک ژنی تێکۆشەر گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
هەروەها دیاریکردنی رۆژی نێودەوڵەتیی ژنان بۆ یەکەمجار لەلایەن کلارا زتکین لە کۆنفراسێکی ژنان کە لە ساڵی ١٩١٠ی زایینی لە کۆپنهاگن بەڕێوە چوو زیاتر لە ١٠٠ ژن و پیاو و لە ١٧ وڵاتی جیاجیا بەشدارییان کردبوو.
و لە ساڵی ١٩٧٨ی زایینی رۆژی ٨ی مارس بە رۆژی نیودەوڵەتی ژنان تۆمارکرا و هەموو ساڵێ لەم رۆژەدا بە چالاکی جۆراوجۆر یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە، ژنانی کوردستانیش شان‌‌بەشانی ژنانی جیهان رێز لەو رۆژە دەگرن و چالاکی تایبەت بەو رۆژە دەکەن.
کوردستان میدیا: دەتوانن بەراوردیک بکەن لە نیوان ساڵی٩٢ و ٩٣ واتە لە نێوان ٨ی مارسی ٢٠١٣ تا ٢٠١٤ و ٨ی مارسی ٢٠١٤ تا ٢٠١٥ سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی کوردستان لە رووی کومەڵایەتییەوە، پێتان وایە دەستەبەربوونی مافی ژنان لە ساڵی رابردوودا بە بەروارد لەگەڵ ساڵی پێشوتر هیچ بەرەوپێش چوونێکی بووە، ئایا ئەگەر بوویەتی هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێننەوە و ئەگەریش نەیبووە هۆکارەکەی چییە کە سەرەڕای ئەو هەوڵانە کە رێکخراوەکانی ژنان دەڵێن داومانه هیچ پێشڕەفتێک نابینرێت؟

10359.jpg
حەلیمە قادری

حەلیمه قادری: هەر وەك روون و ئاشكرایە كە خەبات و تێكۆشانی مافخوازانە لە چوارچێوەی سیستەمێكی ئیدئۆلۆژیك و داخراوی وەكوو كۆماری ئیسلامیی ئێران كە دژی بەها مرۆییەكان و هەرچەشنە ئازادییەكی كومەڵایەتییە، لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەشدا نە تەنیا هیچ مافێك بۆ ژنان بەرچاو نەگیراوە، بەڵكوو ژن وەكوو كۆیلەیەك هەڵسووكەوتی لەگەڵدا دەكرێت، ئەستەم و دژوارە. لە وەها دۆخێكدا ژنانی كوردستان كە لە بواری نەتەوەیی و كەرامەتی ئینسانییەوە مافیان پێشل دەكرێت ئەركییان قورسترە. بەڵام سەرەرای بوونی سیستەمی دیكتاتۆر و دژی مرۆیی و دۆخی ئەمنی كوردستان، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو ژنانی كوردستان توانیویانە لە بوارەكانی داكۆكی كردن لە مافە رەواكانی خۆیان لە بۆنە جۆراوجۆرەكاندا چالاكتر بن و بە ئیرادەیەكی بەرزی مافخوازانەوە لە بوارەكانی فەرهەنگی، كولتووری، سیاسی و ژینگە پارێزی و ...هتد، ئەرك و تێكۆشانی خۆیان لە پێناو كۆمەڵگایەكی یەكسان و تەندروستدا بە جێ بگەێنن. رەچەشكێنی و چوونە سەری ئاستی هۆشیاری ژنانی كورد و هاتنیان بۆ نێو مەیدانی كار و سەربەخۆی ئابووری و پشت راستبوونییان بە ئیرادەی بەرز و گۆڕانخوازییان لەم ساڵانەی دواییدا، دەرخەری ئەو راستییەن.
کورستان میدیا: سەبارەت بە ئەو بەڵێنانەی کە دەوڵەتی رۆحانی بە ژنانی ئێران بەتایبەتی ژنانی کوردستانی داʿبە رای ئیوە تا چەند پابەندبوون و لە ئەو راستایە هەوڵی بۆ داوەʿ ئایا پێتان وایە کە بارودۆخی مافی ژنان لە ئێران پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی باشتر بووە؟

10360.jpg

فاتمە عوسمانی

فاتمە عوسمانی: مەسەلەی ژن لە ئێراندا و هەڵاواردنکاری لەو بوارەدا، بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، بە شێوەی سیستماتیک بووە و یاسا وبەرنامەکانی ئەو رێژیمە بواری لە باری بۆ ئەو شێوە هەڵسوکەوتە رەخساندووە و باوەڕێکی ئیدئۆلۆژیکی بەهێز لە پشت ئەو هەڵاواردنکارییە، بۆیە نەک هەر رۆحانی، هەر کەسایەتییەكی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە پۆستی رۆحانی دابێ، هەر چەند بەڵێنی بە ژنانی ئێران بدا، ئەو سیستمە بەو یاسا چەق بەستوانە رێگەی گۆڕانکاری پێ‌نادات، ئەوەی راستی هێنانە ئارای گۆڕانکاری بەو شێوەیە هەر لە باوەڕی رۆحانی و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامدا نییە.
کوردستان میدیا: ئێوە وەکو بەڕێوەبەری هەڵبژێردراوی کۆنگرەی نوێ یەکیەتی ژنان، تا چەندە بەرنامەتان هەیە بۆ راکێشانی روانگەی کۆمەڵگای جیهانی بۆ پرسی مافی ژنان لە کوردستان؟

