کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شووڕای ئەمنییەت بارمتەی وڵاتی ڕووسیەیە

14:44 - 25 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: دانیشتنەکانی شووڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر پرسی تاقیکردنەوەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بێ ئاکام مایەوە.

دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دژکردەوەی کۆمەڵگای جیهانی و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ، شووڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، بڕیار داربوو کە گەمارۆی ئابووریی زیاتر دژ بە ڕێژیمی ئێران پەسند بکەن، کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە تاقیکردنەوەی مووشەکە بالستیکەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە، بەڵام لەو دانیشتنەدا ڕووسیه پشتیوانی لە ڕێژیمی ئێران کرد و بێ ئاکام کۆتایی پێهات.

نوێنەری ڕووسیه لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە ، ئێمە ڕێککەوتووین کە ئەو کردەوەی ڕێژیمی ئێران پێشێکردنی بڕیارنامە نیە.

شووڕای ئەمنییەت ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمە لە سەر داواکاریی ئامریکا بۆ تاوتوێکردنی تاقیکردنەوەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا.

ئامریکا ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێران ناسەقامگیر و تێکدەرانە وەسف دەکات.

پێشتر سامانتا نوێنەری ئامریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان پاوێر جەختی کردبووە کە تاقیکردنەوەی مووشەکی لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە دەبێ ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، هەوڵی بێ هێزکردن و لاوازکردنی توانای مووشەکی ڕێژیمی ئێران بدەین.

هەر لەو پەیوەندییەدا و ڕۆژێک دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران عەباس عێڕاقچی ڕایگەیاند کە، توانایی مووشەکی ئێران و تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانە کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە درووست کراون، وڵاتانی ڕۆژئاوایی ناچار کرد کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانووستان بکەن.

بڕیارنامەی ٢٢٣١ کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ٥+١ دا واژوو کراوە باس لەوە دەکات کە، لە ڕۆژی واژووکردنی بڕیارنامەکە تا ٨ ساڵ دواتری، کۆماری ئیسلامی مافی ئەوەی نییە کە هەر چەشنە چالاکییەک لە پەیوەندی لەگەڵ مووشەکی بالستیک ئەنجام بدات کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەبێت.