کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرە ئامریکاییەکان لە هەوڵی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی رێژیمی ئێرانن

20:24 - 25 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسی کۆمیسیۆنی پەیوەندیی دەرەوەی مەجلیسی سێنای ئامریکا هەواڵی بەرەو پێش چووونی گەڵالەی قورستر کردنی گەمارۆکان بۆ کۆنگرە لەلایەن دوو سێناتۆری کۆماریخواز و دێموکراتەوە، بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیترز، سێناتۆر باب کراکر، بەرپرسی کۆمیسیۆنی پەیوەندیی دەرەوەی مەجلیسی سێنای ئامریکا رایگەیاندووە کە مارک کرێک سناتۆری کۆماریخواز و رابرت مێنندز سێناتۆری دێموکرات، بۆ قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران گەڵاڵەیەکی تایبەت دادەرێژن.

ئەم دوو سێناتۆرە کە گەڵاڵەی پێشووی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێرانیان داڕشتبوو؛ هەنووکە دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ئەم گەڵاڵەیە دادەڕێژن کە لە ئەگەری بەئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان هەتا رێکەوتی ١٠ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بۆ قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکان دژی رێژیمی ئێران بە کۆنگرە دەدرێت.

دارشتنی گەڵاڵە بۆ قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لەلایەن کۆنگرەی ئامریکاوە لە حاڵێکدایە کە پێشتریش کۆشکی سپی هەڕەشەی کردووە کە ئەم جۆرە کردەوانە لەوانەیە پێش بە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران بگرێت.

مارک کرێک و رابرت مێنندز جەختیان کردووە کە سەرەڕای گەڵاڵەی دارێژراو بۆ کۆنگرە لە هەمبەر قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، لە هەوڵی ئەوەدان کە لە یاسای نوێدا، هەر جۆرە رێکەوتنێکی تایبەت بە بەرنامەی ناوکی ئێران، ببەستنەوە بە بڕیاری کۆنگرەوە.

ئەم دوو سێناتۆرە، دێسامبری ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێرانیان ئامادە کردووە، بەڵام زۆرینەی دێموکراتی مەجلیسی سێنا دەنگیان بەم گەڵاڵەیە نەداوە.

ئێستا بە سەرنجدان بە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی ئامریکا کە کۆماریخوازان زۆرینەی دەنگیان بەدەست هێنا کە لە رەخنە گرانی سیاسەتیی دەوڵەتی ئووباما لە بەرانبەری رێژیمی ئێران بوون، ئەگەری قورستر بوونی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی ئێران زۆرترە.

ئێستا کۆماریخوازان بە ٥٤ کورسی، لە بەرانبەر ٤٦ کورسی دێموکراتەکان، زۆرینەی مەجلیسی سێنای ئامریکایان بەدەست هێناوە.

پێشتریش مارک کرێک، سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی فاکس نیوز رایگەیاندبوو کە لەگەڵ چەند سێناتۆری دێموکراتی ئامریکا و زۆرینەی کۆماریخوازانی کۆنگرە بڕیاری یەکلایی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران کە ٦٧ دەنگی ئەرینی لەگەڵە، بەڕێوەیە.