عوسمانی: هەر رێکخراوێک لە بواری کاری خۆیدا،بەرنامەی کاری هەیە و دەبێ خۆشی بە بەرپرسیار بزانێ بەرامبەر بەو ئەرکەی وە ئەستۆی دەگرێ بۆیە یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە هەست کردن بەو بەرپرسیاریەتیە هەوڵی ئەوەیە کە کێشەکانی ژنان و هەڵاواردنکاری لەو بوارەدا بە شرۆڤەیەکی دروست و لۆژیکی لە قاو بدا و لەو پەیوەندییەشدا دەنگی ژنانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بە کۆمەڵگای جیهانی بگەییەنێ.
کوردستان میدیا: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات کەمتر دەستیان بە دنیای مەجازی و ئینتێرنێت رادەگات و ئێوەش وەک یەکیەتیی ژنان هیچ کارێکی مەیدانیتان ناتوانێ لە کوردستانی ئێراندا هەبێت، چ بەرنامەیەکتان بۆ نەهێشتنی ئەو کێشەیە هەیە و ئایا پێتان وایە دەتوانن هیچ کاریگەرییەکتان هەبێت، ئەگەر دەتانبێت لە چ رێگایەکەوە دەبێت؟

حەلیمه قادری: ئێمە وەكوو یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە هەر رێگایەكی پێویست بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ ژنانی كوردستان و ئەنجام دانی چالاكی لە نێو خۆی كوردستاندا كەڵك وەردەگرین. هەوڵ دەدەین كە لە رێگای ئامرازەكانی پەیوەندی و ئۆرگانیزە كردنی ژنانی چالاك و دیاری نێو كۆمەڵگای كوردستان، رێكخستنەكانمان لە نێوخۆی كوردستاندا بەهێز بكەین و دەور و چالاكییەكانمان بە شێوەیەكی بەرچاوتر لە رابردوو بەڕێوەی ببەین. یەكیەتی ژنان هەوڵ دەدا كە لە رێگای هاوئاهەنگیی لەگەڵ بزووتنەوەی فەعالی ژنان لە نێو خۆی وڵات حزوورێكی ئەكتیڤ و بەردەوامی ببێت لە نێو كۆمەڵگا دا. كەڵك وەرگرتن لە ئامرازە پەیوەندیدارەكان و ئۆرگانیزەكردنی رێكخستنەكانی یەكیەتی ژنان لە نێوخو ئامانجی سەرەكی رێكخراوەكەمانە بۆ پەیوەندی بەردەوامان لەگەڵ ژنانی كوردستان.
کوردستان میدیا: پێتان وایە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمێکی رووتینی ساڵانە بەبۆنەی ٨ی مارس کە هەموو ساڵێک لەلایەن رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنانەوە لە کوردستان بەڕێوە دەچن هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر پرسی دەستبەربوونی مافی ژنان لە کوردستان دەبێت؟! واتە لەم چەند ساڵەدا کە ئەو رێوڕەسمە بەڕێوەچووە دەتوانرێ بوترێت کە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەبووە؟!

شنە خاڵدار: دیارە ئەگەر بڵێین هیچ کاریگەریەکی نیە دەبێتە روانگەیەکی نالۆژیک و رەشبینی. دیارە کاریگەری دەکرێ بڵیم وەبیر هێنانەوەی ئەو رۆژەیە و هەروەها خوێندەنەوەی پەیامی رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنانە.
بەراستی ئەگەر بە دیدێکی دیکەوە بڕوانینە ئەو رۆژە چالاکی ژنانی کورد رێوڕەسمەکانی پەیوەندیدار بەو رۆژە بە داخەوە هیچ کاریگەرێکی ئەو تۆی لەسەر کۆمەڵگا بە گشتی و تاکەکان نەبووە. بۆیە دەکری یاد و بەرز راگرتنی ٨ی مارس لەورۆژەدا ویستەکانی هاوبەشی ژنان رابگەیەنن و داوای بکەن و وشیارکردنەوە و پێشاندانی یەکگرتنی ریزەکانیان بۆ بە دەستهینانی مەبەست لەم رێگەیەدا دووبارە بکەنەوە.

راپۆرت و وتووێژ: ژوان.ک