کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەرزەكانی دەوڵەتی ڕوحانی گەیشتە ٣٨٠ هەزار میلیارد تمەن

15:17 - 25 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: دوایین هەواڵە حكومەتیەكان باس لە بونی لانیكەم ٣٨٠ هەزار میلیارد تمەنی دەوڵەتی تەدبیر و ئۆمید بە بانكەكان و بەڵێندەرەكان دەكەن.

ڕۆژنامەی جهان صنعت لە نوێترین ژمارەی خۆیدا بڵاوی كردەوە، هەرچەند تا ئێستا ڕێژەیەكی دیار لە قەرزەكانی دەوڵەت بە نادیاری ماوەتەوە بەڵام بەپێی دوایین ئامارەكان هەنووكە دەوڵەت بڕی ٣٨٠ هەزار میلیارد تمەن قەرزدارە. ئەمەش لە حاڵێكدایە كە پێشتر عەلی تەیب نیا، وەزیری كاروباری ئابوریی و دارایی ڕایگەیاندبوو كە دەوڵەت ٢٥٠ هەزار میلیارد تمەن قەرزدارە و عەبباس ئاخووندی، وەزیری ڕێگەوبانیش باسی لە ١٠٠ میلیارد دۆلار قەرزی دەوڵەت كردبوو.

بەپێی دوایین ڕاپۆرت و هەواڵەكانی پێوەندیدار، دەوڵەت بڕی زیاتر لە ١٠٠ هەزار میلیارد تمەن بە بانكەكان، زیاتر لە ٩٠ هەزار میلیارد تمەن بە بەڵێندەران و زیاتر لە ٩٠ هەزار میلیارد تمەنیش بە ڕێكخراوی تامین اجتماعی قەرزدارە.

دوابەدوای چەسپاندنی گەمارۆ نێونەتەوەییەكان لەدژی بەرنامەی گوماناویی ناوكی ئێران و پاڵپشتییە بەردەوامەكانی كۆماری ئیسلامی لە تێرۆریزم، دۆخی ئابوریی ئێران شڵەژانێكی بەخۆوە بینی كە بە وتەی كارناسان هۆكاری بەشێك لەم قەرزانەی دەوڵەت بۆ ئەو مەسەلە دەگەڕێتەوە و بەشێكی دیكەشی بەهۆی ناكارامەیی بەڕێوەبەرانی حكومەتی و گەندەڵییە داراییه‌كانەوە هاتوونەتە گۆڕێ‌.