کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری یەکێک لە تاوانبارانی دۆسیەی میکۆنوس بۆ ئاڵمان

14:04 - 30 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: عەلی فەلاحییان، یەکێک لە گومان لێکراوانی دۆسیەی میکۆنوس، سەرەڕای قەدەغە بوونی چوونە ناوەوەی بۆ ئاڵمان، بۆ ئەو وڵاتە سەفەری کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، عەلی فەلاحییان، وەزیری پێشووی دەزگای هەواڵگریی رێژیمی ئیسلامی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ حەفتەنامەی پەنجەرە وێڕای قەدەغە بوونی چوونی بۆ چەند وڵاتی ئۆرووپایی وەک ئاڵمان ئەوەی خستنەڕوو کە سەردانی وڵاتی ئاڵمانی کردووە و ئەوەیشی زیاد کرد کە ئاگربەستی هەواڵگریی نێوان ئاڵمان لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی دەستی پێکردووە.

عەلی فەلاحییان، کە پاش تیرۆری میکۆنوس، لەگەڵ هاشمی رەفسنجانی، سەرکۆمار، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، وەزیری دەرەوە و عەلی خامنەیی، رێبەری رێژیمی ئیسلامی لەلایەن دادگایەک لە ئاڵمان مەحکووم کران و حوکمی دەستبەسەر کردنیان بڕابووەوە، سەبارەت بە سەفەری بۆ ئاڵمان و دەستبەسەر نەکردنی خۆی رایگەیاندووە: بەڵام کاتێک کە ئێمە میوان بین، ئیتر خۆ نایەن ئێمە دەستبەسەر بکەن.

وەزیری پیشووی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێسلامیی ئێران هەروەها سەبارەت بە دەستبەسەر نەکردنی خۆی لەلایەن پولیسی ئاڵمانەوە رایگەیاندوە کە بەهۆی ئەوەی کە رێژیمی ئێران لە نووسینگەی سەدری ئەعزەم سەرچاوەیەکی هەواڵگریی هەبووە و دەوڵەتی ئاڵمان نەیویستووە کە سیستمی دژە سیخوڕیی ئەوان بکەوێتە ژێر پرسیار، بڕیاریان دا کە لەگەڵ ئێران ئاگربەستی هەواڵگری بکەن و دژی ئێران نەجووڵێنەوە.

کردەوەی تیرۆری میکۆنوس، رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ ١٧ی سپتامبری ١٩٩٢ی زایینی، لە رێستورانی میکۆنوس لە برلین، پێتەختی ئاڵمان رووی دا.

لە ئەم کردەوە تیرۆریستییەدا، دوکتور شەرەفکەندی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هومایون ئەردەڵان، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئورووپا و نووری دێهکوردی شەهید کران.

لەم پەیوەندییەدا، عەلی فەلاحییان، وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی، یەکێک لەو کەسانەیە کە سەبارەت بە دۆسیەی کردەوەی تیرۆریستی ئامیایش لەلایەن دادگای ئارژانتین حوکمی دەستبەسەر کردنی بۆ دەرکراوە.
تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین ئەو کردەوەی تێرۆریستییەیە کە رێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاوی روویدا کە تیایدا ٨٥ هاووڵاتیی جولەکە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

پاش ١٣ ساڵ لەم رووداوە تێرۆریستییەی ئامیا، دادوەری گشتی ئارژانتین خوازیاری حوکمی دەستبەسەرکردنی ٩ کەس وەک عەلی‌ئەکبەری هاشمیی رەفسنجانی و عەلی‌ئەکبەری ویلایەتی لەلایەن پۆلیسی نێونەتەوەیی بڕایەوە و ئینتێرپۆلیش ٦ کەس لەم کەسانەی وەک عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی کاتی رێژیمی ئیسلامی)، موحسێن رەزایی (فەرماندەی کاتی گشتی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی)، ئەحمەدرەزا ئەسغەری (سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین)، ئەحمەد وەحیدی (فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران)، موحسێن رەبانی (راوێژکاری فەرهەنگی پێشووی باڵوێزخانەی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئارژانتین) و عوماد مەغنییە (بەرپرسی کاتی ستادی ئوپراسیۆنی تایبەتی حیزبوواڵـڵای لوبنان)حکوومی دەستبەسەرکردنی دەرکردن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ساڵی رابردوویش، محەممەد جەعفەری سەحرارودی، سەرەڕای حوکمی نێودەوڵەتی دەستبەسەر کردنی لەلایەن پۆلیسی ئینتێر پۆل بەهۆی تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەن لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، بۆ ئورووپا سەفەری کردووە و دەستبەسەر نەکراوە.

بیست و دووی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لەگەڵ عەبدوڵـڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ رەسوڵ لە سەر میزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی رێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ پرسی نەتەوەی کوردی کوردستانی ئێران لە ڤییەن تیرۆر کرا.

ئاویەر.ت