کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوور بوونی سێناتۆرەکانی ئامریکا لەسەر قورستر کردنی گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران

14:40 - 28 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: رابرت مێنندز، سێناتۆری حیزبی دێموکراتی ئامریکا و جان بینر وتەبێژی مەجلیسی نوێنەرانی ئەم وڵاتە لە گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران پشتیوانییان کرد.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، لە ئەگەری پەسند کردنی هەڕەشەی باراک ئوباما سەرکۆماری ئامریکا بۆ ڤیتۆکردنی گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێڕان لەلایەن کۆنگرەی ئامریکاوە، دژ کردەوەی سێناتۆرەکانی کۆنگرەی ئامریکای بەدواوە دەبێت.

رابرت مێنندز، سێناتۆری حیزبی دێموکراتی ئامریکا، کە لە هاوحیزبییەکانی سەرکۆماری ئامریکایە، دوابەدوای هەڕەشەی ئوباما بۆ ڤیتۆ کردنی گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، لەمەڕ پەسند کردنی لەلایەن کۆنگرەوە، جەختی کردەوە کە دەبێت دوورەدیمەنی گەمارۆ ئابوورییەکان کە هەتا مانگی پووشپەڕی داهاتوو پەسند ناکردرێت لەبەر چاو بگیردرێت، پشتیوانی خۆ لە قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران راگەیاند.

بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان، هەڕەشەی ئووباما بە ڤیتۆ کردنی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران دژ کردەوەی چەند کەس لە یاسادانانی ئامریکایی پێوشوێنەوە بووە.

کون مەک‌کارتی، رێبەری زۆریینەی کۆماریخوازانی ئامریکا لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا رایگەیاندووە کە هەست دەکات باراک ئووباما لە قسەکانیدا بە ئەو سووکایەتیی کردووە.

هەروەها، جان بینێر، وتەبێژی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا رۆژی هەینی، بە هەڕەشەی ئووباما بۆ ڤیتۆکردن بێ نرخ وەسف کرد و رایگەیاند: کۆنگرە بە هەڕەشەی ڤیتۆی گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لە کردەوەی خۆی دەست هەڵناگرێت.

جان بینر لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن ماڵپەڕی کۆنگرەی ئامریکاوە بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاندوە کە رێژیمی ئێران دەسەڵاتێکی رێکخەری و بڵاوکەرەوەی تێرۆریزمە کە پێشینەی تۆقێنەری لە بواری مافی مرۆڤدا هەیە و ئوباما لە سەر دانووستانە ناوکییەکان وەها پابەندە کە دەڵێت قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکان ڤیتۆ دەکات.

باراک ئوباما، رێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە پەسند کردنی گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لە کۆنگرە، ڤیتۆ دەکردرێت.

دارشتنی گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لەلایەن کۆنگرەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتر کۆشکی سپی چەند جار هوشداری داوە کە ئەو جۆرە کردەوانە لە بەرانبەر دانوستانە ناوکییەکاندا بەربەست دروست دەکات.

سووربوونی باراک ئوباما و کۆشکی سپی لە سەر دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە پاش کۆتایی هاتنی دوایین خولی دانووستانە ناوکییەکان لە ژێنێڤ، هەواڵدەریی رۆیترز بە وتەی دیپلۆماتی رۆژئاوایی نزیک بە دانووستانەکان، نووسیویەتی: ئێرانییەکان ئێستا هەوڵی پێویستیان بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی باش نەداوە. هەستی من ئەوەیە کە بارودۆخ ئاڵوگۆڕی بە سەردا نەهاتوە و ئێستا لە رێکەوتنی ناوکی، دوورین.

راپۆرتە بڵاو کراوەکان باس لەوە دەکەن کە لە دژکردەوەی کۆنگرەی ئامریکا بۆ قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی رێژیم، خۆی بۆ بەرهەڵستکاریی گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران ئامادە دەکات.

محەممەد حەسەن ئاسەفەری، رایگەیاند کە لە ئەگەری قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکاوە، گەڵاڵەی پیتاندنی لە سەدا ٦٠ی ئورانیۆم لە ئێران، کە لەلایەن ٢٠٥ نوێنەری مەجلیسی رێژیم ئامادە کراوە، بە مەجلیس دەدرێت.

هەڕەشەی رێژیمی ئێران بۆ بەڕێوە بردنی گەڵاڵەی پیتاندنی لە سەدا ٦٠ لە حاڵێکدایە کە گرووپی ١+٥ نیسبەت بە پیتاندنی لە سەدا ٢٠ لە ئێران ناڕەزایەتی دەربڕیوە.

چەند رۆژ پێشتریش، فرانسووا ئولاند، راگرتنی پیتاندنی لە سەدا ٢٠ی ئورانیۆم، کونترۆڵی نێودەوڵەتی بەسەر تەواوی دامەزراوەکانی ناوکی ئێران، دابەزینی پیتاندنی ئورانیۆم و راگرتنی دامەزراوەکانی ئاوی قورسی ئەراکی وەک سەرەکیترین مەرجی پاریس بۆ پشتیوانی لە رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی راگەیاند.